پەروەردە بە بێ زمانی زگماکی

لێدوانێکی کورت

پسپۆڕانی پەروەردە هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە باشترین و کامڵترین پەروەردە بۆ منداڵان ئەوەیە کە لە ڕێی زمانی زگماکییەوە بووبێ.
ئەو منداڵانەی بە زمانی زگماکی ناخوێنن؛ بۆ فێر بوون و پەروەردە بوون کۆمەڵێک کێشەی تایبەتیان هەیە. ئەوان دەبێ لە پێشدا زمانی مەبەست فێربن و بەشێکی زۆر لە ساڵانی خوێندن، لەباتی فێربوونی زانست و بەرەو پێشکەوتن چوون بە زمانی فەرمییەوە خۆ خەریک بکەن. پاشان کە وردەوردە زمانەکە فێر بوون، دەبێ لە زەین و مێشکیاندا زمانی فەرمی وەرگێڕنە سەر زمانی زگماکی و ئەوسا خۆیان بە فێربوونی زانستەوە ماندوو بکەن. واتە فێربوون و زانست بە بێ ئانقەست دەچێتە پلەی دووهەمەوە و جێی خۆی بە زمان و فێربوونی زمان دەبەخشێ.

بنچینە و شێوەی بیرکردنەوە لە زمانەوەیە. ئەو قوتابییانەی بە زمانی خۆیان ناخوێنن؛ بۆ بیرکردنەوەش تووشی گرفت دەبن. وەک دەڵێن زمان دایکی بیرکردنەوەیە. کاتێک کە منداڵ ناتوانێ لە داوێنی ئەو دایکەدا پێبگات، لە بیر و بیرمەندی دا هەتیو دەمێنێتەوە. لە فەلسەفەی شیکارانەدا زۆربەی لایەنگرانی ئەو قوتابخانەیە لە سەر ڕۆڵ و شوێنی زمان پێداگری دەکەن. جۆرج موور دەڵێ بۆ تێگەیشتن لە چەمک و بابەتە فەلسەفییەکان دەبێ زمانی ئاسایی خەڵک بکەنە پێوەر. لە خوێندن بە زمانی نازگماکی دا ئەوە بۆ منداڵی دووزمانە ناڕەخسێ و ناتوانێ بابەتە فکرییەکانی دەقە وانەییەکان بباتەوە سەر ئەو زمانە. ویتگنشتاینی دووهەم (ویتگنشتاینی دواتر)ش لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەوە خودی چەمکە دەبێ باس لە خوێ و مەبەستی خۆی بکات و مانا ببەخشێ. کەوابوو بە پێی وتەی ئەم بیرمەندە چەمکێک کە لە زمانێکی نەناسراوەوە هاتبێتە ئاخاوتن و بیرکردنەوەی منداڵەوە؛ ناتوانێ ڕووناکی بە بیر و زەینی منداڵ ببەخشێ و ببێتە هۆی تێگەیشتن.

سیستەمی پێوەندی لە ڕێی زمانەوە دادەمەزرێ و قوتابییەک نەتوانێ لە ڕێی زمانی دووهەمەوە خۆی لە جەغزی ئەم پێوەندییە باوێ؛ ناکارامە و سەرلێشێواو و دەستەوەستان دەمێنێتەوە. هەر بەم هۆیە لە نێوان قوتابی و مامۆستا و هەروەها قوتابی و کتێبە دەرسییەکاندا پێوەندییەکی ساغ و کارامە چێ نابێ.

مرۆڤ نیازەکانی خۆی لە ڕێی زمانەوە باس دەکات. زمانێک کە هێشتا ئاخاوتنی سادە و ڕۆژانەشی لێ فێرنەبووە؛ چۆن دەتوانێ نیازەکانی خۆی لە چوار چێوەی ئەو زمانەدا بگونجێنێ؟
چوونە سەرەوە و گەشەی پێوەندییە کۆمەڵاتییەکان لە ڕێی زمانەوە مسۆگەر دەکرێ. کە زمانی پەروەردە زمانی نادایکی و نەناسراو بۆ منداڵ بێت؛ ئەو گەشە و پێگەیشتووییەش دەکەوێتە بەر ڕەشەبای ناکامڵی و ناتەواوی و منداڵیش لە کۆمەڵگا و دەوروبەری دادەبڕێ.
گرینگترین کەرەسەی بەیان و نیشاندانی کەسایەتی زمانە. منداڵ هەرکات و سات و هەر ڕۆژێکی قوتابخانە پێویستی بە دەربڕینی هەست و سۆز و نیشاندانی کەسایەتی خۆی هەیە؛ چۆن دەتوانێ بە نیمچە زمانێکی تازە فێربوو ئەم کارە بکات؟

یەکێک لە گرینگترین ڕێبازەکانی خوێندن و قوتابخانە، گەیاندنی قوتابییە بە ئاستی وەسفی بابەتەکان و کردنەوەی گرێ پووچکەکانی ژیان. ئەو گرێ پووچکانەی کە دەیان سوغرا و کوبرای زمانی پێویستە و وەدەست هێنانی ئاکام و نەتیجه بەبێ زمانێکی تۆکمە و ڕەسەن نەشیاوه؛ گەیشتن بە ئامانج لەم بابەتەشەوە ئاستەمە.

بە سەرنجدان بە هەموو ئەو بابەت و فاکتۆرانەی کە لە سەرەوە هاتن؛ بەو قەناعەتە دەگەین کە پەروەردە لە نەبوونی زمانی زگماکی دا سەقت و ناتەواوە و ئەگەر بە بیانووی جۆراوجۆر خۆمان ڕازی کردووە و وەها پەوەردەیەکمان بە باش زانیوە، لە بەرانبەر زمانی زگماکی و قوتابیاندا هەستمان بە بەرپرسایەتی نەکردووە.
زمان دایکی بیرکردنەوەیە و هەر نەتەوەیەک ئەو کەرەسەیە بە نەوەکانییەوە نەهێڵێ؛ لە بیرکردنەوە بێ بەشە!

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن