سەف

شەوێ زوو نووستم تا بەیانی سەعات شەشی لە خەو هەستم و بچمە سەفی کۆپین. کۆپینی شازدە نەفەرانم هەبوو کە بەو شازدە نەفەرە دەبوایە هەشت کیلۆ گۆشتم وەر گرتبا.

بەیانی لە کاتی دیاری کراودا لە خەو هەستام. جل و بەرگم پۆشی و بابۆڵە پەنیرێکی هۆلەندیم وە دەست گرت و بە خۆشی بەرەو دووکانی قەسابی وەڕێ کەوتم، لە شایی هەشت کیلۆ گۆشت هەر جینگڵم دەدا. کاتێک گەییشتمە پێش دووکانی قەسابی ژنێک و دوو پیاوی لێ بوو. بە دوای سڵاو کردن چووم دەسەفەوە. پاش ماوەیێک بۆ خۆم نەوەستام و لە پیاوەکەی پێش خۆمم پرسی:
ـ”کاکە ببورە، لە چ کاتێکەوە هاتوویە کەوا یەکەم کەسی؟
ـ”لە سەعات چوار و نیوی را لێرەم.

زۆرم پێ سەیر بوو! چۆن بۆ گۆشتی سەهۆڵاوی (یخ زدە) لە سەعات چوار و نیوی بەیانی‌یەوە لێرە ڕاوەستاوە؟ ئەویش بۆ ئەو گۆشتەی کە جاران کەس پێی رازی نەبوو.

چاوێکم لە کابرا کرد، باوێشکی دەهاتێ. ئەوی پێنایشی خەوی لێ کەوتبوو. ژنەکەش لەوبەری دووکان چارشێوەکەی دەخۆوە رێنابوو و هەڵکوورمابوو. بە خۆم دەگوت:
“گۆشت لای سەعات یازدەی دێ. ئەو ژنەیش لە سەعات چوار و نیوو پێنجی را تا یازدەی چاوەنواڕ بێ، ئەدی چ وەخت گۆشت وەردەگرێ و کەی کار و باری نێوماڵ دەکا و کەی چێشت لێدەنی؟”

پرسیارم زۆر بوون، بەڵام نەدەکرا ئەوان لە خەو کەم!

لە لای خۆم بیرم دەکردەوە کە هەشت کیلۆ گۆشت وەر دەگرم و تا سەری بورج بەشم دەکا و ئەو کاتیش خودا کەریمە.

زۆر وەڕەز بووم. لە سەر عەرزی لێی راکشام و چاوم لێک نا. کاتێک وەخەبەر هاتم سەعات حەوت و نیو بوو. پاش من شەش حەوت نەفەری دیش راوەستابوون و دە دوازدە ژنیش لەو لاتر سەفیان کێشابوو. هەر یەکە لە لایەکی قسەی دەکرد:
ـ”ئاخر پیاو چۆن دەتوانێ تا سەعات یازدە دوازدەی لێرە ڕاوەستێ و هەواڵێک لە گۆشت نەبێ؟

