لەگەڵ سروە؛

تراویلکە

✍️فایق ناسری (سەقز)

 

پەشۆکاوی لە دەرونم‌دا شەپۆلی لێدەدا. وەک شتێک دەترسام و نەمدەتوانی تەماشای سەرۆکی دادگا کەم… هەرچۆنێک بوو، هێندێک بە سەر خۆم دا زاڵ بووم و لە کاتێکا دەمەویست خۆم بەهێز نیشان دەم، گوتم:

_ سەرۆکی دادگا… رەنگ بێ من و خێزانمت لەبیر مابێ، چونکە تا ئێستا چەند جاری تریش هاتووینە ئێرە… راستت دەوێ نازانم لە کوێ‌وە دەس پێ بکەم و چۆنی درێژە پێ بدەم… بە هەر چۆنێک بێ زۆر بەکورتی عەرزتان دەکەم:

_ “منداڵ”… بەڵێ “منداڵ” تەنیا هۆی جیابوونەوەی من و خێزانمە. بە بڕوای پزیشک خێزانم ناتوانێ خاوەن منداڵ بێ. ئەمەش شتێکە کە بۆ من زۆر دژوارە و پێم قەبووڵ ناکرێ. قانوونیش لەم بارەوە دواوە و مافیێکی بۆ من دیاری کردووە.

کاکی سەرۆک… ئەوە مافی منە کە باوک بم و دەنگی گریان و پێکەنینی منداڵەکانم لە ماڵێ گوێ لێ بێ… چۆنی دەربڕم؟ نازانم. بە کورتی “هەر” شتێک کە باوکێک دەیەوێ بە تەواوی ئاواتەکانیەوە.

تەنیا تکام ئەوەیە کە هەرچی زووتر پەروەندەی ئێمە بخەنە بەر چاو، چونکە ئەمن پێم وایە ژنێک کە نەتوانێ ببێتە “دایک” لە لای من بێ بایەخە و ناتوانم چیدی لەگەڵی دانیشم و شەوی لەگەڵ رۆژ کەمەوە. تا ئێستایش کە ئاوا لە نێو خەڵک “بەر چاو” بووم ئیدی بەسە… وەک دەڵێن: “دەرکی دەروازەی دەبەسترێ، زاری خەڵکی نابەسترێ”.

سەرۆکی دادگا بە شێنەییەکی تایبەتی گوێی بۆ شل کردبووم، لەوە دەچوو کە دەیەوێ رای خۆی دەربڕێ._خۆشکی بەڕێز قسەکانی مێردەکەت گوێ لێ بوو، قسەکانی درووستن یا نا؟ ئەگەر تۆش لەم پێوەندی‌یه‌دا قسەیەکت هەیە فەرموو.

“توبا” بە هێمنی دەستی پێکرد، وەک دەنگێک کە لە قووڵایی‌یەکەوە بێتە دەر گوتی:

_کاکی سەرۆک، ئایا ژنێک کە بە هەموو جۆر لەگەڵ مێردەکەی سازاوە دەتوانێ باسی جودایی بکا؟ من نامەوێ لە مێردەکەم جیا بمەوە. هیچ کاتیش نەمویستووە زۆر جاریش لە مەڕ منداڵەوە قسەم لە گەڵیا کردووە… کاکی سەرۆک چۆنی دەربڕم؟ پیاوێک کە چکۆلەترین بایەخ بۆ ژنی خۆی دانەنێ چۆن دەتوانێ چاوەڕوانی منداڵیش بێ؟

شەرم لە راستی گوتن بۆتە قفڵێک بە دەممەوە. خۆزگە توانیبام هەموو شتێکم دەربڕیایە. ئەدی دژواری و چەڵەمەکانی ژن و مێردی؟ ناتوانم… ناتوانم دەریبڕم… بەڵام ئەوە ئەزانم کە ئەم چەڵەمانە بیانوویەکە بۆ تەڵاق. ئاخر من تا ئێستا بۆ مێردەکەم هەر وەک کالایەک بووم و بەس، بێ چکۆلەترین هیوا و مانای ژیان… بەڵام هیچ… بۆچی… لەبەر ئەوە ویستوومە و دەمەوێ بژیم.

 

بە تەشەرەوە گوتم:

_ بەسە خانم لێرەدا کاری من و تۆ لەگەڵ دادستێن و دادگایە، خۆ بەر درگای ماڵێ نیە بۆ ژنە هاوسێکانمان دەردی دڵ بکەی و دەس بکەی بە قسەی منداڵانە… لەمانە گەڕێین، من هیچ جۆر ئامادە نیم لە گەڵ تۆ بم، نازانم چۆنت تێ گەیەنم نامەوێی خانم! نامەوێی!

سەرۆکی دادگا قسەکانی بڕی:

_کاکە بەڕاستی ئێوە بیر دەکەنەوە کە تەڵاق دوایین پەڕی قوماری ژینە؟ ئەدی پیاوەتی، ژیری، لێبوردەیی و ئەمانە چ مانایەکیان دەتوانێ هەبێ؟ سەیرە! ژنێک کە مێردەکەی خۆی ئاوا ئەویندارانە خۆش ئەوێ، پیاوەکە پشت لەم بەختەوەری‌یە دەکات؟…

سەرۆکی دادگا بە ناهومێدی تەماشای من و خێزانمی کرد، دەتگوت ئەو زۆرتر لە من بەو جیابوونەوە لە جەزرەبەدایە.

“توبا” بۆ دوایین جار دوایین هەواڵی خۆی دا و دەستی بە گریان کرد و وەک منداڵێک کە بە گریانەوە قسە دەکا فرمێسکی لەچاو دەهاتە خوار و بەو هیوایە کە بەڵکوو بەگریان کارەکەی راست بێ دەستی پێکرد:

_”تەهماسب”… من لە هەوەڵەوە نەمدەویست لەگەڵ تۆ زەماوەند بکەم، نە تۆ نە هیچ پیاوی تریش. ئاخر من دەمەویست درێژە بە خوێندنەکەم بدەم و ببم بەو کەسە کە ئاواتم بوو… پزیشک… خانم دکتۆر… چ رۆژانێک کە بەم ئاواتەوە بووم … دەبێ لەبیرت مابێ کە چۆن رازی بەو زەماوەندە بووم؟! “خۆ کوشتن”، بەڵێ “خۆ کوشتن”، تۆ! ئەویش لەبەر من. گوتبوت “ژین بێ توبا مانای نیە”. گوتبوت ئەگەر ئەوجاریش رزگاریت بێ دەس بۆ خۆ کوشتن دەبەیەوە. ئەمە قسەیەک بوو کە بە پزیشکی دەرمانگەرت گوتبوو. من… ئەرێ، من… بۆ ئەوەی جارێکی‌تر ژینت پێ ببەخشم هاتمە ناو ژینت. بەڵام بەداخەوە تۆ ئێستا دەتەوێ ژین لە من بستێنیەوە. ئایا ئەمە کارێکی عادڵانەیە تەهماسب؟

باوکی خوالێخۆشبووم بەم زەماوەندە رازی نەبوو. دەیگوت “پێم باش نییە زەماوەند لەگەڵ لاوێک بکەی کە توانای رووبەوو بوون لەگەڵ تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی نیە”. بەڵام کاتێک زانی کە من قسەیەکم نیە ئەویش قسەیەکی بۆ گوتن نەما. بەدوای ئەوەدا باوکم وەک مامۆستایەکی دڵسۆز ئاگای لێمان بوو… ئێستە ئیتر قسەیەکم نیە و تەڵاق قەبووڵ دەکەم. رۆژێکی‌تر، لە جێیەکی‌تر، لە دادگایەکی‌تر سەربەرز روبەرووت رادەوەستم.

“توبا” ئیدی نەدەگریا، بە گوتنی ئەم قسانە هێندێک هێدی ببۆوە، بەڵام من هیچ وڵامێکم نەبوو. بەم جۆرە ماوەی ژینی ژن و مێردی من و توبا تەواو بوو، تەنیا دوایین جار کە پێکەوە بوویین، ئەو کاتە بوو کە لە سەر پلەکانی دادگا خوداحافیزیەکی تاڵی کرد و لە نێو خەڵکەکەدا لێم ون بوو.

لە کاتێکدا چاوم بە پەروین کەوت کە لە بیری ئەو رۆژەدا بووم کە توبا بە منی گوت: “تەهماسب، راستی ئەگەر منداڵمان بوو پێت خۆشە ناوی کوڕەکەت بنێی چی؟” منیش بە پێکەنینەوە گوتم: “ئەی فێڵەباز، لە کوێوە دەزانی کوڕە؟”

کوتی: “بە دڵم داهاتووە کە کوڕە، کوڕێکی کاکۆڵ زێڕین، هیوا… ئەرێ ناوی کوڕەکەمان دەنێین هیوا، لەبەر ئەوەی کە هیوا مزگێنی ژینە…”

پەروین خۆی رازاندبۆوە جوانتر لەوەی کە بوو وەبەر چاو دەهات. چەپکە گوڵێکی پێ بوو، داینا و گوتی: “تەهماسب، توبات دەس بە سەر کرد؟ رۆیی؟

کوتم:

_ ئەرێ “پەروین” ئەورۆ هەموو شتێک تەواو بوو… من ئێستە تەنیای تەنیام. پەروین بە پێکەنینەوە گوتی: “تەهماسبی خۆشەویستم ئەم قسانە چین؟ تۆ تەنیا نی… لەمە بەولاوە ئێمە… من و تۆ رۆژانێکی بە یەکەوە تێپەر دەکەین… دەبێ هەرچی زووتر بەڵێنی‌یەکەت بەجێ بێنی و گۆوەندێ بگرین.

بە دڵ تەنگی‌یەوە گوتم:

_جاری پەلە مەکە، من توبام لەبەر تۆ ئاوارە کرد، ئێستایش هێندێک مەودام بدە تا بیرەوەری ئەو رۆژە خۆشانەی لەگەڵ توبام بووە لەبیر بچنەوە. نێو چاوانی لێ تێک نام و گوتی:

_خۆشی؟ کامە خۆشی؟ تۆ هەموو کات دەتگوت کە منت لە توبا خۆشتر دەوێ و لە بەر من ژنەکەت تەڵاق دەدەی؟ منداڵیش بیانوویەک بوو بۆ جۆربونی کارەکەت…

دوو سێ حەوتوو بەم جۆرە تێپەڕ بوو کە پەروین بە نێوی خێزانی من پێی ناوە نێو ماڵێک کە جێ ژینی رابردووی توبا بوو. رۆژەکان و حەووتوەکانی سەرەتای ژینی هاوبەشیمان لە گەڵ خۆشیەکی زۆر تێکەڵاو بوو، بەڵام هێندەی پێ نەچوو کە بیانووە جۆراوجۆرەکانی پەروین دەستی پێکرد و لە چکۆڵەترین شت کێوێکی بیانوو دادەتاشی.

پەروین زۆر کەللە رەق و سەرکێش بوو، بایەخی بۆ قسەکانم دانەدەنا… ژنێکی پڕ خەرج، هەر رۆژەی دەستێک جل و بەرگ، پووڵ بەم لا و لەو لا دادان… تەنیا بەشێک لە کارە نارەواکانی پەروین بوو. هەر وەها تەواوی کەل و پەلی ماڵ کە توبا لە ماوەی ژن و مێردیمان‌دا کۆی کردبۆوە بڵاوی کردەوە و ئاسەواری نەهێشت.

منیش بوومە ئینسانێک کە لە ژێر باری قەرز و قۆڵەدا ماوەتەوە و بێزار لە هەموو شتێک… کار بە جێیەک گەیشتوو کە رۆژێک پەروین زۆر بە رووداری‌یەوە پێی گوتم: “ئیتر پێم خۆش نیە تەنانەت رۆژێکیش لە لای پیاوێکی وەک تۆ دانیشم…تۆ هەر بۆوە دەبی کە بە ناو مێرد بی…”

پەروین رۆیشت، هەر وا کە هاتبوو… ئەم مارە خۆش خەت و خاڵە چۆن هاتە ناو ژینم و چزی لە توبا دا و ئەوی گەزت و لە من هاڵا، رۆیشت. لە گەڵ ژینی من، بە تەواوی دونیای رەنگاورەنگەوە کە دروستم کربوو بەڵام تراویلکەبەک زیاتر نەبوو…

بەهار لە باوەشی نەورۆزدا دەهات… پێکەنینی منداڵان دەهات و شادی لە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا دەگەڕا…جێژنانەیان بە یەک دەدا… “جێژنی نەورۆز” و “بەهار” دوو هاوڕێی لە مێژینە… بەڵام جێژن بۆ من مانایەکی نەبوو… ببوومە پیاوێک کە تا نیوە شەو لە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا بەهیوای دۆزینەوەی پەروین دەخولامەوە. گەرەکم بوو تۆڵەی ئەو بەختەوەری‌یەی لە منی ئەستاندبوو، بسێنمەوە، بەڵام لە دەروونی خۆمدا هەستێکی زۆرم بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە نەبوو، پێم وابوو هەست بە تۆڵە ئەستاندنەوە کارێکی چکۆڵەیە.

رۆژی هەینی بوو، هەینی یەکەمین ساڵی نوێ. شەقامەکانی شار لە رابردوو چۆڵ‌تر ببوون و منیش لە شەقامەکانی شاردا دەگەڕام… بێ ئامانج، بێ بەش لە بەختەوەری… لە نەکاو دیمەنێکی سەیرم وەبەر چاو کەوت. وام زانی خەیاڵاتە، گیانم لەرزی، لەشم لەرزی… بەڵام ئەوە راست بوو، تراویلکە نەبوو… راستەقینەیەکی تاڵ بوو کە بە چاوی خۆم دەدی… توبا… بەڵێ توبا… توبام چاو پێکەوت لەگەڵ کوڕێکی لاو و منداڵێک بە باوەشەوە. ئەم پیاو و منداڵە دەبێ چ خزمایەتێکیان لە گەڵ توبا هەبێ؟ دەبو تێ گەیشتبام. لە ماوەیەکی کورتدا کە توبا بۆ کڕین چووە ناو فرۆشگایەک بە دەرفەتم زانی و خۆم گەیاندە لای پیاوە لاوەکە… چ کوڕێکی جوان، چاوەکانی بە رەنگی ئاسمان، واقی منداڵەکە بووم کە دەنگی پیاوە لاوەکە وە خۆێ هێنامەوە:

_”ئاهای کاکە، بڕۆ ئەو لاوە… بۆ وا واقی ئەم منداڵە بووی؟!

بە زۆر قسەم بۆ دەهات:

_من… هیچ یەک… هیچ یەک، ئەمە کوڕی ئێوەیە؟

پیاوی لاو بە سەر سوڕماوی‌یەوە کوتی:

_روونە کە کوڕی منە بۆ دەپرسی؟

کوتم:

_”کوڕێکی جوانە کاکە، ناوی… ناوی ئەم کوڕەی ئێوە چیە؟

پیاوی لاو کە زۆرتر سەری سوڕ مابوو کوتی:

_”هیوا… ئیتر پرسیارێکی دی‌تان ماوە؟

کوتم:

_”ناوێکی جوانە… هیوا. رۆژێک ژنێک بە منی کوت “هیوا” مزگێنی ژینە. لەم کاتەدا “هیوا” قاوی دایکی کرد و پیاوی لاو کوتی:

_”دەبینی ئەم دوو بستی‌یە چ دایکە دایکێکێتی؟ وەکوو شتێک دەڵێی لە دەستی هەڵدێ.

لە کاتێکدا ماڵ ئاواییم لەگەڵ دەکرد کوتم:

_”بەختەوەر بن کاکە”.

پیاوی لاو وڵامی دامەەوە:

_”له بەختەوەری‌دا هیچ شتێکمان کەم نیە”.

 

*سەرچاوە؛ گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی چوارەم، ژمارەی ۳۱، رێبەندانی ۱۳۶۷، لاپەڕەکانی ۲۳_۱۹.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا