ئەمڕۆ لە مێژوودا؛ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا گۆران

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ۱۹۶۲ی زایینی «مامۆستا گۆران»، شاعیر و ڕۆژنامەوانی کورد کۆچی دوایی کرد.
عەبدوڵڵا بەگ کوڕی سڵێمان بەگ لە ساڵی ۱۹۰۴ی زایینی لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە. باوک و باپیری گۆران، لە شیعر و ئەدەبدا بەهرەیان بووە، بە تایبەت باپیری لە زمانی فارسیدا شارەزایی چاکی بووە بە کاتبی فارسی ناسراوە.
گۆران بۆ یەکەمجار لە ۱۹۲۵دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە دامەزراوە و هەروەها سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق بووە و دواتریش دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.
یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری گۆران سروشت و وەسفی جوانی سروشتە، وەک دەڵی:
پاییز! پاییز!
بووکی پرچ زهرد
من مات تۆ زیز
ههر دوو هاودهرد
من فرمێسکم ، تۆ بارانت
من هەناسهم، تۆ بای ساردت
من خهم، تۆ ههوری گریانت
دوایی نایە: دادم، دادت
ههرگیز، ههرگیز
پاییز! پاییز!
بەرهەمەکانی بریتین لە؛
بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠
سەرچاوەی ژیاننامهی گۆران: محەمەد مەلاکەریم