لەگەڵ سروە
شەخس

✍️حاجی رئووف سەلیمی
لە زۆربەی ناوچەکانی کوردەواری خەڵک باوەڕیان بەوە هەیە کە یەکێک لە یارانی پێغەمبەر (د.خ) یا یەک لە ئەولیای خوا لە نزیک وان نێژراوە.
لە سەر قەبرەکە خانووچکە و گومبەز ساز دەکەن یا واڕش بەدەوری قەبرەکەوە هەڵدەچنن و سواڵەت و قاشوولە و بەردی سپی لە سەر دادەنێن و ئاڵای سەوز و سپی لەسەر هەڵدەدەن. دارەکانی نابڕن، لە زیانی مەڕ و ماڵات دەیپارێزن. جا دیمەنێکی جوان و خەمڵیو پێک دێ.
دەڵێن هەر کەس توولە دار و ویشکەڵی شەخس بسووتێنێ تووشی بەڵا دەبێ. لە شەخسەکانی ناوچەی بانە داری بەڕوو و مازوو سەریان لێک ناوە و بوونە مێشەڵان. کوڕ و کاڵ شەوانە لەگەڵ یەکتر گرێو دەکەن کە هەرکەس بتوانێ لە سەر شەخسی ئاوایی نیشانەیەک بەجێ بێڵێ زۆر ئازایە چون پێیان وایە تووشی خێوو جنۆکە و شتی وا دەبێ.
هەر شەخسە ناوی تایبەتی خۆی هەیە. وەکوو: چیمەن عەبداڵ، سەوزەپۆش، تاقە دارە، کانی مراد، داروەکازە، حەوتەوانان، بابەسەبەتلوو پیرموحەممەد، پیر مەحموود شێخ بۆزان، هەیوان ساری قوتبی یەقین، شێخەسوور، شێخ چۆپان، بابەشێخ، دایەشێخ، شێخەڕەش، کۆسەی هەجیج، بابەلاس، یەحیای غەیب، بابەگوڕگوڕ و…
بابەگوڕگوڕ لە ناوچە نەوتەڵانەکەی کەرکووک دایە کە ناوچەیەکی کوردنشینە و لە بەر ئەوە لە خێزەڵانەکەی نەوت دەهاتەدەر و ئاگریان دەدا، گڕی دەگرت و نەدەکوژاوە خەڵک پێیان وابوو ئەوە نووری مەزاری بابەگوڕگوڕە.
ژنی نەزۆک بۆ منداڵان دەچوونە سەر ئەو شەخسە و دەیانگوت:
بابەگوڕگوڕ هاتم
لەپڕ هاتم
بۆ گڕ هاتم
بۆ کوڕ هاتم
بە قسەی کۆنینەناسان ئاگرێک لە ئاورگەکانی ئێران لە فارس هەڵدەستا و دەکوژاوە. زەردەشتی یەکان پێیان وابوو موعجیزەی زەردەشتەو دەچوون لەوێ عیبادەتیان دەکرد. بۆیە زۆربەی ئاورگەکان لە ناوچە نەوتەڵانییەکان ساز کراون.
بەڵام ئینگلیزی هاتن و لە کەرکووکی عێراق و فارسی ئێران نەوتیان هەڵێنجا. زانیان کە ئەمە موعجیزە نییە بەڵکوو نەوتە و دەتوانێ چەرخی سنعەتی دونیا هەڵسوڕێنێ.
دەگێڕنەوە جارێک نوێنەرێکی مەجلیس لە چڕچیل سەرۆک وەزیری ئینگلیزی پرسی: “بۆچی ئاسیا و ئەفریقا ئیستعمار دەکەن؟” چڕچیل لە وڵامدا دەڵێ: “ئێمە ئیستعمار ناکەین حەقی … بوونیان لێ دەستێنین”.
جاری وایە چاک و پیر و مەرقەد و نەزەرگەش بە شەخس دەگوترێ. ناوی هێندێک لە شەخسەکانی کوردستان بریتین لە:
ناوچەی بانە: کانی بەن، شێخ برایم، چیچۆران درگا شێخان، سوورین ناوە خەلیفە برایمی سماقان، شێخ مەلا قادری چەمپارا و سەید ئەحمەدی ساوان، چاکە سواری تاژان، مەلا میرزای تەوەکول، پیرمراد، سلێمان بەگ.
لەناوچەی سەقز: شێخ برایمی بست، شێخ حەسەنی مەولاناوا، پیر وێنس حاجی شێخ مستەفا، خەڵیفە رۆستەمی حەوتاش، شێخ عەبدولقادری دۆزەخدەرە، پارسانی، وێڵە، سەفاخانە.
لە ناوچەی بۆکان: زەنبیل، بورهان، پیر موحەممەدی بوغدەدانی، پیرسوڵتان، حاجی شێخ گوڵی ناچیت.
حەسەن زیرەک گۆرانی بێژی کورد لە گۆرانی یەکانی خۆیدا زۆر ناوی شەخسی بردووە.
هێندێک لەم شەخسانە زۆر بەناوبانگن و خەڵک لەرێی دوورەوە دەچنە زیارەتیان. وەکوو: غەوسی گەیلانی، وەیسی ماهیدەشت و …
کۆمەڵناسی رۆژئاوا دەڵێن “شەخس پاشماوەی ئایینی نەچڕالیسم و ئانێمسم و تۆتمیسم”ە. ناچڕاڵیسم یانی ئایینی تەبیعەت، ئانێمیسم یانی گیان پەرستی و تۆتمێسم یانی ریشە پەرستی.
دەڵێن رازاندنەوەی داری کاج لە جەژنی کریسمەس دا لەنێو هەرمەنی یان وشەم گڕاندن و هەڵواسینی ئاڵای سەوز و سپی و دانانی سواڵەت و قاشوولە و بەرد لە سەر شەخسەکان و متفەڕک وەرگرتن لەوان کە لە جیهانی پێشکەوتووی ئیمڕۆشدا لە ئوڕووپا بەتایبەتی نێو یونانی و ئیسلا و ژەرمەن و ئیسکاندیناوی یەکاندا دەبینرێ بەڵگەیەکە لەو ئایینە کۆنانە.
جێی شەخس و شوێنەواری شەخس لە ئایینی ئیسلامدا جیاوازە. بەگشتی باوەڕی فیرقەکانی جۆراوجۆری ئیسلام لەسەر ئەوە ساخ بۆتەوە کە زیارەتی شەخس درووستە. نزیک بوونەوە لە پیاوی چاک، بەکەلکە و مردوو و زیندووی جیاوازی نییە. خەڵک زۆریان باوەڕ پێیە و فاتێحای بۆ دەنێرن. مردووی خۆیان لە دەور و بەری شەخس دەنێژن. خێر و بەرەکەت و کوڕ و کچ و لەش ساخی لە شەخس داوا دەکەن. خەڵک پێیان وایە هەر شەخسە ودمی جۆرە نەخۆشی بەدەستە. یەک بۆ باداری، یەک بۆ شێت بوون و فێ گرتن، یەک بۆ نەخۆشی پێست، یەک بۆ ژن و…
بۆ نموونە میرمحەممەدی بۆکان بۆ باداری و نەخۆشی پێست بەناوبانگە. ئەم شەخسە مریشکی لەخۆ گرتووە. یانی دەبێ مریشک سەر ببڕی و خوێنەکەی ئامێتەی خۆڵی شەخسەکە بکەی و لە بەدەنی هەلسووی.
خەڵک لە سەر شەخس پووڵ و شیرینی دەبەشنەوە، کولێرەی چەور و شیرین بە ڕێبوار و هەژاران دەدەن، کراسی هەتیو نەزر دەکەن، بەردی تەنک بە کێلی مەرقەدەوە دەلکێنن. ئەگەر پێوەی لکا، ئەوە نەزەری قەبووڵ بووە دەنا هیچ!
گڵ و بەردی شەخس ماچ دەکەن و لەسەر و چاویانی هەڵدەسوون و بە متفەڕک لە گەڵ خۆیان دەیهێننەوە. دەستەو نەزەر دەچنە پێش و هەر واش پشتاوپشت دەردەکەون.
سەرچاوە:
۱ـ کۆمەڵناسی دوکتۆر تەبیبی
۲ـ بیروباوەڕ بە شەخسە دارینە نووسراوەی مەلا هادی ئەفخەمزادە.
سەرچاوە: گۆڤاری ئەدەبی_فەرهەنگی سروە، ساڵی سێهەم، ژمارەی۱۶، خەزەڵوەری ۱۳۶۶، لاپەڕەکانی ۲۴ و ۲۵.