واکاوی لە پێوەندی لە گەڵ پێوەر گرتنی بەرژەوەنی گشتی خەڵک سەرکەوتوو بووە

باس لە شوێندانەری ڕاگەیاندن، بە هەموو شێوەکانی لە سەر ژیانی کۆمەڵگا زۆر کراوە و بیستراوە ئەویش بە مێتۆدی جۆراوجۆر و لە گۆشە نیگای جیاوازەوە. هەر دەسەڵاتەو خوێندنەوەی خۆی هەیە بۆ پێناسە کردنی ڕاگەیاندن و دیاری کردنی ئەو هێڵانەی لە بازنەی ئەودا ڕاگەیاندن دەتوانێ چالاکی بکات.

هەر بەم پێیەیش ئێستا کۆمەڵگای جیهانی بینەری جۆرەها بەستێنی ڕاگەیاندنە کە لەودا ڕاگەیاندن و ڕاگەیێنکاران بە پێی پانتایی بازنەکان خەریکی چالاکین. دەکرێ ئەو پانتاییە بە سەر دوو بەشدا کەرت بکرێ بەشی پانتایی ڕاگەیاندنی ئازاد و بەشی ڕاگەیاندنی بەرتەسک. قورسایی کاری ڕاگەیاندن لە سەر ژیانی ڕاگەیێنکاران و ئەرکەکانیان لە کەرتی ئازاد کە لەودا بنەماکانی دێمۆکڕاسی پێوەرە بە نیسبەت قورسایی و کارتێکەری ڕاگەیاندن لە سەر ژیانی ئەوان لە کەرتی پانتایی بەرتەسک و سنووردار زۆر کەمترە. ئەمنییەتی پیشەیی لە بورای دابین کردنی ئازادی ڕادەربڕێن و تەنانەت دابین کردنی تێچووی ژیان بۆ وێنە لە وڵاتێکی ڕۆژئاوایی بۆ دەستگایەکی ڕاگەیاندن بە ڕاگەیێنکارانیشیەوە لە ئاستێکی بەرز دایە. ئەگەر نەمانەوێ لە بایەخی کاری ئەوان کەم کەینەوە و تەنیا وەک هەڵسەنگاندنێک بۆ بارگرانی کاری ڕاگەیێنکاری لەو دوو بەستێنەدا(ئازاد و بەرتەسک) بیدرکێنین دەتوانین بڵەین کاری ڕاگەیاندن لەو پانتاییانەی بەرتەسک و بە شێوەی خواستی دەسەڵاتی زاڵ، سنووردارە، هونەرە!

لێرەوە دەمەوێ بە پێی ئەو بەراوەرد کارییە بڵێم، دەستگای ڕاگەیاندنی واکاوی کە بێگومان بەستێنی چالاکی بۆ ئەو و دیکەی دەستگاکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتی ئێمە دەچێتە کەرتی بەستێنی بەرتەسک و سنووردار، چالاکانە و هەڵسووڕ پەرژاوەتە سەر کاری ڕاگەیاندن و زۆر جاریش قامکی بۆکونی هێڵە سوورەکانی، چاوسوورکردنەوەکانی بەرپرسانی شار بردووە و بەر زەبری چزووی تۆڵەی نابەرپرسیارەتییەکان کەوتووە.

بۆ هەموومان ڕوونە ڕاگرتنی هاوسەنگی چاوەڕوانی، لە کۆمەڵگایەک کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی زۆرتر چاوەنواڕی پێداهەڵگوتن و پەردەپۆش کردنی کەم و کووڕیەکانە و هاوکات هێزی بەدەستە!، لە گەڵ جەماوەرێ کە بە هەموو شێوەیەک لە ئاست ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بێ متمانە بوون و گوشاری ناکارامەیی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئەوان بڕستی لێبڕیون و کون بە کون بەدوای مەجالێک بۆ دەربڕێنی دەگەڕێن، کارێکی زۆر سەخت و هەزینەبەردارە. بە ڕای من واکاوی لەم ململێیانەدا زۆر کات ملی لە پەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی شار ساوییوە و لەوە نەترساوە کە نەکا بە پەتی هێزی ئەوان، هناسەی مجەوزی کاریەکەی لێ بنەبڕ بکرێ.

ئاستی خۆشەویستی و ڕاکێشانی هزری جەماوەر بۆ دەستگاکانی ڕاگەیێنکار گرێدراوی سەربەخۆیی ئەوان بە تایبەتە و هەروەها بە تایبەت تر سەر بە خەڵک و بەرژەوەندی گشتییە. لای خەڵکی ئێمە ئەو دەنگۆ بە ناو جیاوازە سیاسیانە لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی وڵات ناسراون و بۆیان ڕوون بووەتەوە کە هیچ جیاوزییەک لە نێوانیاندا بوونی نییە و هەموو ئەوانە لە پێناو ڕچاو نەکردنی بەرژەوەندی گشتی خەڵک هاوبەش و هاوقەسەمن بۆیە چاوەنواڕن دەستگاکانی ڕاگەیێنکار لە ئاست ئەو ناوانە دوورەپەرێز بن و سنووری خۆیان بە هێڵی بەرژەوەندی ئەو لایەنانەوە گرێ نەدەن. واکاوی لە پێوەندی لە گەڵ پێوەر گرتنی بەرژەوەنی گشتی خەڵک سەرکەوتوو بووە. بەرجەستە کردنی ئازار و کەم و کووڕیەکانی خەڵک بە ڕوخساری دێڕ و وشە‌ی بابەتەکانی واکاوییەوە دیارە و جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

دکمه بازگشت به بالا