لە گەڵ برادەرێکی پاش خۆم دەستم بە قسان کرد:
ـ”کاکە لە مێژە لێرەی؟
ـ”سەعاتێک دەبێ، ئەگەر هاتم تۆ خەوت لێ کەوتبوو.
ـ”وادیارە یەکەم جارە هاتوویە سەفێ؟
ـ”بەڵێ هەوەڵجارە. سێ چوار جار گۆشت ئێعلام کراوە، هەموویانم کۆ کردوتەوە و بە یەکەوە هێناومن.
ـ”جا بڵێ لە سەر خەزێنەی گۆشتی دانیشتووی ئیدی.
ـ”بە سەری تۆ یەکساڵی نەیخۆم ئارەزووی ناکەم.
ـ”گوتم بۆ خۆم ئارەزووی ناکەم خۆ ماڵ و منداڵەکەم نەگوت.
بە قسەکانم پێکەنی و گوتی:
ـ”پێم وا نییە هەمووت دەنێ، بۆ خۆت دەزانی خەڵکەکە زۆرە لێت وەخۆ دەکەون.
ـ”قسەکەی لە دڵم گران هات و گوتم:
ـ”چۆن نایەڵن وەری گرم؟ نۆرەی خۆمە و زۆر چاکیشی وەردەگرم. لە سەعات شەش و نیوی را دە سەف دام.
لەو کەین و بەینەدا بوو کە ژن و پیاوەکان لێم وە دەنگ هاتن، یەک دەیگوت:
ـ”جا چۆن شازدە کیلۆیان وەر دەگری؟ یەک دەیگوت:
“نابێ، یک دەیگوت بش بێ ناهێڵم. کەس لە کەس حاڵی نەدەبوو.
دەنگم بەرز کرد و گوتم:
ـ”بابە وەڵڵاەی شازدە کیلۆ نییە هەشت کیلۆیە. سەرەڕای وەش لە نۆرەی خۆمدا وەری دەگرم. هەر لە من قسەیەک و لەوان قسەیەک لە پڕ ژنێک یەخەی گرتم و گوتی:
ـ”وەڵڵاهی نایەڵم وەری بگری. ئەوە چەند رۆژە دێمە ئێرە هێشتا وەبەرم نەکەوتووە. جا چۆن ئەتۆ هەشت کیلۆیان وەرگری و منداڵەکان منیش چ نەبێ بیخۆن؟
ـ”دایکم خۆ رێم لێ نەگرتووی. منیش وەک تۆ دە نۆرەی خۆمدا راوەستاوم. هەر کات گەیشتە من وەری دەگرم دەنا تۆ بەخێر و ئەمن بە سڵامەت.
خوا خێری بنووسێ نەختێک کشاوە دواوە و کێشە کۆتایی هات. بەڵام دیسان هەر خێسەی لێدەکردم.

ژنەکان وەکوو زەرگەتە وە ویزە ویز کەوتن، لە هەموو بابەتێکەوە دەدوان، هەر لە باسی سیاسی‌یەوە بگرە تا زانستی، جگە لە ماڵ و ماڵداری.

پیاوەکان مات و بێدەنگ لە سەفدا راوەستابوون. هەموو چاویان بڕیبۆ رێگای کاکی قەساب. ئەمنیش بیرم لە هەموو شتێک دەکردەوە. بیر لە چوونە ئیدارە، کڕینی شت و مەک بۆ ماڵ، کرێی خانوو بەرە، پووڵی ئاوو بەرق…

سەعات گەییە نۆی بەیانی. هەر خۆم دەخواردەوە سەت جنێوم بە کابرای قەساب دەدا. لەو کاتەدا ناسیاوێک هاتە لام و گوتی:
ـ”کام حەمە کۆپینێکی هەشت نەفەرەم هێناوە ئەگەر زەحمەت نەبێ لەگەڵ هی خۆت بۆم وەرگرە.
ـ”بە سەر چاوم بەڵام لە سەر کۆپینی خۆم هێندەی نەمابوو کوتەکێکم وێکەوێ. دیسان ئەگەر ئەو برایانە ئیزن بدەن بە سەر چاو.

وتەکانی لێ خۆش نەهات. نێوچاوانی تیک نا و گوتی:
ـ”چ نیە با بۆ جارێکی دی بێ. ماڵاوایی سەرزارەکی کرد و رۆیی.

سەر و کەللەی کاکی قەساب سەعات یازدە و نیوی پێش نیوەڕۆ پەیدا بوو، لە خۆشیان شاگەشکە بووم.
جەماعەتەکە کاکی قەسابیان دەگەمارۆی خۆ گرت. یەک دەیگوت:
ـ”گۆشتی وڵاخە یان حەیوان؟ یەک دەیگوت: بە کێهە کۆپینە؟ ئەوی دەیگوت: وە بەر هەموان دەکەوێ؟

کاکی قەساب چاوێکی بە فیزی لە خەڵک کرد و گوتی:
ـ”ئەورۆ رۆژی لایەنگری و پشتیوانی لە حەیواناتە و قەسابەکان کار ناکەن.

بە قسەکانی کاکی قەساب وەک ئاوێکی ساردم بە سەروگوێلاک دا کەن وابووم. پاش چەند سەعات چاوەنواڕی بە ناهومێدی ڕێگای ماڵم گرتە بەر.

 

*سەرچاوە: گوواری ئەدەبی فەرهەنگی سروە، ساڵی چوارەم، همارە ۲۸، خەزەڵوە ی ۱۳۶۷، لاپەرەکانی ۳۴ تا ۳۶.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا