لەگەڵ سروە؛
ئاوارە بوون
✍ حەسەن ئەمینی
لە خەوێکی شیریندا بوون کە هەستە هەستەی خێزانم لەخەویێ ڕایپەڕاندم و دەستم کرد بە بۆڵەبۆڵ، چیە؟ دیسان نانمان خەڵاس بووە؟ بەوبەیانی بەزووەی حڵ و حەوسەڵەی سەفم نییە.
نا مەترسێ بۆ نانەواخانە نیە هەستە بڕۆ بۆ مەیدان کارێک پەیدا کە، ئیمڕۆ هەینییه و منداڵەکان بێکارن دەیانێرمە سەفی نانەوایی.
بۆئەمن هەینی و پشوودانم نیە؟
هەستە خێراکە، کرێکار هەینی و شەممۆی نیە، هەستە هەتا وەدوا نەکەوتووی.
بە ناقایلی هەستام و خۆم گەیانە مەیدان، هیچ کەسی لێ نەبوو، هەروا چاوەڕوان بووم هەتا کەسێ بێ و بە فەعلەییم بگرێ کە لە پڕ قەڵافەتی زەلامێک سەرنجی ڕاکێشام کە لە گۆشەیەکی مەیدان یەک بە خۆی ڕاکشابوو. زۆرم پێ سەیر بوو. لێی نزیک بوومەوە و گوتم: خاڵە هەستە سەرپێ بزانم چ بووە؟ کرێکار چۆن دەبێ بە درێژبوونەوە چاوەڕوانی کار بێ؟ هەستە هەستە. کابرا بە نەقە نەق هەستا و کپ و بێدەنگ چاوی هەڵێنا، لێوی چرچ و زەرد بوو. زانیم کە موعتادە، گوتم:
ئەتۆ لێرە چ دەکەی؟ ئەوە بۆ وات بەسەر هاتووە؟
گوتی: لێم گەڕێ، منیش لێی گەڕام و چوومەوە شوێنەکەی خۆم چاوەڕوان مامەوە. بەرە بەرە لەم لا و لا کرێکار هاتن هەتا دەهات ژمارەیان پتر دەبوو. بەڵام لە ساحێب کار هیچ خەبەرێک نەبوو.
دوای ماوەیەک کابرایەک بە ماشینەوە هات هەموومان خۆمان بۆ کوتا. بەڵام ئەو تەنیا چوار کەسی بە خۆوە و چوار شانەی لەنێو ئێمەدا هەڵبژارد. ئێمە هەر وا ماینەوە هەتا دنیا بە تەواوی رووناک بوو. کرێکارەکان بە ناهومێدییەوە یەک یەک رۆیشتن تەنیا ئەمن و کابرای موعتاد مابووینەوە. ئەمن لە سەر حاڵی خۆم را زگم بەوی دەسووتا. چووم دەستمگرت و دەگەڵ خۆم بردمەوە ماڵ. دیار بوو برسی بوو، نان و پێخۆرمان بۆ هێنا و جل و بەرگەکانیمان لێ گۆڕی. کابرا لە خۆشیان ئارا و قارای نەبوو. هەروا تێی دەفکریم. لێوەکانی چرچ و وشک هەڵگەڕابوون، ددانەکانی زەرد و نێوچاوانی پڕگنج بوو. چاوەکانی دەقووڵ چووبوون. بەڵام بە ئاشکرا فرمێسکی پەشیمانیان تێدا دەبیندرا. لە سەر دەستی وشەی سەیر کوترابوو. لەنێو ئەو وشانەدا چەند وشەێک سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا و هەروا لەبەر خۆمەوە دووپاتم دەکردنەوە: موحەببەت، ئەفسووس، بۆ؟ بریا! و …
چی دیکە خۆم پێ رانەگیرا و دەستم پێکرد: حەیفت لە خۆ نایە بۆ وات لە خۆت کردووە؟ کێ وای لێکردووی و …؟
بریا برینت نەکولاندبامەوە، ئەمن هەر لە منداڵییەوە چارەڕەش بووم. وەختایێک فامم کردەوە خۆم لەنێو بنەماڵەیەکدا دیت کە گەورە و چکۆلەی مەعلووم نەبوو، کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە، دایک و بابم دایم و دەرهەم پێکەوە لەشەڕ و شۆڕی خۆیان ئاگایان لێمان بڕابوو.
ئێمە دووبرا و خوشکێک بووین، من لەوان گەورەتر بووم. هەر لە منداڵیوە دەگەڵ باوک و دایکم کەلێن و قوژبنی دادگا و شارەبانی بووین، کە دەهاتینەوە ماڵێ بەسەر خانوویەکی سارد و سڕدا دەکەوتین کە چرای موحەببەتی تێدا نەدەسووتا، فرچکمان بە تۆران و گریان کردبوو. نەتەنیا ئێمە بەڵکوو دەر و جیرانیش لە دەستی وەزاڵە هاتبوون. باش لەبیرمە شەوێک لە سەر سفرەکە نانمان دەخوارد دایک و بابم لێیان بوو بە شەڕ. بابم لە دایکمی دەدا و ئەمنیش هەرچی کردم قەوەم پێ نەشکا. هەڵاتمە بەر دەرکی ماڵە جیرانەکەمان. ژنەکەی دەرگای کردەوە و گوتی چیە دیسان دایک و بابت بەشەڕ هاتوون؟ ئەو شۆ نۆبەی ئەو ماڵەی دیکەیە لێکیان کاتەوە. هەر ئەوەندە بوو لە شەرمان نەدەمردم. ئاخرەکەی وای لێهات ناچار بووم سەرم هەڵگرت و رۆیشتم هەتا پاش هەڵوەدا بوون لە زۆربەی شارەکاندا لە پاوە گیرسامەوە و دەگەڵ چاک و خەراپ هەستام و دانیشتم. هەتا ئاخرەکەی تووشی ئەو رۆژە بووم.
کابرا ئەوەی گوت و هەرچەند دەبەریدا شل و کوت بووین لەلای ئێمە نەماوە و هەستا رۆیشت و دنیایەک پەژارەی بۆ ئێمە بەجێ هێشت.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی حەوتەم، ژمارەی ۶۲، رەزبەری ۱۳۷۰