لەگەڵ سروە؛

بنووسە خەڵیفە سابیر، خەڵکی وا دەمناسن

گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە لە ژمارەی پەنجمی خۆی، وتووێژێکی لەگەڵ سابیر نیلوفەری ناسراو بە خەڵیفە سابیر، گەورە پیاو و وەرزشوانی بەناوبانگی سەقزی لەژێر ناوی “وەرزش و کوردستان” بە قەڵەمی “عەتا کەشاوەرز” بڵاو کردەتەوە.

واکاوی بە بۆنەی نزیک بوونەوە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەو گەورە پیاوە (۲۳ی ڕێبەندان)، ئەم ژمارەی “لەگەڵ سروە”ی تەرخان کردووە بۆ بەشێک لەو نووسراوە. نووسراوەکە زۆرترە و ئێمە تەنیا بەشی وتووێژکەی دائەنین.

“وەرزش و کوردستان”


✍️عەتا کەشاوەرز

ناوم سابیری نیلوفەری‌یە کە (پێ دەکەنی و دەڵێ) بنووسە خەڵیفە سابیر، خەڵکی وام دەناسن. لە ساڵی ۱۳۰۴ هاتوومەتە دونیا، ۵ کوڕ و ۲ کچم هەیە، بۆخۆم کەبابچیم، باوکیشم هەر کەبابچی بووە. لە ساڵی ۱۳۱۷ دا تەسدیقی (پۆلی شەشومی یەرەتایی)م وەرگرت. پاشان هاتمە نێو جەرگەی کاسبی.

هەر وا بۆ ئەوەی زۆربەی کەسەکانم بەهێز و قەوەت بوون ئەمنیش بڕوام هاتە سەر ئەوەی کە وەرزش بکەم. لە ژێرخانی ماڵی خۆماندا بە لوولەیەک کە بە دوو سەری لوولەکە وەزنعی سیمانم بەستبوو وەرزشم دەکرد. ئەم کارە تا ۴ـ۵ ساڵ درێژەی هەبوو تاکوو جارێک چوومە ورمێ دیتم چۆنیەتی وەرزش کردنەکەم پڕ لە هەڵەیە، هەڵەکانم درووست کردەوە و ئەمجار لەگەڵ چەند برادەری دیکە دیوێکمان لە ماڵە نەجمەی دەماری بەکرێ گرت. پاش ماوەیەک ئێمەیان لەو ماڵە وەدەرنا و ئەمجار چوینە کانی گەرمکاو، لەوێش ماوەیەکی زۆر نەماینەوە، ئەمن بۆ خۆم تەنیا مامەوە و ۱_۲ ساڵی دیکەیش میوانی ژێرخانەکەی خۆمان بووم. ئاغا نەسەی تاهیری شتێکی سەندبوو پیان دەگوت هاڵتر.

هاتینە سەر ئەوەی کە لە ماڵی وان‌دا وەرزش بکەین، بۆ ئەوەی دایکی زیز ببو پاش ماوەیەک لە ئەو ماڵەشدا نەماین. سەر لە نوێ ژێرخانەکە دەسی ماچ کردم.

پاش ماوەیەکی دیکە لە گەڵ میرزا مەحموودی زاهیدی، ئاغە ئەسەی تاهیری، دەروێش عەلی توفانی سەنەندەجی بڕوامان هاتە سەر ئەوەی کە زۆرخانەیەک بۆ شارەکە درووست بکەین. هەماری مووساییەکان کە ئێستا حەمامی فیروزەیە بە مانگی ۳۵ قەران بەکرێمان گرت و بە هەر لەونێک بوو ئامادە و پەرداختەمان کرد. پاشان داوامان لە خەڵکی شار کرد کە بۆ دیتنی کارەکەمان کۆ ببنەوە. خەڵکی هاتن و پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە مەبەستی ئێمە لەم کارە چییە و هەروەها مامۆستاکانی ئایینیش بە خەڵکیان راسپارد کە منداڵەکانیان بۆ زۆرخانە بنێرن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شار بەشداری‌یان کرد.

پاش ۲ تا ۳ ساڵی ۲۷_۲۶ چوومە بانە، لەو شارە خەریکی کاسبی کەبابچی‌یەتی بووم. پاش ۶ مانگ دەستەیەک بانەیی داوایان لێکردم کە زۆرخانە دابمەزرێنم. بۆ ئەوەی کە زۆر لە سەری سوور بوون مام دانا، پوڵێکمان کۆ کردەوە و لە دووکانەکانی حاجی حەمەمینی وەیسی چوار دوکانمان بە مانگی ۳۰ تمەن بەکرێ گرت. خەڵکی گوتیان ۳۰ تمەن زۆرە، بچینە لای حاجی بەڵکو بۆمان بشکێنێ. حاجی خوای لێ رازی بێت کردی بە ۳۱ تمەن! سەرت نەیشێنم زۆرخانەی بانەشمان ئامادە کرد و لە کوردستانەوە مورشید شەریف‌مان هێنا. رۆژی ۳ تمەن و خەرجیشمان دەدا. ڕۆژی هەوەڵ کە خەڵک کاری ئێمەیان دیت پاش ئەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هوروژمیان دەهێنا و بەشداری‌یان دەکرد، وای لێهاتبوو کە سەرم نەدەپەرژا بە دووکانەکەڕا بگەم تا ڕۆژێک بە من ڕاسپاردرا کە ۷_۶ کەس لە عێراقەوە بۆ باس و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سنوورەکان دێنە بانە و دێنە سەیری زۆرخانەکەی ئێمەش. لەم ڕۆژەدا هاتنە زۆرخانە و سەیری ئێمەیان کرد. پاش ئەوەی کە کارمان تەواو کرد موتەسەڕیفی سلێمانی‌یە (فەرماندار) پرسیاری کرد لە کەسب و پیشەی من و لە دواییش گوتی کە بۆساڵێک ئەگەر بچمە عێراق و ببمە مامۆستایان و لاوانی ئەوان فێری ئەم وەرزشە بکەم هەرچی داوا بکەم دەمدەنێ. منیش مشتێ لە خۆڵی زۆرخانەکەم کۆ کردەوە و گوتم ئەمن ئێرانیم لە هەر سووچێکی وڵاتەکەمدا ئامادەی ەزمەتم و ئەگەر خۆێنێک لە لەشمدایە لە ڕێگەی پاراستنی وڵاتەکەم بەختی دەکەم. گەورەی قشوونی بانە کەوشەکانی داکەند و پاپەتی هاتە مەیدانەوە لە باوشی گرتم و خەڵکی پوڵێکی زۆریان بەسەردا کردم.

لە ساڵی ۳۲دا گەڕامەوە سەقز و تا ۲ ساڵ زۆرخانەم هەبوو، پاشان بە تەنیا کەوتمەوە و لە ماڵی وەرزشم دەکرد و تا ئێستاش کە لە خزمەتی خەڵکی شارەکەمدام و لەگەڵ ئەوەدا کە کەبابخانەم هەیە شکستەبەندیش دەکەم بەڵام لە بابەتی ئەم کارەمدا پوڵێک وەرناگرم.

لە پاش هەموو قسەکانمدا تکام لە لاوەکان ئەمەیە ئەگەر دەیانەوێ ژیانێکی درێژ و ساخ‌یان ببێ باب و باپیرم بە منیان گوتووە ئیتاعەتی خوا و وەرزش بکەن کە بە ئەم شێوە قەت پشتت لە عەرز نادرێ. منیش هەر ئەم وتەیان بۆ دووپات دەکەمەوە و تکام هەیە کە وەپاش گوێی نەخەن.

*سەرچاوە؛ گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دووهەم، ژمارە ۵، بەهاری ۱۳۶۵، لاپەڕەکانی ۶۶ تا ۶۹.

یک دیدگاه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا