لە گەڵ سروە؛

کچی وشیار

لەم ژمارەی لە «گەڵ سروە» چیرۆکێکی تایبەتمان هەڵبژاردە؛ چیرۆکی “کچی وشیار” بە قەڵەمی «گۆران هەڵەبچەیی» کە وانەی سەربەستی، نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی زێد و خاکمان فێر دەکات.

کچی وشیار

✍️گۆران هەڵەبچەیی

مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە: لە رابردوویەکی زۆر دووردا قازی‌یەک هەبوو زۆر دادپەروەر و پیاو چاک بوو. هەر دەم لایەن ڕاستی دەگرت و پشت گەرمی لە هەژاران و بەشخوراوان دەکرد. ئیدی هەرکەس مافی پێ شێل کرابایە و بەشی خورابایە پەنای بۆ ئەو قازی‌یه دەبرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدا.

دەگێڕنەوە، دەڵێن هەر لەو وڵاتەی کە قازیەکەی تێدا دەژیا جووتیارێکی هەژار و دەست کورت هەبوو، ئەم جووتیارە، کیژێک و کوڕێکی هەبوو کە لە تەمەنی دوازدە و پازدە ساڵیدا بوون. کیژەکە زۆر زیرەک و ژیر و زرەنگ بوو، بەڵام کوڕەکە بە پێچەوانە، تا بڵێی سست و دەبەنگ و ماڵ پەرەست بوو. تاکە شتێک کە ئەم خێزانە پێی دەژیان و سەرچاوەی گوزەران و خێر و خۆشیان بوو تەنها کاوڕە مێ یەک بوو. شیرەکەیان دەدۆشی و ماست و کەرە و پەنیریان لێ دروست دەکرد و لە بازاڕ دەیانفرۆشت و بە پارەکەی پێویستی ژیانیان پێ مەیسەر دەکرد و هەر وەها خۆشیان لە بەر و بۆمی کاوڕەکەیان دەخوارد.

لە سەرەتای بەهاردا کاوڕە مێ‌یە بەرخۆڵەیەکی خنجیلانە بوو کە بووە مابەی دڵخۆشی بۆ خێزانەکە. زۆری نەبرد جووتیاری هەژار نەخۆش کەوت. نەخۆشی‌یەکی وەها کە هیوای ساغ بوونەوەی نەبوو… بۆیە ڕۆژێک کوڕ و کیژەکەی بانگ کرد و پێی گوتن: رۆڵەکانم ئەوا من دەمرم و لە کاوڕە مێ و بەرخەکەی بەولاوە شتێکی ترم نیە لە پاشم بەجێ بمێنێ. جا ئەمەوێ ئەوەی هەمە بۆتان بەشی بکەن بۆ ئەوەی هەر کەس خاوەن بەشی تایبەتی خۆی بێ و لە پاشە رۆژدا پێی بژی.

کیژەکەی گوتی: بابە گیان ئێمە خوشک و براین و هەرچیمان هەیە و نییە پێکەوە دەیخۆین و پیکەوەش دەژین. ئیدی ماڵ بەش کردن بۆچی؟!

باوک لە وڵامدا گوتی: کیژی شیرینم قسەکانت ڕاستن، بەڵام ژیان هەزاران پێچ و پەنا و رووداوی چاوەڕوان نەکراوی تێدایە هەر بۆیەش حەز دەکەم هەر کەس بەشی خۆی هەبێ. نەک لە پاشە ڕۆژدا خوا نەخواسە ناخۆشی و ناکۆکی بکەوێتە نێوانتانەوە.

کیژەکە گوتی: باوکی خۆشەویستم، تۆ چۆنت پێ چاکە با وابێ.

بەڵێ، پاشان باوکیان بەرخەکەی دایە کیژەکەی و کاوڕەکەشی دایە کوڕەکەی. هێندەی نەخایاند باوکی هەژار کۆچی دوایی کرد.

کیژەکەی دڵی زۆر بە بەرخەکەی خۆش بوو هەموو رۆژێ دەیبردە لەوەڕ و گیای نەرم و ناسک و تەڕی دەدایە و لە ناو قەرسیل و مەزاری پارا ودا یاری لەتەک دەکرد. رۆژێ دوو جارانیش دەیدایە بەر دایکی بۆ شیر خواردنەوە. هەر وەها پاک و خاوێن رای دەگرت و هۆگری یەکتری ببون!

رۆژ بە رۆژ بەرخەکە قەڵەوتر و جوان‌تر دەبوو هەتا لە کۆتایی بەهاردا بووە مەڕێکی قەشەنگ. کاتێک براکەی مەڕەکەی بەو حۆرە دیت کەوتە پیلان رێکخستن و هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانی. چونکە لە سەرەتاوە تەماحی تێکردبوو بەڵام چاوەڕێی دەکرد گەورە بێ و پێی بگا. ئاوا ئێستا گەورە ببوو، دەیهەویست لە خوشکەکەی داگیر بکات. بۆ ئەم مەبەستەش کەوتە بیانوو گرتن گەڕ ئەڵاندن لە خۆشکەکەی کە گوایە مەڕەکە هی خۆیەتی و دەبێ بیداتەوە.

کچەکە زۆر هەوڵی دا براکەی واز لەو داواکاری‌یه بهێنێ و لە کەڵی شەیتان بێتە خوارەوە، هەر وەها وەسیەتەکەی باوکی بیر دەخستەوە. بەڵام هیچ سوودی نەبوو. کوڕەکە هەر لە سەر داواکای خۆی سوور بوو و لە ئەنجامدا مەڕەکەی بە زۆر برد بۆ خۆی.

خوشکە زلنی کە هەوڵدان لە گەڵ براکەیدا بێ سوودە پەنای بردە بەر دادگا، بۆ ئەم مەبەستەش خۆی گەیاندە لای قازی دادپەروەر. کیژەکە بەسەرهاتەکەی بۆ قازی گێڕایەوە. قازی، فەرمانی دا کوڕەکە ئامادە کەن. زۆری نەخایاند کوڕەکەیان هێنا بۆ لای قازی. کوڕەکە لە بەر دادگا نەهی لە قسەکانی خوشکەکەی کرد و هەر پێی لەوە دادەگرت کە ئەو مەڕە هی خۆیەتی و مافی خوشکەکەی بە سەرەوە نییە.

قازی، رووی کردە خوشک و براکە و گوتی:
-ئێستا سێ پرسیارتان لێ دەکەم، هەرکامتان بەڕاستی وڵامەکانتان دایەوە مەڕەکە هی ئەوە.
کیژە گوتی: فەرموو، من ئامادەم بۆ هەر پرسیارێک. بەڵام کوڕەکە وتەی لێ نەهاتە دەرەوە.

قازی گوتی: پیرۆزترین و بەنرخترین شت بۆ مرۆڤ چییە؟
کوڕ: گەورەم، پیرۆزترین و بەنرخترین شت بۆ مرۆڤ سەروەت و سامانە.
قازی: چۆن و بۆچی؟
کوڕ: ئەگەر مرۆڤ سەروەت و سامانی بێ مانای ئەوەیە بەو سەروەت و سامانە دەتوانێ ببێتە خاوەنی هەموو شتێ و بەرخۆشی و کامەرانی بژی. ئارەزووی چی بکات وەدەستی بێنێ… ئەگەر سەروەت و سامان ئەوەندە پیرۆز نەبایە خەڵکی هەوڵی خڕ کردنەوە و پەیدا کردنیان نەدەدا…
پاشان قازی، رووی کردە کیژەکە و گوتی:
ـ کچم! تۆ چی دەڵێی؟
کیژ: گەورەم، من دەڵێم پیرۆزترین و بەنرخترین شت بۆ مرۆڤ خاکە.
قازی: چۆن و بۆچی؟
کیژ: خاک مایەی ژیان و بەردەوامی مرۆڤە، هەر لە سەر ئەم خاکە باو و باپیرانمان ژیاون و ئێستا ئێمەش لە سەری دەژین. هەر خاکە هەموو جۆرە جیان لە بەر و زیندەوەرێکی لە سەر دەژی و خواردن و دانەوێڵەش بۆ هەموویان مەیسەر دەکا. هەر خاکە کشت و کاڵ و دەغڵ و دان و جۆرەها میوەی خۆش و بە تاممان بۆ بەرهەم دێنێ هەر لە ناخی خاکەوە ئاوی زڵاڵ و شیرین و ساردمان دەس دەکەوێ. ئەم هەموو جەنگەی لە جیهاندا روو دەدات تەنها لە پێناوی خاکدایە.

قازی: زۆر باشە، ئێستا پرسیاری دووەم:
چ کاتێک مرۆڤ سەنگینە؟
کوڕ: ئەو کاتەی سەنگینە، گەر نرۆڤ خاوەنی پووڵ بوو، ئەو کاتە خۆی بە سەنگین و گران دەزانێ و خەڵکی ڕێزی لێ دەگرن و کڕنۆشی بۆ دەبەن و داوای یارمەتی لێ دەکەن و لە ناو خەڵکدا پلە و پایەی تایبەتی دەبێ.
کیژ: نەخێر، جەنابی قازی! … مرۆڤ ئەو کاتە سەنگینە کە خاوەنی وڵاتی خۆیەتی و لە وڵاتی خۆیدا دەهی. مرۆڤی بێ وڵات وەک باڵندەی بێ لانە وایە، هەر شەوێ لە سەر دارێک رۆژ ئەکاتەوە جا مرۆڤی دەولەمەند و پارەدار لە ۆەر کوێ بێ هەر دەم هەست بە کەمی و نامۆیی دەکات سامان و سەروەتەکەی ناتوانێ هەستی نامۆیی و بێ وڵاتی لە دڵ و دەروونیدا بسڕێتەوە. بە هەموو سامانەکەیشی ناتوانێت بستە وڵاتێک بکڕێ. باو باپیرانمان ڕاستیان گوتووە؛ بەرد لە شوێنی خۆی سەنگینە!

قازی: پرسیاری سێهەم، ئەوەیە مرۆڤ کەی زەلوون دەبێ؟
کوڕ: ئەو کاتەی سەروەت و سامانی لە دەست دەدا و دەیدۆڕێنێ. مرۆڤ بێ سەروەت و سامان وەک درەختی رووتی بێ گەڵا وایە لە هەموو لایەکەوە خەڵکی بێزی لێ دەکەنەوە و رێزی لێ ناگرن و جێی متمانە نیە و هەموو کات خۆی بە کەم و زەبوون دەزانێ و هیچ شتێ ڕزگاری ناکا، تەنها پارە نەبێ.

کیژەکە لە وڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی:
ـ من دەڵێم مایەی زەبوونی مرۆڤ تەنها لە دەست دان و نەبوونی سەربەستی یە. گەر مرۆڤ سەربەست نەبوو ئیدی ناتوانێ هیچ کارێکی سوود بەخش بکا و ژیانی رۆژانەی تاڵ دەبێ. ئاو و هەوا تا چ ڕادەیەک بۆ مرۆڤ پێویستە سەربەستیش بەو ڕادەیە پێویستە. ئەگەر سەربەستی نەبێ مرۆڤ بە ئاسانی زۆری لێ دەکرێ و مافی دەخورێ. وەک ئێستا براکەم دەیەوێ مافی من بخوات، سەربەستی تا ئەو رادەیە گرنگە کە تەمانەت باڵندەش پێویستی پێی هەیە و هەستی پێ دەکا. بۆیە کاتێک لە قەفەزدا بەند دەکرێ بەردەوام بیر لە دەربازبوون دەکاتەوە و هەوڵدەدا بە دەندووکی دەرگاکە بکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ جیهانی سەربەستی.

پاش ئەم وڵامانە، قازی وڵامەکەی کچەکەی پەسەند کرد و زۆر دڵخۆش و شاگەشە بوو. لەم ئەنجامەدا فەرمانی دا مەڕەکەی بۆ بگەڕێننەوە و هەر وەها ەۆشی خەڵاتێکی گەورەی کرد و لە هەمان کاتدا فەرمانی دا کوڕەکە بۆ چەند رۆژێ بخەنە زیندانەوە و بەرهیچ جۆرێ خواردن و ئاوی نەدەنێ تەنها رۆژێ دراوێکی بۆ فڕێ بدەنە ژوور تاکوو بزانێ ئەگەر سەربەستی نەبوو بەو دراوە ناتوانێ بژی و سەربەستی پێ دابین بکات.

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە ـ ساڵی حەوتەم ژمارە ۶۰ پووشپەڕی ۱۳۷۰ـ لاپەڕەی ۵۰ تا ۵۲.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا