به بۆنه‌ی ڕۆژی زمانی دایکی

شەماڵ ئیسماعیل پوور

دەبێ زمان لە ژیانی مرۆڤدا چ پێگە و جێگەیەکی هەبێ؟ ئاخۆ مرۆڤ بە بێ زمان چییە و چۆن پێناسە دەکرێ؟ مرۆڤ لە ڕێی زمانەوە پێوەندی درووست دەکات و هەڵسوکەوتی لە گەڵ جیهان دەبێت . ئەمە تەنیا قورسایی زمان نییە لە سەر ژیان، زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و تاقانەیە کە مرۆڤ دەخاتە پرۆسەی هەڵسوکەوتەوە. زمان تەنیا لە گۆڕەپانی پێوەندی نێوان مرۆڤەکاندا چالاک نییە، بەڵکوو ئیمکانی بیرکردنەوە دەڕەخسێنێ و دەبێتە هۆی  بیچم گرتنی کەسایەتی و درووست کردنی شوناسی کۆمەڵایەتی و تاکە کەسی و درووست بوونی کولتوور. زمان قەوارە بە چەمکی کۆمەڵی ئینسانی لە کۆمەڵگایەکی دیاردا دەبەخشێ. زۆر جار زمان لە وڵاتێکدا دەتوانێ یەکیەتی بە شارۆمەندان ببەخشێ.یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی نەتەوەیەک زمانە، هەر نەتەوەیەک بۆ ناسراوبوون پێویستی بە زمانێکی هاوبەش هەیە کە بەم زمانەوە بناسرێ. زمان ناسنامەی تاک و کۆمەڵگایە. خاڵی جیاوازی و جەمسەر و سنووری نێوان نەتەوەکان و ئێتنیکەکانە. وڵاتەکان پەرژین بە دەوری زماندا دەکێشن و خۆیان وەک کیانێکی سەربەخۆ ناودێر دەکەن.

ویتگنشتاین فەیلەسووفی هاوچەرخ دەڵێ: “زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی من”

یەکەم زمانێک کە منداڵ قسەی پێدەکات و فێری دەبێت و تەنانەت پێش لە دایکبوون لە هەلپەزی دایکیدا لە گەڵی ئاشنا دەبێتەوە، زمانی زگماکییە. ئەو زمانەی کە منداڵ لە قۆناغی قەیراندا فێری دەبێت . قۆناغی قەیران ئەو قۆناغەیە کە لە سەرەتای لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات و تا کاتی بیچم گرتنی دەنگی قورگ درێژە دەکێشێ. بەم هۆیەش ناویان ناوە زگماکی یان زمانی دایکی کە دایکەکان بۆ خێرا فێربوونی منداڵەکانیان زمانیان زۆر ساکار دەکەنەوە و بە ئاسانترین شێوەی گونجاو لە گەڵ منداڵەکانیان دەدوێن. ئەم زمانە لە کاتی منداڵیدا دەسکەفتە دەبێ و جیاواز لە زمانێکە کە منداڵ دواتر فێری دەبێ. مندال تەنیا بە زمانی دایکی ، جیهانی دەوروبەری خۆی دەناسێ و باسی دەکات.

ئێستا ئەم زمانە کە ئاوا لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا گرینگە، لە سیستەمی پەروەردەشدا سەد هێندە گرینگترە. کاتێک لە قوتابخانەدا لەم زمانە بێبەش کرا، بە باشی فێر نابێ و تووشی دژبوون و بێ دەسەڵاتی و سەرلێشێواوی دەبێ. بێبەش کردنی منداڵ لە زمانی زگماکی لە ڕاستیدا جۆرێک دایک کوژییە کە تا بڵێی پڕ ژان و خەفەتهێنەرە.

ئەو منداڵانەی کە لە خوێندندا لە زمانی زگماکی کەڵک وەردەگرن، دەتوانن لە توانای هۆشی خۆیان بەهرە ببەن و لە جێی فێربوونی وشەی زمانێکی تر ، بچنە جیهانی زانستەکانەوە. منداڵێ کە لە قوتابخانە لە زمانی زگماکی بێبەش بکرێ، هێوری خۆی لە دەست دەدات و پەشۆکاوی بە سەریدا زاڵ دەبێت.

کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگا نەیانتوانی لە ساڵانی خویندن لە قوتابخانەدا لە زمانی زگماکی خۆیان کەڵک وەربگرن ، کە گەورە بوون خۆیان لەم زمانە بە دوور دەگرن و لە باری بیر و ئەندێشەوە بێهێز دەبن و کەسایەتییەکی  خەسار وێکەوتوویان لێ درووست دەبێ و خودی زمانەکەش لە گەشە و نەشە دەکەوێ و ناتوانێ وڵامدەری زانستەکانی سەردەم بێت. کەوابوو خەمساردی لە ئاست زمانی زگماکیی نەتەوەیەک پێشێل کردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە و تێکدانی شوناسی ڕاستەقینەی گەلێکە.

برچسب ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن