لە گەڵ سروە؛
کارەسات

✍️ع.حەسەنی
کاتژمێر بە چرپ و کوت تەقەلایەتی خۆی بگەیەنێتە نۆو و نیو. خەو لە چاوی وریای مناڵ زیز بووە. مەشقەکەی بۆ نەنووسراوەتەوە و هەزار بیری بە مێشکی دا دێ.
ئێستە کە زۆربەی هاوەڵەکانی نوستوون، وریای ژیر لە بیری باوکی دایە کە بۆچی وەک پار پاییزێ لە خەمی سووتەمەنی و کەل و پەلی سەرمادا نییە!
شەو پاییزی ئەمساڵ دەڵێی لێفەی چڵکن و چەوری بێ سنووری عاسمانی پیرە کە خۆی بە عەرزی شل و بێ تین دا داوە و هەناسەی لێ بڕیوە و جار جار ئارەقەیێکی ساردی پێدەکا و وای بەڵێنی پێ دەدا کە زستانەکەی سەختە و دەبێ وریا بێ، بەڵام عەرزی مۆنە نەخۆش خۆڕاگرە و چاوەڕێی زستانی تەڕە کە بێ و تاو و پۆی لێفەی چڵکن شی کاتەوە و لۆکەی پیسی وە دەم بای وەعدە بدا و ئاداری بە سەر پادارەوە نەهێڵێ. ڕوکارە جوانەکەی بەهاری خۆی بە خەڵکی بنوێنێ و ئەوەندەی لە توانای دایە خۆشی لە دڵان باوێ. بە خۆشییەوە ئەو کارەش بەتوانا و هێزی تەواوەوە بەجێ دێنێ.
ئەڵبەت تەبێعەتی جوان پشتیوانێتی و دەستی ئادەمیزاد لە حاندیدا کۆڵە و غەیری مل کەچی چی دی پێ ناکرێ.
خۆزگە لە هەموو شتێکی جوان دا دەستی نابەکار کۆڵ بوایە! بەڵام بەداخەوە زۆر جاران وا نابێ و ئەو پاییزە ناخۆشەی کە هەموو ساڵێ لە بەر عەرز بەزیوە ئەمساڵ تۆڵەی خۆی لە وریای بێ ناز و مناڵ ئەکاتەوە لە چوار دەوری حەساری خەم دەکێشێ و خەونی ناخۆشی وەدی دێنێ. ئەوەی کە باوکی لە مناڵیدا بەسەری هاتووە وردە وردە لە داهاتووی ناخۆشیدا سەر ڕێ بە وریا دەگرێ.
بەڵێ هەمووی خەڵکی شارە خۆشەکەمان لەبەر تەزووی پاییز خەریکی وەکۆ کردنی نەوت و سووتەمەنین. بەڵام باوکی بەڕێزم چاوەڕێی تازە بووکەکە بۆی بێتە ماڵێ و خێرا لە بیری چووە کە قسەیەک لە قسە نەدەگیرا دەیگوت تاوانی بێ دایکی وریا لە منەوەیە و ئیتر ژن ناهێنم و تۆڵەی ئەوە بۆ وریا بکەمە کە لە باوەشی گەرمی دایکی بێ بەش بووە. بە خودای ناهێڵم تاقانە کوڕەکەم نێو چاوانی ترش و مۆڕی زڕدایک ببینێ، ئاخر بۆ خۆم تامیم زۆر چاک چێشتووە، ئەرێ ئەرێ چاک دەزانم!!
وەختێک باوکم دایکی تەڵاق دا و پاش ماوەیێک زڕدایکمی هێنا بۆ ماوەی دوو سێ حەوتویێک ڕێحانە و گوڵی زڕدایکم بووم تا بۆنی پێوە نەکردبام نەدەنووست.
تا رۆژێک قەندانێکم لە دەست بەربۆوە و شکا، بە پەلە گەییشتە سەرم.
_ چی بوو عەلی؟
_ دایە قەندانێکم شکاند!
_ دایەی چی توڵە سەگ! کەی من دایکی سەگی وەک تۆم؟ لەم ڕۆ بەم لاوە نێوی ئەو دایکە گڵاوەت بە سەر من دا نەبڕی! هەر پێم بڵێ “باجی” بەس. ئەمجارەش تۆبەبەخشت بێ لەم ڕۆ بەم لاوە هەر شتێک بشکێنی بۆ خۆت دەزانی و من ئەوە تا ئێستا رووم داویەی خەریکی پشوی لێ هەڵکێشی!
_ خو … خو …. دا…..دا…. خۆ باجی بە ئەنقەست نەم شکاندوە زۆرم خۆش دەویست ئاخر پار لە گەڵ دایکمان کڕیمان.
_ باشە باشە چا بوو شکا ئەو یادگارە گڵاوەی دایکت!
ئەم قسە کەم کەم تەواو مێشکی داگرتم. لە خوێنم چزا بە ئازای بەدەنم داگەڕابوو. بە تا و پۆ دەوری دڵی تەنیم لە گوێم راچوو بە دەست هەستم پێ کرد.
وڕ مابووم لە لەت و کوتی قەندانەکە، ئەم جار بە توندی قیژاندی:
_ زوو بە فڕێ یان دە! با من دەستم بەوانە گڵاو نەبێ!
… خۆێنم هاتە کوڵین چاوم سوور بووـ دەستم رەق بوو و هاوارم کرد بەس بڵێ گڵاو، ژنەتێوە نالەبارە!
_چی چی؟ بە من دەڵێی نالەبار؟ دایکە وا وا لێکراوەکەتە _ یاڵڵا!
ئەمجار ئەمیش خۆم پێ دا دا مستێ لێ دەم تفی لێ کەم، ئاخ و ئۆخی دڵی خۆی پێ دەر کەم بەڵام من چووک و ئەو گەورە ئەمن مەزڵووم و ئەو زاڵم ئەمن بێ هێز و ئەو بەهێز. من بێ کەس و ئەو پشت ئەستوور. لە نێو دەستیدا گیرم کرد لەشم ئازاری هەست پێ کرد کوانێ دایکم زوو بم گاتێ؟ کوانێ باوکم لە فریام بێ؟
بەڵێ خەیاڵ زوو تێپەڕ بوو دایک نەبوو بەڵام باوکم هێندەی پێ نەچوو هاتەوە پرسی چی بووە عەلی؟
ئیتر جوابم پێ نەدراوە، گریان و قینم تێک هاڵان تەواوی لەشیان داگرتم… خێرا خۆم دە باوەشی کوتا و ئیتر خۆم پێ رانەگیرا و لە قڵپەی گریانم دا.
دەستی لە سەری وەردەدام بە باوەشییەوە دەیگوشیم دەیگوت:
چی بووە رۆڵە بڵێ؟ رق و قینم_ سینگ و گەرومی داگرتبوو نەم دەتوانی چی پێ بڵێم هەر جریان بوو، لەپڕ باجیم پەیدا بوو.
_ بەخێر بێیەوە کابرا _ تۆ دەزانی کاکە عەلی فێر بووە بە شەقەوە بۆمان بێ پڕی بە گوارەکەم دا کرد هێندەی نەمابوو گوێم هەڵ دڕێ؟ ئیتر خێرا باوەشی باوکم شل بۆوە وەک مردووی لێ هات گەرمای باوەشی تەواو بوو وەکوو هەوری تا ی لێ هات، بە پەلە داینام بە سەری دا گوڕاندم:
ئیتر نەبینم بە باجیت جوێن بدەی؟ دەزانی هەمیشە لە فیکرت دایە، لیباست بۆ دەشوا چێشتت بۆ لێ دەنێ ئەمەی پاداشی چاکەی کە دەیدەیەوە؟
خەریک بوو چاوم لێک نێم و گوێم بگرم بە توندی بنەڕێنم و بڵێم:
_ بۆ هەر من لەم ماڵەدا نان دەخۆم؟! بۆخۆتان هەمیشە بەرۆژوون؟ بۆ تاقە دوو کوت لباس بچولەی من هێندەی ئەرکە وام بە سەر بێ؟ بەڵام زبانم گەڕابا دوو هێندەی دیم ئیجارە بوو (دوو هێندەی دیم وێ دەکەوت).
بە دوای ئەو بەزمەدا سەرم داخست و چوومە ژوورەوە لە جێ جارانی دایکم دانیشتم هێندێک سوکنایی بەجێ نەقوچک و مستەکانی ڕان و پشتم دا هات و خەریکی وردە هەنیسکی دوای گریانم بووم کە باوکم هەرای لێ کردم “عەلی” وەرە نانەکەت بخوا ئیتر ئەمیش کە تازە خۆشەویستی خۆم لەم ماڵەدا بە پچڕاوی دەدیت. بێ دەنگێکی لە لای خوارەوەی سفرەکە بە ئەدەب دانیشتم و خەریکی نان خواردن بووم کە چاوم هەڵبڕی سەعات نزیک چوونی مەدرەسەیە بە پەلە هەستام کەوشم دەپێ کەم و هەڵێم _باجیم_ هەرای لێکردم.
_ ئەدی چایەکەت بە زەهر ناکەی؟ بە لالوتێکەوە گوتم “نا” و ڕۆیشتم _گوێم لێ بوو کە باوکم بە باجیمی گوت:
دەبو لە سەر ئەو “نا”یە لێم دابا بەڵام تازە قەیدی ناکا.
ئەمە بوو بەسەرهاتی تەنها رۆژێکم و بە هۆی هەزاران رووداوی تاڵی ژیانم رازی بەوە نیم ئەو چاوە جوانانەی وریا تەم و غەوری خەمی زڕدایکی لێ نیشێ.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی سێهەم، ژمارە ۱۳، گەلاوێژی ۱۳۶۶، لاپەڕەکانی ۵۶ و ۵۷.