کورتەیەک لە ژیان و کارنامەی هونەرمەندی سەقزی خالید خاکی

خالیدخاکی، نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ و چالاکی بواری شانۆ بوو. یەکێک بوو لە کەسایەتییە چەندلایەنەکانی بواری کولتووریی شاری سەقز کە بەشێکی گرنگی ژیانی خۆی بەو ڕێگە تەرخان کرد.

خالید خاکی ساڵی ۱۳۳۶ی هەتاوی لە گوندی دایەسڵێمان، لە ناوچەی ساحێب لەدایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سەقز تەواو کرد و دواتر لە بەشی ئەدەبیاتی فارسی زانکۆی پەیامی نووری سەقز خوێندی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. ماوەیەکیش لە کۆمپانیای تەلەفۆنی سەقز کاری کرد.

چالاکییە کەلتوورییەکانی خاکی لە ساڵانی گەنجییەوە دەستی پێ کرد و شانۆ یەکێک بوو لە گرنگترین بوارەکانی چاڵاکییە هونەرییەکانی. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی گروپی شانۆی “شار”ی سەقز؛ گروپێک کە لە دەیەکانی ۱۳۵۰ و ۱۳۶۰، لە بواری هونەری شانۆ چالاک بوو و دواتر لەگەڵ چەند هاورێی بنیاتی شانۆی کوردیی “سەقز”یان داڕشت.

چاڵاکیی ئەدەبی خالید خاکی تەنها بە یەک بوارەوە سنووردار نەبوو. ئەو لە بواری چیرۆکی کورت، شیعر و وەرگێڕانیش کاری کرد و بەشێک لە بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی نووسراون. لەوانە کتێبی “نظری به کُردستان و دیداری با شاعران کُرد”ی بە زمانی فارسی لە چاپ دا. ساڵی ۱۳۸۰ “ئەفسانە”ی نیمایوشیجی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕا. ماوەیەک دواتر بیرەوەری و چیرۆکەکانی بەناوی ئایەرە ئایەرە” و پاشان چیرۆکی “خەج و …”ی بڵاو کردەوە.

یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەو چیرۆکی “سەیرانی سەیزان” بوو کە بڵاوکردنەوەی بۆ دوای مردنی نووسەر دواخرا. کتێبەکە لە ساڵی ۱۴۰۲ی هەتاوی لەلایەن چاپەمەنی گوتارەوە چاپ کرا.

خاکی تەنها بەرهەمهێنەری ئەدەبی نەبوو، بەڵکو لە بەڕێوەبردن و سازکردنی چاڵاکییە کەلتوورییەکانیشا ڕۆڵی هەبوو. لە ساڵی ۱۳۹۲ بەڕێوەبەری یەکەمین کۆڕی زانستی ـ ئەدەبی «دیداری هایکۆ» بوو؛ ئەم ڕووداوە بە هاوکاری ئەنجوومەنی ئەدەبی مەولەوی کوردی سەقز بەڕێوەچوو.

لە ساڵانی کۆتایی ژیانی، خاکی هاتە ناو بواری ڕۆژنامەوانیی کەلتوورییەوە و وەک بەرپرسیاری مانگنامەی «ساکار» چاڵاکی کرد. ئەم گۆڤارە باسی لە بابەتەکانی ئەدەب، شانۆ، هونەر، شیعر و پرسە کەلتوورییەکانی ناوچە دەکرد و بووە شوێنێک بۆ چاڵاکی نووسەران و هونەرمەندانی سەقز و دەوروبەری.

خالید خاکی ڕۆژی هەینی سێی خەرمانانی ۱۳۹۶ لە سەقز کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئایچی بەخاک سپێردرا.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا