کەمتەرخەمی

لەگەڵ سروە؛

محەمەد نافع عەلائی

بە هاتنی وەرزی بەهار هەوای بەندەن لە سەری دام و دەگەڵ یەکێک لە هاوڕێ‌یانم بەرەو کوێستانی سەرشیو کە یەکێک لە کوێستانانی هەرە خۆشی کوردستانە وەڕێ کەوتین. مەبەست لەو سەفەرە بێجگە لە تازە کردنەوەی دیدار دەگەڵ خزم و قەومان دیدارێک لە کوێستان و گۆڕینی ئاو و هەوایەکیش بوو. جا سەیری ئەوەیە کە من هیچ لە بیری کەوشەکانمدا نەبووم و هەر بەو کەوشە سووکانەوە کە تایبەتی گەڕانی نێو کووچە و خەیابانی شارە عەزمی سەفەرم کرد. یاخوا ئەو پەەندەی بە سەر من هات بە سەر دوژمنانیش نەیە کە ئەوە خۆی حکایەتێکی دوور و درێژە و لەجێگای خۆیدا باسی لێدەکەین. دوانیوەرۆی رۆژی پێنجشەممۆ لە شاری سەقزۆ بەرەو گوندی حەسەن سەلاران وەڕێ کەوتین و بە سەلامەتی لەوێ نیشتەجێ بووین. لە ناوچەدا رەسم بەم جۆرەیە کە لە وەرزی بەهاردا پاش پێگەییشتنی گژ و گیای بەهاری هەموو رۆژەکانی جومعە لە هەموو گوندەکانی دەوروبەرەوە لاوانی گوندەکان لە کوڕ و کچ بۆ بەەدەن بەرەو کوێستانە بەرزەکانی ناوچە وەڕێ دەکەون و پاش بڕینی رێگەیەکی سەخت و تێپەڕکردنی چیا و کەژ و دەشت و دۆڵێکی زۆر بە دەم هەڵکەندنی گژ و گیای خواردەمەنی وەک: قارچک، بێچکە، کنیواڵ، رێواس، لووشە و شنگی بەندەنی، لە شوێنێکی خۆش ئاو و هەوا و خۆش بەرجەوەنددا کۆ دەبنەوە. لەو ماوە کورتەیەدا دڵ لە هەموو شتێک بەر دەدەن و بە خۆشی رایدەبوێرن و بۆ ماوەیەکیش شایی و هەڵپەرکێ دەگرن، بەختەوەرانە بۆ سبەینێ‌را رۆژی جومعە بوو.

بەیانی زوو لاوانی دێ کۆ بوونەوە و ئێمەشیان دەعوەت کرد و رێ کەوتین. چەند کەسێ وڵاخی سواریان دەگەڵ خۆیان هێنابوو، بەڵام ئەوەش بەهۆی سەخت بوونی رێگەی کێوەکان نەدەگونجا و دەبا پاش ماوەیەک رێ پێوان وڵاخەکانیان لە جێگەیەکدا تا کاتی گەڕانەوە ببەستنەوە و هەر واشیان لێکرد. پاش بڕینی کوێستانەکانی ژووری ئاوایی وردە وردە بەجێگای دەرهاتنی گژ و گیاکان گەیشتین، ئەوجار دەستیان بە هەڵکەندن کرد. بڕینی ئەو هەموو شاخ و بەردە هەرچەند زۆریان هیلاک دەکردین بەڵام بۆ من شیاوی هیلاک بوونی بوو، چونکە دەمتوانی لەم رێگایەدا دەگەڵ یەکێک لە یاساکانی کۆنی کوردەواری کە بە دڵێکی پاک و خاوێنەوە بەرێوە دەچێ ئاشنا ببم و بتوانم لە نزیکەوە بەجوانی بیبینم.

هەر وەک گوتمان بە کوێستانی گژوگیا گەییشتین و هەموو خەریکی تێکنانی کۆڵ و بار بوون، بەڵام مەبەستی ئەسڵی کێوی «بەردە رەش» بوو. چوونکی بڕیار وایە کە لە ۆەموو گوندەکانی دەوروبەرەوە بەرەو ئەو جێگەیە وەڕێ بکەون. بەو جۆرە کە بۆم دەرکەوت کێوی بەردە رەش زۆر دوورە، دەبێ بەجوانی قۆڵی لێهەڵکەم.

لاوانی گوندی حەسەن سەلاران بە ئێمەوە یازدە نەفەرێک دەبوون. لە رێگا تا گەیشتن بە بەردە رەش چەن جاران چا مان لێنا و تەنانەت نانیشمان خوارد. سەوزەڵانی کێوە جوانەکان و بن سێبەری بەردەکان و هاژەی بەفراو و کلیلە بەفرەکان کە کوێستانەکانیان خاڵ خاڵ کردبوو دیمەنێکی وەهای بەو کوێستانانە دابوو کە ئینسانی دەبردە حاڵەتێکی تایبەتیەوە و ئینسان لە دڵەوە بەو کەسەی کە ئەو دیمەنە خەم رەوێنانەی خولقاندووە ئافەرینی دەگوت. جارو باریش بە کلیلە بەفرەکاندا بە خلیسکێن بەرەو خوارەوە دەچووین، بەڵام لەم کارەدا کوڕەکانی دێ لە ئێمە بەکارتر بوون.

هەر وەها کە دەڕۆیشتین بە لاوانی چەند گوندی دیکەش گەیشتین کە مەبەستی ئەوانیش هەر بەردە رەش بوو. لەم جۆرە هەر چەند دۆڵێک کە تێپەڕ دەبووین ژمارەی ئێمە زیاتر دەبوو. بۆ گەیشتن بە شوێنی دیاریکراو دەبوو شوێنی جۆراوجۆرمان تێپەڕ کردبایە، بۆ وێنە دەبوو لە بەردی گەورە وەسەر کەوتبایەین و یان لە کلیلە بەفرێ بۆ کلیلە بەفرێکی دیکە بازمان هەڵدابایە. لە بەکێک لەم کلیلە بەفرانەدا بوو، لە کاتی بازدانم ئەوەی کە نەدەبوو ببێ، رووی دا. بەڵێ، لەم بازدانەدا پانیەی تایێ لە کەوشەکانم بەربوو، بەڵام هێشتا جێگەی ئومێدم مابوو. بە هەر چۆنێک بوو خۆم پێ گەیاندە بەردە رەش. کاتێک کە بە بەردە رەش گەیشتین لاوانی چەند گوندی دیکەش لەوێ بوون و بارگەوبنەیان خستبوو.

بەردە رەش کێوێکی زۆر بەرز بوو و دەتوانم بڵێم بەرزترین کێوێک بوو کە لەو جێگایەدا دیار بوو. بەردێکی زۆر گەورە و رەش کە لە چەند بردی دیکە پێک هاتووە و نووکێکی تیژی هەیە و لە حاستی کێوەکە یەکجار بەرزە و کەمتر کەسێک توانای ئەوەی هەیە بچێتە سەر لووتکەی ئەو بەردە، وەک کڵاو خوودی جەنگاوەرانی «کاردۆنیا» لە سەر کێوەکەدایە. چەند میترێک ئەولاتر لە سەر کێوەکە جێگایەکی پان و بەرین و سەیرانگایەکی دڵگر بوو، ئێمەیش هەر بە گەیشتنی ئەوێ بارگەوبنەمان خست و بەهۆی هیلاکیەوە دانیشتین و منیش بە تەماشاکردنی دیمەنەکانی دەوروبەر لە فیکرو خەیاڵ‌دا غەرق بووم. بەراستی تەماشا کردنی ئەو دیمەنانە رۆحێکی تازەی بە ئینسان دەبەخشی. هەر لەم کاتەشدا بەرەبەرە خەڵک دەهاتن و زیاتر و زیاتر دەبووین. پاش چا لێنان و خواردنی نان و چا و پشوودانێکی کورت، کچەکان دەستیان بەرێک و پێک کردنی کۆڵە گیاکان کرد و کوڕەکانیش لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە و دەستیان لە یەک زنجیر کرد و بە بەرز بوونەوەی دەنگی گۆرانی دوو کەس لە لاوەکان هەموو دەستیان بە شادی و هەڵپەڕکێ کرد.

ئەم بەزم و شادیە ماوەیەکی خایاند و پاشان چەند پیاڵەیەکی دیکەیان لەو چایە تازەیەی کە کچەکان دەمیان کردبوو خواردەوە و بە هەڵگرتنی کۆڵەکانیان هەر تاقمێک بەرەو گوندی خوگۆیان بە چوار دەوری کێوەکەدا سەرەو خوار بوونەوە وەڕێ کەوتن، بەڵام شوێنی ئێمە لە شوێنی هەمووان دوور و درێژتر بوو.

ئەوجار دێنەوە سەر باسی خۆمان و بۆ خۆم کە زۆر مەمنوونی کەوشەکانم ببوم کە تا ئەوێیان بردبووم. ئێمەیش وردە وردە وەڕێ کەوتین و بە هەر هەنگاوێک کە هەڵم دەهێناوە، پانیەی کەوشەکەم زیاتر دەمی دەکردەوە و بەرە بەرە کێشایە بنی کەوشەکەم چارەمان لێبڕا.

دەسماڵێکی تازەم کە دەگەڵ کەوشەکان چەند رۆژ پێشتر لە سەفەرەکە کڕیبوو لە بن کەوشەکانەوە پێچا. ئەگەرچی ماوەیەک بەڕێوەی بردم بەڵام دەبوو هەر چەند هەنگاوێک «پەنچەرگیریەک»م کردبایە، واتە دەبوو زوو زوو گرێکانم کردباوە و توندم بکردبایە. باوەڕ بفەرموون ئەوەندەم گرێ کۆڵە کردبۆوە و بەستبوومەوە، دەستم هەموو ئاوی تێچزا بوو. پاش ماوەیەک دەسماڵەکەش ونجڕ ونجڕ بوو و هەتا گەیشتمە ماڵێ چەند چارەکەشم بەو دەردە برد. سەعاتی هەشت و نیوی شەو گەیشتینە ماڵێ و هەرچەند زەجری زۆرم دیتبوو، بەڵام زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی کە ئەزموونم کردبوو کە کووچە و شەقامی دەسکراوی شار ناتوانێ لە بەرانبەری شاخ و کێودا خۆ ڕا بگرێ و هەر وەها بۆم دەرکەوت کە جارێکی دیکە دەبێ کەوشی تایبەتی بۆ کوێستان بەرم.

 

هیوادارم کە ئەوە ببێتە ئەزموونێ بۆ هەموو ئەوانەی کە وەک من هەوای کوێستان لە سەریان دەدا تا لە پێش روودانی کارەیاتی وەهادا چارەی بکەن. دوایە کە بیرم لەم سەفەرە دەکرد حەیفی دوربینێکی عەکس گرتنم لێدەهات کە نەمبردبوو تا لەو دیمەنە جوانانە چەند پەردە عەکسێک هەڵبگرم هەتا لەم رۆژەدا بتوانێ بەشێک لەم لاپەڕە بڕازێنێتەوە.

 

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی چوارەم، ژمارە ۲۱، خاکەلێوەی ۱۳۶۷، لاپەڕەکانی ۴۹ تا ۵۱.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا