بە بیانووی دۆزینەوەی ژنێکی ۷۵ هەزار ساڵە لە شانەدەری کوردستان

چیرۆکی دوێنێی تۆ، مێژووی سبەی ئێمەیە

✍ ئیسماعیل شەمس

دوکتۆر دڵشاد زامووا مامۆستای کۆڕی کۆنینەناسیی زانکۆی سلێمانی، وێنەیەکی کە بیست ساڵ لەمەوپێش لە ژنێکی دانیشتووی ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان کێشاوە، لە تەنیشت وێنەی نۆژەنکراوی ژنێکی نیاندرتاڵی ۷۵ هەزار ساڵ بەر لە ئێستای، دانیشتووی ئەم ئەشکەوتەی داناوە و پرسیاری کردووە کە گەلۆ، لە نێوان ئەم دوو ژنەدا لێک‌چوونێک دەبیندرێت؟

من وڵامی ئەم پرسیارە ئەسپێرمە خوێنەرە خۆشەویستەکانی کەناڵی کوردستان‌نامە و لێرەوە لە جیاوازیی نێوان ئەم دوو ژنە باس دەکەم؛ بزە و ڕوانینی بەرەو ئاسۆی ژنێکی نیاندرتاڵ کە ۷۵ هەزار ساڵ دواتر جێگاکەی بە ڕوانینی خەم‌داگرتوو و سەرلەژێری ژنێکی کورد داوە؛ ژنێک کە دەڵێی قورسایی و بارگرانیی ئەم هەموو ساڵەی بە تاق و تەنیا بەکۆڵ کێشاوە.

ئەو ژنە یەکێک لە پاشماوەکانی چاخی ئاخروئۆخری ژیانی مرۆڤی نیاندرتاڵ بوو و بووە ئاڵقەی پەیوەندیی باوباپیرانی بە مرۆڤە زیرەک و وشیارەکانەوە. هەر چەن ڕەگەزی مرۆڤی زیرەک  لەگەڵ نیاندرتاڵەکان جیاوازە، بەڵام ئەم باسە حاشا کردن لە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو بەرەوە نییە.

هەر ئەم ئەشکەوتەی کە ئەمڕۆکە لە دوای ۷۵ هەزار ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەو ژنە نیاندرتاڵە هێشتا هەر ماوەتەوە و بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم ژنە کوردە، یەکێک لە لایەنە هاوبەشەکانی ئەوانە.

کەژ و پێدەشت و چۆم و ڕووەکەکان و گیان‌لەبەران و جوگرافیای دەوروبەری ئەشکەوتەکەش ئەو کەشە هاوبەشانەن کە ئەم دوانە پێکەوە دەلکێنن. ئەو جوگرافیایەی کە سەردەمانی تێپەڕین لە مرۆڤی نیاندرتاڵەوە بە مرۆڤی زیرەک لەودا ڕووی داوە، لە هەموو بووارێکەوە جیاوازە لەگەڵ ئەو جوگرافیایەی کە تەمەنی نیشتەجێ‌بوونی مرۆڤ لەوێدا لە هەزار ساڵ زیاتر تێ ناپەڕێنێت. ڕوون و ئاشکرایە کە شوێن، (ظرف) جێگیرە و شوێنەوار، (مظروف) ناجێگیرە و بگۆڕ و هیچ شوێنەوارێک ناتوانێت لەژێر کاردانەوەی شوێندا نەبێت و کەم تا کورت لە هاوشێوە و قەبارەی ئەودا خۆی نەگونجێنێت. جوگرافیا هەر ئەو شوێنە جێگیرەیە کە گۆڕانکاریی مێژوویی واتا چۆنییەتی هەڵسووکەوتی مرۆڤ لەگەڵ شوێن بەدرێژایی زەمەن پێی ناوەتە ناو شوێنێک لە جوگرافیاوە کە ئەمڕۆکە بە کوردستان ناوی لێ دەبرێت، کەوتوونەتە ژێر کاردانەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەوێوە. هەڵبەت ئەم مرۆڤانە بەهۆی لێهاتوویی و هەبوونی ورە و دەسەڵاتەوە تا ئەو جێیەی کە توانیویانە لەم شوێنیشەدا گۆڕانکارییان بەدی هێناوە و ئەوێیان لە قەبارەی سرووشتی و کۆنیی خۆی دەرهێناوە.

 

۷۵ هەزار ساڵ تەمەنێکی کەم نییە

باس لە ۲۷ ملوێن و ۳۷۵ هەزار ڕۆژە. ئەشکەوتێک واتە تەنیا سووچێکی بچووک لەم وڵاتە گەورەیە کە ئەو هەموو ڕۆژانە میوانداری ئەو مرۆڤانە بووە کە پێیان ناوەتە ناویەوە. ڕێگام پێ بدەن کە ۷۵ هەزار ساڵ دابەش بەسەر ۱۰ دا بکەم و تەنیا بە ۷۵۰۰ ساڵ لە تەمەنی وڵاتێک کە ئەوڕۆکە بە کوردستان ناوی لێ براوە، قەناعەت بێنین. ئەگەر ناوگینی تەمەنی دەسەڵاتداریی هەر فەرماندەرێکی ئەم وڵاتە، ۱۵ ساڵ لەبەرچاو بگیردرێت لە درێژایی ئەم ۷۵۰۰ ساڵەدا ۵۰۰ فەرماندەر دەسەڵاتدارییان بەسەریا کردووە کە لە سەدا ۹۰ ی ئەوانە، بێگانە بوونە نە خۆجێیی. ئەم داگیرکەرە هێرشبەر و نامۆیانە لەگەڵ خێڵ و هۆز و بەکرێگیراوانی خۆیان لە دوور و نزیکەوە هاتنە ئەشکەوتەکان و شار و لادێکان و ڕێگا و کانیاو و کەژ و پێدەشتەکانی کوردستان و هەڵیانکووڵا و سووتاندیان و کوشت و بڕیان کرد و ڕۆیشتن.” بە ڕۆیشتنی باوکان، خاو و خێزان و نەوەکانی هەندێک لەوانە لە وڵاتێک کە باوباپیرانیان داگیریان کردبوو، ماونەوە و تا بە ئەمڕۆیش میراتی نگریسی ئەوانیان زیندوو هێشتووەتەوە. هەندێک لەوانەش بەڕوواڵەت لە ناو دڵی کۆمەڵگەی کوردیدا تووانەوە، بەڵام ڕچەی خوێنیان لە ئاکار و ڕەوشتی مرۆڤی کوردی ئێستاکە و شوێنی پێیانیش لە خاکی کوردستان و کولتوورەکەی هەر مایەوە کە شوێنەوارەکانی ئێستاش هەر دەبیندرێت.

بەبڕوای من مێژووی شاڵاوی هێرشبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆجێییەکان لە زمانی جوگرافیای کوردستان و بەتایبەت ناوی شوێنەکان لە هەموو جێگایەک زیاتر بگێڕدرێتەوە. دەکرێت بە ڕێژەی گوندەکانی کوردستان بە تۆماری میراتی زارەکیی خەڵک، دەیان هەزار قامووسی هەزار لاپەڕەیی بنووسیت کە نەتەنیا ناسنامەی مێژوو و کەلتوور و زمانی کوردستانە، بەڵکوو دەبێتە هی هەموو ئەو هێرشبەرانەش کە لەم ۷۵۰۰ ساڵەدا هێرشیان کردووەتە سەری.

سەرچاوە: کوردستان نامه

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا