هەشتی مارس و ئەکتی پەیوەست بە بارودۆخەکان

چنور فتحی| فعال حوزه زنان

هەشتی مارس ڕۆژێکە کە ژنانی جیهان بێ لە بەرچاو گرتنی پەیوەستبوونیان بە بیر و باوەڕ، ڕێباز یان نەتەوە و نیژادێکی تایبەت، بەهەلێکی دەزانن بۆ بیرکردنەوە لە دەستکەوت و سەرکەوتنیان لە بوارە جیاجیاکاندا. لە ڕاستیدا ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بە سەر هەوڵەکان، داواکاری و مشتومڕ و خواستەکانی پێشوو بە مەبەستی ئاوەڵاکردنی بوار و بەستێنی نوێ بۆ کاراکردنی توانا و بەهرەکانی ژنانی بەرەی داهاتوو و نەهێشتی لەمپەرەکانی سەر ڕێگای پێشکەوتنیان لەم جیهانە خێرا و بگۆڕەدا. دەکرێ بڵێین دەستپێکی درووستبوونی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، سەرەتا لە هەناوی چالاکیی ناڕەزایەتی دەربڕینی ژنانی کرێکاری سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ئەمریکای باکوور و ئورووپای ڕۆژهەڵاتەوە بیچمی گرت. ئەم ڕۆژە سەرەتا وەک ڕووداوێکی سیاسی سوسیالیستی دەرکەوت و دواتر وەک یادکردنەوەیەکی کلتووری لە زۆر شوێنی جیهاندا هاتە بینین و بەجەژن کردن. بەڵام هەنووکەش، بە پێی بارودۆخ، لە گەلێک شوێن و وڵاتدا  تەوەری سیاسی و ڕووکردی مافی مرۆڤانەی خۆی، کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، پاراستووە و هیوای وشیاریی هەردەم ڕوو لە زیادبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە مەڕ خەبات و چالاکییەکانی ژنان دەکاتە دیاری.

نووسین لە سەر ڕۆژی جیهانیی ژن و پیرۆز کردنی هەرچەند کە من نووسەری بۆنەیی نیم و کەمتر لە بۆنە و موناسبەتەکاندا بابەتێکم نووسیوە، بەڵام ئێستا کە بەگشتی پانتایی کاریی خۆم وەک نوووسەر و تەنانەت وەرگێڕیش دەسنیشان کردووە و دەکرێ بڵێین دیاری‌کردنێکی خۆوشیاریش نا بەڵکوو بەری هەست‌کردن بە پێویستیی ئەم جۆرە نووسینانە بووە، بابەتێکی ڕاکێشەر و تایبەتە. ئەوەی نکوولی لێ ناکرێت بزووتنەوەی جیهانیی ڕوو لە گەشەی ژنان، کە بە بەستنی چوار کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژنان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەکتیڤتر بووە، لە گۆڕینی ڕۆژی جیهانیی ژن بۆ هاندانی ژنان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە نایەکسانییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەورێکی گرنگی گێڕاوە. بەڵام ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیبینین بەداخەوە زەقکردنەوەی ڕەهەندی کولتووریی ئەم ڕۆژەیە لە لایەن پیاوانەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە بۆنەیەک بۆ دەربڕین و نیشاندانی ئەشقی خۆیان بە هاوسەرەکانیان و کردوویانە بە ئاوێتەیەک لە ڕۆژی دایک و ڕۆژی ئەشق و هتد. هەروەک باسکرا، زۆر باش دەبێت گەر ئەم ڕۆژە بەپێی بارودۆخەکان هەوڵی بۆ بدرێت و لە هەر شوێنێک هاوئاسۆ لەگەڵ کێشە و گرفتە یەکەمینەکانی ئەو کۆمەڵگا یاخود دەسنیشان‌کردنی ئەو کێشانە و خەسارناسیی پێوەندیدارەوە پێشوازیی لەم ڕۆژە بکرێت تاوەکوو ببێت بە زایەڵەی خواست و ویستەکانی ژنان بۆ هەنگاو هەڵگرتن بەرەو ئاقاری ئەکتی بوێرانە و ئیرادەی بەهێز.

