زمانی دایکی، دەروازەی گواستنەوەی فەرهەنگ و بەهاکانە

وریا غەفووری| نووسه ر

ڕۆژی ٢١ی شوبات یان دووی ڕەشەمە لە لایەن یوونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دەستنیشان کراوە. بێ‌گومان دیاری کردنی ڕۆژێکی جیهانی بۆ زمانی دایکی، گرنگیی ئەم بابەتە بەرجەستەتر دەکات.

٢١ی شوباتی ١٩٥٢ کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆکانی داکا پایتەختی ئێستای بەنگلادش، کە ئەو کات ژێردەستەی پاکستان بوو و بە پاکستانی ڕۆژهەڵات دەناسرا، لە بەرانبەر زاڵ و سەردەستی کردنی زمانی ئوردوو وەک زمانی فەرمی دام و دەزگاکانی حکوومەت و زمانی خوێندن لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا، ڕێپێوانێکی ئارامیان ئەنجام دا، بەڵام پۆلیسی پاکستان ڕووبەڕوویان وەستا و تەقەی لێیان کرد و لە ئەنجامدا ١١ خوێندکار گیانیان بەخت کرد. پاش سەربەخۆ بوونی بەنگلادش لە پاکستان و لە سەر داوای ئەم وڵاتە، یوونسکۆ ساڵی ١٩٩٩ ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناساند و داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد کە ڕێز لە زمانی دایکی بگرن.

لە ڕووی زانستییەوە بۆ ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بوونی زمانەکان دەکەن، زیاتر باس لە دوو پێوەر دەکرێت؛ پێوەری کریستاڵ و پێوەری فیشمەن. کە هەر کام لەمانە چەندین قۆناغ بۆ ئەو زمانانەی مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، دیاری دەکەن. دیارە لێرەدا لەم ڕۆژهەڵاتی جیهانەدا ناتوانین باسەکەمان بەم پێوەرانە و قۆناغە دیاریکراوەکانیان بپێوین و ناچارین باس لە جۆرێکی دی لە هەڕەشە بکەین کە زیاتر تایبەتی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتە و لە کەمتر شوێنێکی جیهاندا ئەم شێوە ڕەفتار و هەڵسوکەوتە لەگەڵ ئەتن و زمانی جیا لە ئەتن و زمانی سەردەست، بە دی دەکرێت.

لێرە لە ڕۆژهەڵات، مۆدێڕنیزاسیۆن بە دەوڵەت –نەتەوەکانەوە دەست پێدەکات و ئەم دەوڵەت-نەتەوانە، سەرکەوتنی خۆیان لە یەک‌دەست کردن و یەکسان کردنی کۆمەڵگادا دەبیننەوە و سیاسەتە کورت‌خایەن و درێژخایەنەکانیان بە پێی ئەوە دادەڕێژن و یەکەم هەنگاوی ئەم کارەش بە نکۆڵی و سڕینەوەی فرەکولتوری و هێنانی هەموو بۆ ژێر چەتر یەک ئەتن کە دواتر دەبێتەوە نەتەوە سەردەست دەبینن. هەربۆیەش لێرە و بۆ ئەوان ئەوەی هەیە “ئێمە”یە و دەبێ “ئێوە” و “ئەوان”ەکان بە هەموو شێوەیەک بسڕدرێنەوە. کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست لێرە ئاوا دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێ.

سڕینەوەی هەموو بوونەکان و بە “ئێمە” کردنیان تاکە تایبەتمەندی هەموو دەوڵەت-نەتەوە تازە دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی جیهانە. ئیدی کەسێک نییە بیر بکاتەوە کە ئاخۆ سڕینەوەی دیکەی کولتوور و ئەتن و زمانەکان، کام دەرد لەم وڵاتە نەمەییوانە دەرمان دەکا، جگە لەوەی کە دەیان دەردی بە دەردە کۆنەکانیان زیاد کردووە. ئاخۆ نکۆڵی لە بوونی کەم نەتەوە و نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی خاکێک کە پێدەچی هاوبەش بێت، ئێستاشی لەگەڵ بێ کام دەردی لێیان دەرمان کردووە یان کەم کردووەتەوە. ئاخۆ ئەگەر بە مودێڕن بوون لە سەر بنەمای فرەکولتووری و فرە نەتەوە دابمەرزابا، پێگەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی جیهان، ئەمەی ئێستا دەبوو. دروست بوونی سەدان شەڕی خوێناوی لە ناوچەکە و بەفێڕۆ دانی سامانی ناوچەکە بۆ سەرکوت کردنی هەرچی سەرهەڵدەر و مافخوازه، چ خەسارێکی قەرەبوو هەڵنەگری لە سەرجەم خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵات بە نەتەوەی سەردەستیشەوە داوە؟

ئاخۆ قازانجی ئەم شێوە ڕەفتارە کە ئێستا بووەتە ستراتیژی بەشێکی زۆری دەوڵەتانی ناوچەکە، چی بووە و گیرفانی کێ چووە؟ باشه ڕێگە پێدانی یاسایی بۆ خوێندن و نووسین به زمانی دایکی کام خەساری قەرەبووهەڵنەگر لە کام دەسەڵاتی دسپۆتی ناوچەکە دەدات کە ئێستاشی لەگەڵ بێ لانیکەم سەد ساڵە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت و هێشتاش هیچ کەس خەیاڵی کۆتایی هێنانی بەم ڕەوتە نییە.

هەرچەندە ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەوێت و یاداشتێکی کورتی لەم شێوە، دەرفەتی باس کردن لە سەرجەم لایەن و ڕەهەندەکانی بابەتەکەمان پێنادات، بەڵام با کورتی ببڕینەوە؛ بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، بەردەوام کردنی ئەم ڕەفتارە بە ناو سیاسییە، جگە لە ناتێگەیشتن یان هەڵەتێگەیشتنێک لە بابەتەکە، هیچی دی نییە و سووربوون لە سەر درێژەدان بەم ڕەفتارە، سووربوونە لە سەر بەفیڕۆدانی سامانی زیاتر و بەردەوام بوونی شەڕ و خوێنڕشتنی بە ناحەق.

نووسەر: وریا غەفووری

برچسب ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن