ڕۆمانی «ئەلف/یا» ئەزموونێکی تازە – گەمەی زەمانی!
✍️ فەرهاد محەمەدجانی
نووسەری کورد لە ماوە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەزموون گەلێکی جیاواز و جۆرا و جۆری لە شێوەی گێڕانەوە تاقی کردوەتەوە. ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕن هەر چەند دێر بەڵام کاریگەریی لەسەر گێڕانەوەی کوردیش داناوە و ئێستا ئێمەیش بەهرەی لێ دەگرین. لەم بەرهەمەدا کە دەخرێتە بەر باس، نووسەر باس و دەنگۆیێک کە لەسەر دەسەڵات بووە و گۆیا ئەوان بە زەبری چەک و پارە مێژوویان نووسیوەتەوە، دەبووژێنێتەوە. یەکەم خاڵی گرنگ کە دەبێت ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە؛ نووسەر لە بیدایەتەوە دەستی خۆی بۆ خوێنەر دەکاتەوە و کاکڵی باسەکە دەخاتە ئاراوە. بۆیە لە کۆتاییدا بەردەنگ ڕووبەڕووی هیچ جۆرە داچڵەکانێک نابێت.
بەردەنگ وەکوو تەماشاچییێکی شانۆ قەیران و کەڵکەڵەی یووسف لە گەڵ ویژدانی خۆیدا سەیر دەکات. ئەم ڕۆمانە هەر چەند کە یەک ڕیتمی هەیە و تەنانەت بڕێکیش لە بیدایەتەوە ڕیتمێکی هێواشی هەیە، بەڵام سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت و تا کۆتایی بەری نادات! ڕەنگە هەر ئەو جۆرەی ئامێدی کارێکتێری سەرەکیی ڕۆمان بۆ بەردەنگ و داهاتوو ڕێز قایل دەبێت، نووسەریش دەیەوێ بەردەنگ مەحتەل نەکات و هەر لە دێڕی یەکەمەوە تووشی ئاڵۆزی و سەر لە شێواوی نەبێت، بۆچوون: ئەم شێوازە لە گێڕانەوە سەلیقەییە و ڕەنگە نبێتە خاڵێکی نەرێنی بۆ نووسەر. بە ڕای من، نووسەر ویستوویەتی تۆمەتی “پێوەندیی نەگرتنی خوێنەر بە دەقەوە” لە بەرهەمەکەی نەدرێت.
لە ڕۆمانی ڕەزا عەلیپووردا ئێمە ڕووبەڕووی دوو جۆرە گێڕانەوە دەبین. یەکەم؛ شەخسێکی حەقیقی بە نێوی یووسف کە بوونی هەیە و زیندووە و دووهەم کەسێکی بە نێوی ئامێدی کە لە زەمانێکی دیکەدا ژیاوە و دیالۆگەکانی هاوتەریب یووسف نووسراوە.
جێگای ئاماژەیە کە شێوەی نووسینی فاکنێر لە گێڕانەوەدا لەم دواترانەدا لە سەر نووسەری کورد کاریگەریی بووە. ئەم جۆرە گێڕانەوە بە تایبەت چونکوو تا ڕادەیێک ئەستەمە و بەردەنگ بە خێرایی ناتوانێ پێوەندیی پێوە بگرێ بووەتە باو. لەوەی کە ناوەرۆک کوردییە و بابەتێکی نوێیە و نووسەر زیرەکانە هەڵیبژاردووە شکێک نییە، بەڵام دەیتوانی جیا لە یووسف و ئامێدی بۆ کاراکتێرەکانی دیکەش هەر ئەو ورد بینییەی هەبێت. لە «ئەلف/یا» دا هەموو دێڕەکان هاتوونەتە خزمەت یووسف و دواتر ئامێدی. کاراکتێرەکانی دیکە یان باش ناناسرێن، یان ناسین و نەناسینیان کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر کولییەتی ڕۆمانەکەدا دانانێت. بۆ نموونە نەبوونی کاراکتێری هەر کام لە خوشکەکانی یووسف لەم ڕۆمانەدا هیچ خەسارێکی نەدەبوو. دیارە ئەمە بۆ منی بەردەنگ وا دەردەخا کە پەلە پەلێک بۆ تەواو بوون و کۆتایی پێ هێنان بە بەرهەمەکە بووە. بینەوە سەر ناوەرۆک؛ هەرچەند ماوەیەکی چەند سەد ساڵە لە نێوان یووسف و ئامێدیدا هەیە، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕدراوە، لێرەدا ئەرزشەی ئەخلاقی و باوەڕ بە ئەخلاق و لەسەر هێڵی دروستیی وەستان سەرەکییترین پەیامی نووسەرە. یانی نووسەر دەبێت ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ و بێ کەم و زیاد بگوێزێتەوە بۆ بەردەنگ.
کایەی بەردەنگ لێرەدا دەکەوێتە بەرچاو. بەردەنگی ئامێدی و یووسف لێک جیاواز نین. مەبەستی هەر دوو نووسەریش درکاندنی ڕاستییەکانە. لێرەدا دەر دەکەوێ ئێمە هێشتا لە گەڵ کێشەکانی چەند سەد ساڵ پێش نامۆ نین و هەمان کێشەمان هێشتا ماوە. مێژوونوسێک کە شێل گیرانە ڕاستییەکان دەردەخات و دەیەوێت بە هەر شێوەیێک بووە بە ئاشکرایی واقێعیەت بنووسێت و نووسەرێک کە دەیەوێت، ئەو واقێعیەتانە بکاتە دیالۆگ و گیان بخاتە بەریان! ئینجا ئەسڵی باسەکە دەکەوێتە ئەم بازنەوە. هەر وا کە ئاماژەم پێ کرد، دەستپێکی ڕۆمانەکە دەکرا جیاوازتر بێت. بەڵام بە بڕوای من وەکوو بەردەنگ، ئەم ڕۆمانە بەرهەمێکی سەرکەوتووە؛ ڕەنگە ئەگەر نووسەر زۆر زوو هەموو شتێکی نەخستبایێتە نێو ئاراوە شێوە گێڕانەوەی «ئەلف/یا» زۆر جیاوازتر دەبوو.