لەگەڵ سروە؛

زستانی لادێ

✍️خدر میرسەیدی

سێهەم مانگی پایز بوو. هاژەی دڵتەنگ و گڤەی بە سامی رەشەبای تووڕە گەردەلوولی بانانی رادەماڵێ، چاوی کوڕوکاڵی کۆڵانی ئازار دەدا، کاکۆڵی شانە کراوی ئاڵۆز دەکرد و ریشووی شەدە و تۆپی دەسماڵی هەوری دەشەمزاند. باڵندە سەر لێ شێواوەکان خۆیان دەپەنا و پەسیوان داخنی. وردە وردە لاپەڕەی تەمەنی پایزی زەرد پەڕپەڕ دەبوو.

نۆرەی هاتنی وەرزی زستانە. زستانی لاو، لاوی تووڕە و تۆسن، رووگرژ و لەخۆبایی و لەسەرەتای مانگی بەفرانباردا. بەفر و کڕێوە بە شەو و رۆژ لە سەربان و حەوش و کۆڵان، منداڵی رووتی رێگای قوتابخانە و هەموو بوارێکی شەکەت دەکرد.

بوومەلێڵی بەیانی لاوانی گوند دیاری زستانیان لە سەر بانەکان ڕا فڕێ دەدا، بەفر دەماڵدران و بەفرانباریش تێدەپەڕێ. ئەوجار نۆرەی رێبەندانە ئەویش بە زەبر و زەنگی توند و بێ بەزەیی ۆوروهمی هێناوەتە سەر گوند. گەنمی چاڵان و ئاردی ئاشان تەواو بوون. دانەوێڵە لە تونگە و دێزە و کووپە و هەمبانان بڕا، بن هەرزاڵ چۆڵ بوون، مەیدانی رمبازێنی مشکان بەتاڵ بوو.

کاروان پەکیان کەوت، کێوەکان کونەبڕ بوون و لووساوەکان شەمشیرەیان بەست. ئاژەڵ لە تەویڵە و باڵندە لە هێلانەدا مانەوە. کۆبوونەوەی شەوانەی خەڵکی لادێ دەستی پێکرد، شەوانە پیاوان بە میرمیرێن و جۆرابێن و دەیان بەزمی دیکەی کوردەواری و ژنان بە خوری بەستن و تەشی رستن و… شەویان شەق کرد. ئەو شەوانە هاتن و چوون و لەتەمەنی زستان کەم بۆوە.

رەشەمە هات. فەقیری رووت و هەژار ئەو جارەش لە مەترسی بەستنی پاش لێوە لەرزە رزگاریان هات، تیشکی هەتاوی بەهار هەموو دوند و بنار و شار و گوندی گرتەوە. هێزی زستانی بڕی، رەشایی کەوتە وڵات. کاریلە و بەرخ لە قەراغ دێ و لاپاڵ و شیوان وە جم و جوڵ کەوتن. باڵندە هێلانەیان ساز کرد. جووتێران گاسنیان سەر کردەوە، خاوی وڵاغانیان شکاند و بەرەو مەزرا وەڕێ کەوتن و بەهاری ساڵی تازەیان دەست پێکرد.

سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی چوارەم، ژمارە ۳۱، رێبەندان ۱۳۶۷، لاپەڕەی ۱۸.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا