لەگەڵ سروە؛

کامیان؟ پیری و هەزار شوورەیی یا پیری و هەزار شانازی؟

✍️ فارووق وەفایی

لە سیس بوونی گوڵێک و لە سپی‌یەتی موویەکدا، لە گەڵاڕێزانی دارێک و زەردی گیاییەکدا، لە کزی چاو و سستی ئەژنۆیەکدا، شتێکی پیرۆز و جێی رێز دەبیندرێ، شتێک کە ئاسان بە دەست نایە. شتێک کە خۆڕاگرتنی بەرامبەر بە ئازاری رۆژگار و بەرەبەرەکانێی دژ بە نەمان بیستووە. شتێک کە هێواش و لەسەرخۆ، وردە وردە رۆژەکان خەرمانی تەمەنی خواردووە. شتێک کە بە کەمبوونەوەی نەختە نەختەی تەمەنی ژیانی، دڵۆپ دڵۆپ کۆبۆتەوە و زیادی کردووە.

بێگومان هەموومان دەزانین ئەوە چییە. کاتێک کە هێشتا منداڵ یا لاو بووین، لە بیرمانە کە بەساڵدا چووەکان پێیان دەگوتین: “دەک رۆڵە مووی سپی لە سەر ئەژنۆت دەربێ”. یا لەبری باریقەڵا و ئافەرین پێیان دەگوتین: “دەک رۆڵە پیر بی” یا کاتی ژن هێنان دەیانگوت:”پێکەوە پیر و خەرۆف بن”.

راستت دەوێ ئەو کات زۆرم پێ ناخۆش بوو. وامدەزانی جنێوم پێ دەدەن. بە گوێیاندا دابووم کە سەری سپی و ریشی چەرموو، رێزی پێویستە و ئەگەر هەر لەبەر ئەم تێڕوانینە نەبوایە، بێگومان بە زمانی شیرینی کاتی منداڵی بە گژیاندا دەچووم و رەنگە یەک، دوو جنێوی مزریشم پێ بدانایە! بەڵام نەدەکرا. ئاخر حەقم پێ بدەن. وامدەزانی پیری یانی گێژی و گێلی، یانی تێداچوونی هەست و ئەوین، یانی گۆچان و چاویلکە، یانی کۆمە کۆمە رۆیشتن و کەوتن و هەڵسانەوە و…

راستە کە مرۆڤ لە ماوەیەکی ژیاندا پێویستی بە چاویلکە و گوێچکیلە (سمعک) پەیدا دە کا و وەک گۆچان بەسەر گۆچاندا کۆم دەبێتەوە. ئەمانە نیشانەی پیری لەش و رواڵەتن کە لە قۆناخێکی ژیاندا لە ئینسانەوە دەئاڵێن. بەڵام ئینسان تەنیا لەش نیە، بەڵکوو بنەمای سەرەکی و ئاشکرای ئینسان گیان و رەوانیەتی و ئێمە لێرەدا زۆرتر مەبەستمان ئەم بەشەیە.

ئەگەر وای دابنێین کە پیری لەکار کەوتن یا سست بوون و نزمبوونەوەی رەوتی چالاکی زەینی‌یە، کەوابوو زۆرکەس هەر لە کاتی منداڵی‌یەوە پیرن. چونکە ئەوەندە کاریان بە مێشکیان نەکردووە تا گەشە بکا و بە لانی کەمەوە لە گەڵ کاروانی پێشکەوتندا هاوڕێ بێ. لە بەرامبەر ئەم دەستەیەدا تاقمێکیتر هەن کە لە تەمەنی حەفتا و هەشتا ساڵیدا وەک لاوێکی پڕ تاقەت و بە وزەی بیست ساڵە لە مێشکیان کەڵک وەردەگرن و تەنانەت چکۆلەترین کەم و کووڕییان تێدا نابینرێ. هەر بۆیە زۆریەک لە گەورە پیاوان لە تەمەنی سەرەوەدا شاکارە زانستی و ئەدەبی‌یەکانیان خولقاندووە.

پرسیارێک کە دێتە گۆڕێ ئەوەیە کە بە کام تاقم بڵێین پیر و داکەوتە و بە کامیان بڵێین لاو و سەرکەوتە؟ بڕوا لەسەر ئەوەیە کە پیری و بەساڵداچویی ئەم تاقمەی دوایی‌یە خێر و بەرەکەتە، رەحمەتیان لێدەبارێ، بۆ خێزان و کۆمەڵ پێویستن و دەبێ حورمەتیان لێ بگیرێ. هەڵبەت رێزگرتن لە هەموو پیرێک پێویستە، بەڵام ئەم تاقمە کە بە تایبەت لەنێو کۆمەڵدا زۆر کەمن، دەبێ زۆرتر چاودێری‌یان لێبکرێ. چونکە جێگەیان بەزەحمەت پڕ دەبێتەوە. ئەمانە بۆ گەیشتن بەم پیری‌یە، سەرمایەی لاوەتیان داناوە، بە چەشنێ کە دەکرێ بڵێین هەرکامیان کتێبێکی مێژووی پڕ باس و بەسەرهاتن.

بە وردی تێڕوانین، دەبینین کە ئەو هەموو سەرچاوە فەرهەنگی و کەلەپوورەیان بە دڵ و بە گیان بۆ پاراستووین. لە چەشنی حل و بەرگەوە بگرە تا بەیتە پڕ نێوەڕۆمەکان و چیرۆکە بەپێزەکان و پەندە بەنرخە پێشینی‌یەکانی گەلەکەمان.

تایبەتمەندی‌یەکانی سەردەمی پیری بە گشتی

کەم هێزی بەدەنی:

لەگەڵ چوونە سەرەوەی تەمەن هێزی لەش کەم دەبێ و جەستە تووشی هێندێ ئازار دەبێ. زانستی نوێ بۆ زۆربەی ئەم ئازارانە رێگا و ئامرازی چارەسەرکردنی دۆزیوەتەوە.

دڵ ناسکی:

گەلێ لە پیرەکان زۆر دڵ ناسکن و لە قسەیەکی شۆخی دەڕەنجێن. بە داوای لێبوردنێک دەتوانین دڵیان بێنینەوە سەرجێ.

فەرامۆشکاری:

بە بۆنەی داڵغە و خەیاڵانی رۆژگارەوە فەرامۆشکاری لەگەڵ پیردا دەستە و یەخە دەبێ. بەختەوەرانە دەفتەر و قەڵەمێکی باخەڵی دەتوانێ ئەم کۆسپی ژیانەیان تا رادەیەک کەم بکاتەوە.

پەشێوی دەروونی:

لەنێو پیرەکاندا دەبیندرێ کاتێک مرۆڤ خانەنشین دەبێ، وا هەست دەکا کە ئیتر وزەی کاری نەماوە و مەرگ نزیکە. ژن بە کۆتایی هاتنی عادەتی مانگانە وا هەست دەکا کە ئیتر توانستی منداڵبوونی نەماوە و بەڕاستی پیری و نیشانەکانی تەپیان داوەتە سەری. لەوەها کاتێکدا دۆزینەوەی کاری لەبار و دابینکردنی سەرگەرمی پێویست بۆ ئەو بەساڵداچوپانە ئێجگار کارساز و بەجێ‌یە.

تووڕەیی:

بێ هێزی لەش و ناساەی بەدەنی و تەنیایی، بارودۆخێکی وا پێکدێنن کە پیرەکان زوو هەڵدەچن. جاری وا هەیە لە کاتی تووڕەبوونیاندا، بێدەنگە لێکردن و قسە نەکردن زۆر باشترە.

ئاوڕدانەوە بۆ رابردوو:

دەڵێن لاو لە داھاتوودا دەژی و میانساڵ لە ئێستادا و پیروتەمەندار لە رابردوودا. بیرەوەری‌یەکانی رابردوو و بەسەرهاتەکانی رۆژگار شەوق و رەنگ دەدا بە سەردەمی پیری.

بەو هۆیانەوە باسمان لێکردن ئیتر بۆچی بە تۆپزی پێیان بسەلمێنین کە فڵانەکەس تۆ پیر بووی! تۆ ناتوانی کار بکەی. باش نیە تۆ لە رەسم و یاسای جێژن و مێوانیدا بەشداری بکەی! واباشە لێیان بگەڕێین تا ئەو رادە دەتوانن و تا ئەو جێگایە پێیان خۆشە کار بکەن و سەرگەرم بن. با بۆ میوانی و هامۆشو کردنیش ریگایان بدەین. با پێش خۆمانیان بدەین و لە گەڵیاندا بگەڕێین و بە سەرنج و مەیلەوە گوێ بۆ گێڕانەوەی قسه و باس و بەسەرهاتەکانیان رابگرین. با لەوە بەدوا بێینە سەر ئەو باوەڕە و پێمان وابێ ئەو قسەیە کە دەڵێن “پیری و هەزار عەیب” راست نییە. راست ئەوەیە بڵێین “پیری و هەزار لێهاتوویی”، “پیری و هەزار ئەزموون”، و لە کۆتاییدا “پیری و هەزار دەستکەوت و دیاری” و “پیری و هەزار شارەزایی و فرەزانی”.

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دوازدەهەم، ژمارەکانی ۱۲۵و ۱۲۶، سەرماوەز و بەفرانباری ۱۳۷۵، لاپەڕەکانی ۶۵ تا ۶۷.

*نووسراوەکە کورت کراوەتەوە.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا