جەلال مەلەکشا قەڵەمێکی پڕ هاوار

 

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران هەر ئەو کاتانەی کە بێ کتێبی چاپ کراو و بێ بەرهەمی به کتێب کراو دەبێته ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئیران، نیشانه و هێمایه بۆ چالاکی و ئەکتیڤ بوونی جەلالی مەلەکشا. ئەو شاعیر و نووسەرەی که ئێستا یەکێک له قەڵەمه پڕ هاوارەکانی گەلی کورده. جەلالی مەلەکشا له دوو بواری شیعر و چیرۆکدا بەرهەمی هەیه، وەکوو بۆ خۆی دەڵێ ئەو کاتانەی توانیویەتی به وشەی سێحراوی و کورت و پرهەست مەبەستی خۆی دەرببڕێ چۆته هەواری شێعرەوه و کاتێکیش به بابەته دوور و درێژ و ئاو هەڵگرەکانەوه خەریک بووه، له چوار چێوەی چیرۆکدا خۆی دیتۆتەوه. ئەو پێی وایه بۆ نووسینێکی پتەو چیرۆک شیاوتره.

 

مامۆستا جەلال بۆ ئەخلاق و دەردی خەڵک و ئازادی کۆمەڵگا دەنووسێ. شاعیرێکی ئازار دیتووه. هەمیشه ئازار بەشێک له ژیانی داگیر کردووه. تەنانەت ئەو کەسانەی که له نزیکیشەوه نەیناسن به بەرهه مەکانیدا پەی بەو ئازارانه دەبەن و هەستی دەکەن. جەلالی مەلەکشا شاعیری عەشق و مێهرەبانییه، قەلەمێکی عاشقه و هەرگیز بۆ نان و ناو هەڵنەسووڕاوه. ئەو دەڵێ مرۆڤەکان یان عاشقن یان بازرگان. بۆ خۆی ئاشقێکی بێ بەراتی ئاو و خاک و نیشتمانه. سەوداسەرێکی کەم وێنەیه؛ شەڵاڵی خوناوی سپێدەی ئەوین؛ رێبوار ئاستەنگە ڕێ و دەروێشی خانەقای خۆشەویستی. له نێو ئەو هەموو خوێن و شەڕ و نائارامی و بێ بەشی و خانەخەرابییەدا، له دووی ئاشتی وێڵە و ئاشتیخوازێکی لاشەڕه. هەر وەک خۆی دەڵێ لەم کۆتاییانەدا له فەلسەفەیەکی قوڵی ژیان ڕۆچووه و زۆرتر باس له مەرگ و ژیان دەکا. له شێعری هەتا لووتکه چەندی ماوەدا خۆی وەک سێزیف دێته بەرچاو و لە رەنجێکی ئەبەدی دەدوێ. ئەو رەنجەی که مرۆڤ بەردەوام  بۆ به لووتکه گەییشتن به گیان کڕیویەتی.

 

ئەم شاعیر و نووسەرە مەزنە ماوەی سێزدە ساڵ ئەندامی نووسەرانی گۆڤاری سروە  بووە و وەک ڕۆژنامەوانێکی لێزان خزمەتی بە فەرهەنگ و ڕۆشنبیری گەلەکەی کردووە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا لە گەڵ هاوکارانی لە سروەدا ، مامۆستای قوتابخانەیەک بوون کە سەدان لاوی کوردیان پێگەیاند و شۆڕشێکی فەرهەنگی بەرچاویان هێنا ئاراوە. ئەم خزمەتە هێندە بەرچاوە کە بۆ هەتاهەتایە ناوی جەلالی مەلەکشا بە بەرۆکی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە دەمێنێ.

 

جەلالی مەلەکشا شاعیرێکی زۆر خوێندەواره و له زۆربەی ئەفسانه و ئوستوورەکان دەزانێ. زۆربەی ئەو زانستانه له شێعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوه. بەشیک له شێعرەکانیشی ئاوێنەی تراژدیای عەشقن . ئەو عەشقەی که شاعیر هەرگیز سڵی لێ نەکردووە . مامۆستا جەلال هەمیشە بۆ خزمەت و فەرهەنگی خۆی دەروەست و خاوەنی دڵێکی گەورە بووە . ئەم دڵه گەورەیه ئێستا به ئازار و دەردی نەخوشییەوه دەتلێتەوه و له داوێنی ئاویەری وەک خۆیدا دیسان چاوی له لووتکەیه و بەردەوام دەپرسێ تا لووتکه چەندی ماوه؟ خۆزگا زایەڵەی دەنگی پێی مەرگ، له داڵانی دلییەوه نەیەت و هەنگاو هەنگاو بگاته لووتکه.

 

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن