یەکەم هەنار

ڕەخنەو و خوێندنەوە لە سەر شانۆی دوواهەمین هەنار لە دەرهێنانی "پەرویز ئەحمەدی"

کاوە ئاهەنگەر

شانۆ وەکوو کاری پیشەیی پێویستی به کۆمەڵێک هاوکاری پیشەیی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دەرهێنانی هونەری هەیە. دەرهێنەر ئەگەر تەنانەت لە تەواوی بەشەکانی کاری شانۆیی پسپۆری هەبێ لە ئەنجام دا وزە و توانای بۆ ڕێکخستنی تەواوەتی بەشەکان یانی دەرهێنەریی کۆتایی شانۆ پێ نامێنێ یا زۆر لاواز دەبێ. لە بروشوری ئەم کاره دەردەکەوێ دەرهێنەری دوواهەمین هەنار لانی کەم پێنج‌شەش کاری لە ئەستۆ بووە! دیارە مەبەستم لە ڕستنی ئەم ڕستانه ئەوەیە کە بەشێک لەو خەساره دەگەڕێتەوە بۆ پیشەیی‌نەبوونی شانۆ لەم جۆغڕافیایه.

پانیه‌ئاشیلی شانۆی دوواهەمین هەنار لە بەشی درهێنانی هونەری دا دەگەڕێتەوە بۆ گەڵاڵە‌داڕێژی سەحنه و گەڵاڵەی نور. پێکەوە ئاوێته‌بوونی ئەو دوو گەڵاڵەیە دەیتوانی لێکەوتەیی جوانی میزانسێنی ڕەخساندبا بۆ نواندنی کەسایەتیه سەرەکی و لاوەکییەکانی شانۆی بەرباس. بەکاربردنی داربەست وەکوو چوارچێوە بۆ گەڵاڵەداڕێژی سەحنه کێشەی نیه بەڵام وەکوو ئەنجامی سەرەکی گەڵاڵەداڕێژی خەساره بۆ شانۆ. بەرەوڕوو بوونەوەی بینەر لە سەرتاسەری شانۆ دەگەڵ ئەم پێکهاته سەرەتاییەی سەحنه دەبێته بەربەست بۆ باوەرپێکردن بە کەسایەتیەکان و شوێنی ڕووداوەکان. ئایا فەقەت دیالۆگی کەسایەتیەکان دەبێتە هۆی ئەوە کە بینەر و بەردەنگ باوەر بکا فڵان شوێن زیندانه؟ دیوارێک! میلەیەک! پەنجەرەیەک! یانی بینەر لە زەینی خۆی دا دەبێ سەحنه دوروست بکا؟ دەی کە وابێ ئەم شانۆنامەی بیستبا باشتر نەبوو؟ تەنانەت چاوی بەو داربەسته بێ‌کەڵکەش نەدەکەوت کە هیچ هێمای جوانی‌ناسانه و تەنانەت کارکردی نواندنی لێناکەوێ. جاری وایه ترسی کەوتنی لیستکوانەکان لە داربەست، بینەر لە بینینی نواندنی شانۆیی دادەبڕێ. ئایا بێ‌شوێن و بێ‌کات نیشان‌دانی تابلۆکانی دوابەدوای شانۆ ئەبزۆرده! ئایا ئەوە تەنیا پاساوێک بۆ نەبوونی گەڵاڵه نیه!

لە بەشی نواندنی لیستکوانەکان به هۆی پیشەیی‌بوونی زۆربەی دەورگێڕه سەرەکیەکان و هەڵبژاردن و فێرکاری پسپۆڕانەی دەورگێڕه تازه پێگەیشتووەکان، کار و کاردانەوەیەکی جوانی چاوەڕوان‌کراو بەدی دەکرێ.  دەوری ئافرەت لەم شانۆیە دا هەرچەند زۆر کەمە بەڵام بەشێکی بەرچاو لە لەنگەری کارەکەی ڕاگرتووه. هێمای هەنار دەتوانرا لەو بەشەی نواندن دا سەرنجی زۆرتری بدرایەتێ و دراماتۆژی لە سەر مەتنی شانۆنامه، دیالۆگ و کرداری کەسایەتی‌ناسانەی زۆرتری لێ‌بکەوتبا. ریتمی نواندن نیشان لە تەمرین و خۆپێوە‌ماندووکردنی لیستکوانانه. ئاکسێسوار و نور پیشەیی‌تر بووبایێ دەیتوانی دەوری لیستکوانان و میزانسێنی لەبارتر بۆ نواندنی ئەوان تەرخان بکا.

لە بارەی داڕشتنی فۆرم یا پێکهاتەی شانۆ، دەرهێنەر بە پێی تێگەیشتن و لێ‌وردبوونەوە لە شانۆنامه یا رۆمانێک که شانۆنامەکەی لێ وەرگیراوە، ژانرێک یا شێوەیەک بۆ نواندن هەڵدەبژێرێ. ساغ بوونەوەی دەهێنەر لە سەر ژانری دەرهێنانی شانۆ دەیتوانی یەکپارچەیی و دۆخێکی لەبار بۆ پێکەوە لکاندنی تابلۆ جیاجیاکانی ئەم کارە بڕەخسێنی. هەناوی ئەم کارە ڕەنگه هەڵگری ژانری وەکوو تراژێدی و ریئالیسم و ئەبزورد و مێلۆدرام و موزیکال و هەر ژانرێکی تری گونجاو بێ. تێکهەڵکێشکردنی چەند ژانر دەبێته تیغی دوولێو کە ئەگەر دەرهێنەر نەتوانێ مەبەستی خۆی بپێکێ، خودی کارەکە قوربانی دەکات. لێوردبوونەوەو هەڵێنجانی پێکهاتە بۆ نواندن، ئاستەمترین بەشی دەرهێنانه. لەم دوواهەمین هەنار هەست بەوە دەکرێ دەرهێنەر فۆرم و پێکهاتەی دەرهێنانی لە پێش دا ئاماده کردووه. مەبەستم ئەوەیە دەرهێنەر خۆی بەو بەشە زۆر ماندوو نەکردووە، شێوەیەکی تاقی‌کراوی خۆی له کارەکانی ڕابڕدوودا بە کار دێنێ کە کاتی خۆی شوێنی باشی لە سەر بینەری ئاسایی و پیشەەیی داناوە. مەرج نیه ئەو شێوە، لە کاری ئێستا و داهاتووی دەرهێنەر هەر ئەو شوێن‌دانەریەی ڕابردووی هەبێ ئەگەر توێژینەوەیەکی وردبینانه و گونجاوی لە سەر بابەتی شانۆیی نەکردبێ. پاش و پێش کردنی زۆربەی تابلۆکانی ئەم شانۆیه هیچ گرفتێک بۆ بینەر دوروست ناکا بەڵام ئالۆزی پێوە دیارە و یەکانگیری و یەکپارچەیی کار دەباته ژێر پرسیار. خاڵێکی تری بەرچاو کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی شانۆنامەکە که بریتیە لە خودی ڕۆمانی بەختیار عەلی، ئەوەیه که زۆر سەرەتایی لەو سێ هەنارە دەدوێن  کە وەکوو رەمزێک بۆ یەکتر دۆزینەوەی کەسایەتیەکان بە کاری دەهێنرێت، شێوەیەک کە لە فیلمه هیندیەکان، لەتە وێنە یا پلاک و یا هەر ئامرازێکی هاوبەش دەبێتە هۆی یەکتر دۆزینەوەی کەسایەتیەکان. دەکرا ئەو بەشە وەکوو خوازە و ئیستعارە، لێوردبوونەوەی زۆرتری لە سەر کرابا. دەرهێنەر وەکوو داهێنەری دووەم دەیتوانی شانۆنامەیەکی بەهێزتر لە ڕۆمانی ناوبراو بئافرێنێ. لانی کەم هەندێک ناسیاوی سرینەوە یا شی‌کردنەوەی قووڵتری کەسایەتیەکان دەیتوانی هێز و وزەی دەرهێنەر لە شانۆنامەنووسی باشتر دەربخا.

کێشەیەکی تری ئەم شانۆیه تایم و کاتی نواندنه. تێکهەڵکێشکردنی چەند ژانر سەرەکیترین هۆی ئەو درێژبوونەوەی کاتەیە. لە کارەکانی پێشووتری دەرهێنەر هەر ئەم ڕووداوه خولقا. هەڵبەت یەکانگیربوونی رێژەیی کارەکانی ڕابردوو ئەم بابەتەی وەکوو کێشه دەرنەدەخست. دیالۆگ‌تەوەربوونی شانۆ هۆی دووەمی ئەم ڕووداوەیە. چڕتر کردنەوەی دیالۆگەکان و جووڵە و  تابلۆکان دەتوانێ زەرباهەنگی شانۆ بباته ئاستێکی شیاوتر بۆ نواندن و سەرنج‌ڕاکێش‌تر کردن بۆ بینەر. بینەر کاتی بێ‌کۆتایی نیه، هاتووه هونەری نواندن ببینێ، باشترین کاتی خۆی تەرخان کردووە بۆ دیتن. هونەری دەرهێنەر ئەوەیە بتوانێ سەرنجی بینەر ئەوەندە بۆ لای شانۆ ڕابکێشێ که بینەر دووبارە و سێ‌بارە کات بۆ دیتنی یەک شانۆ تەرخان کا. بینەر هەست بکا کاتی خۆی کەم داناوە بۆ دیتن و لێتێگەیشتنی و ڕابواردن لە دونیای ناوازەی شانۆ. ڕووداوێکی وا تەنیا لە شانۆی داهێنەرانه بەدی دەکرێ.

 

 

 

 

 

برچسب ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کد امنیتی *

بستن
بستن