هەوڵە فیکرییەکانی ژنان لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک پێسرپێکتیڤی تازەی بە ڕووی زانستی مرۆییدا کردۆتەوە و گەلێک پرس و تەوەری جیددیی گەڵاڵە کردووە، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین هەنووکە زانستی فیمینیزم بە بزۆزترین و زیندووترین قوتابخانەی سەردەم دێتە ئەژمار. ئەوەی سەبارەت بە زانستەکانی پەیوست بە ژنانەوە شیاوی سەرنج و لێکدانەوەیە ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەم زانیاری و مەعریفانە کە هەریەک ڕەگیان لە ناو زانستێکی دیکەدا داکوتاوە و بەجۆرێک حاشاهەڵنەگر پەلیان بۆ سەرجەمی لقەکان هاویشتووە، لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی ژنانەوە سەرچاوەیان گرتووە. واتا توێژینەوە لە ژیانی ئاساییان بۆتە ئاخێزگەیەکی مەعریفەیی بەرین. هەر بۆ نموونە یەک لە کتێبە گرنگەکانThe Feminine Mystique پاش لێکدانەوە ئەو نامانەی بۆ ژنانی دەرچووی زانکۆکانی ئەمریکا لە لایەن بێتی فریدان‌ەوە هاتە نووسین. واتا بە کورتی توێژینەوە و لێکدانەوەیەکی مەیدانی و ئاماری لەم بوارەدا یارمەتیی زۆر بە تیۆرڤان و نووسەران دەگەیەنێت. لێرەدا مەبەستم باسکردن بوو لە یەکێک لە خەسارەکانی میکانیزمی ئەم تەوەرە. لە کوردستان، ئەوەندەی من ئاگادار بم، کاری ئاماری و مەیدانی زۆر زۆر بەدەگمەن و تەنانەت لە ئاستی نەبووندایە. توێژینەوەیەک کە بپەرژێتە سەر چۆنێتیی تێپەڕبوونی ژیانی ژن و کچانی کوود، لە هەست و ویستەکانیان بپرسێت، پێوەندییە کۆمەڵایەتی و کاری و خێزانی و سۆزدارییەکانیان لێکبداتەوە، لە هۆکارەکانی نایەکسانیی ناو کۆمەڵگا بگەڕێت، تیشک بخاتە سەر قڵەشی نێوان نەوەکان و…، هەربۆیە لە نەبوونی ئەم چەشنە توێژینەوانەدا بەرهەمهێنانی فیکری و ئەندێشەیی ئەوتۆش بوونی نابێت. بزووتنەوەیەک لە مانای ڕاستی وشەدا بونی نیە، لێرە هیچ ناوەندێکی ڕەسمی و ناڕەسمی تەنانەت لە چوارچێوەی کەناڵێکی تێلێگرامیدا لە ئارادا نییە، کۆمەڵێک زاراوە و دەستەوشەی سەر بەم هەرێمە زانستی و مەیدانییە هەیە هێشتا لای کورد تەنانەت جێگە و پێگەی ڕاستەقینەی نییە، ئێستا چۆن چاوەڕان بین بە کردەوەیی ببن؟! بەم دواییانە لە تاران و زۆربەی شارە فارسەکانی ئێراندا دیاردەی “کچانی خیابانی انقلاب” سەریهەڵداوە لێرەدا تەنها دەڵێم ئەوەی کە کچێک ڕوسەرییەکەی بە لقێکەوە دەکات و دەچێتە بەرزاییەک و دەوەستێ، ڕەگی لە کاری زۆر و هەمەلایەنەدایە. بە دەیان ساڵە کچان و ژنانی تاران بە پێشەنگایەتیی چالاکانی دیاری خۆیان لەم ڕێگادا خەبات دەکەن. کەم ژنی خوێندەواری خاوەن پلەی بەرزی زانستی هەیە خۆی لە کێشە و گرفتەکانی ژنان لابدات. هەر لە بەستنی کۆر و کۆنفڕانسی مانگانە و حەفتانەوە بۆ کاری جیددی لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا و وەستان بەرامبەر بە ئاستەنگی و گوشارەکان بە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاگەیاندننامە، نموونەی سەرکەوتووی ئەو بزووتنەوەیە. هەر ئەوەی کە کەناڵێکی تێلێگرام هەیە و تەنها ئەرکی ئەوەیە بە سەردێڕی “ژنان لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکاندا” دەرگایەکی نوێ لە ئاگادارکردنەوەی بەردەنگەکانی بکاتەوە، نموونەی بەرزی وەسفەکانمانە. زۆرم پێخۆشە بزانم لە شار و شارۆچکەکانی ئێمەدا وەکوو کورد، بە هەموو ڕەهەند و ماناکانیەوە، ساڵانە چەند کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت بەم بوارە دەبەسترێت، ئاخۆ ناوەندێکی سەربەخۆ هەیە لە سەر جیهانی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا چڕ ببێتەوە و لە تایبەتمەندییەکانیان بدوێ، ئەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چۆناوچۆن هەست بە بەرپرسیارێتی کراوە و چۆن توانا و ئێنێرژیی ئەم ژنە داهێنەرانە، بە مانای پڕ بە پێستی وشە، بەرەو ئاقاری ئاگاداری و یەکسانی ڕێنمایی کراوە؟ بە کورتی بە هیوای ڕۆژێک کە کێشەکان و شێوازی ژیانی کچ و ژنانی کورد، هەر ئەوەندەی ئیلهام‌بەخشی شاعیرەکانمانە، ئەوەندەش ئیلهام‌بەخشی کاری ئەندێشەیی قووڵ و بە پراکتیک‌کردنی کارا بێت.

نووسەر: چنوور فەتحی

برچسب ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن