لەگەڵ سروە؛
۱۳ بە دەر

✍️حەسەن محەمەدی
مناڵەکان پێیان دەکەوشێکی نابوو کە بێ و نەبێ، بۆ سێزدەبەدەر دەبێ بمانبەیە دەرێ. منیش هەوڵی زۆر وەسەر خۆم نەدەهێنا و بە گاڵتە خۆم لێ لادەدا، بەڵام وردە وردە بۆم دەرکەوت کە بەراستی لەسەر ئەو داخوازیەیان زۆر سوورن… ناعیلاج بڕیارم دایە کە رۆژی سێزدەبەدەر دەچینە کەوتەرێ. مناڵ کاتێک ئەوەیان بیست هەر هەقلە مەقۆیان بوو.
لە ئیدارەی هاتمە دەرێ و گوتم وا باشە بە مەیدانی ئاردیدا بڕۆم بزانم چی هەرزان هەیە بڕێکی بکڕم. لە نانەواخانە نان وەبەر نەدەکەوت… گەییشتینەوە گەڕەکی خۆمان دووراودوور چاوم بە خات زڵێخا کەوت. ئەو بێچارەیە کوڕێکی هەیە، هەر سەربازی نەکرد تا گرتیان بە سەرباز و ژنێک و سێ منداڵی بەسەر دایکی چارەڕەشدا بەجێ هێشت. سڵاوم لە خات زڵێخا کرد و پاشان گوتی:
_ میرزا سمایل! ئەوە بەخێر و خۆشی بە تەمان بچنە کوێ؟
منیش کە بەڵێنی خۆمم لەبیر چووبۆوە گوتم:
_ کێ… خات زڵێخا؟
_ ئێوە ئیدی.. مریەم گوتی دەچینە کەوتەرێ…
لەسەر خۆ گوتم:
_ بەخودای رەنگە بچینە دەرێ، ئەویش ئەگەر نەباری.
لە ماڵێ بەر لە هەموو قسەیەک بە خێزانم گوت:
_ ئەوە بە کوێڕا دەهۆڵت بە دەستەوە گرت و جاڕت دا کە دەچینە دەرێ؟
جوابی دامەوە:
_ دیسان چ بووە؟؟ لە باتی ماندوونەبوونی و سڵاو و هەموو شتێک هاتووی دەگوڕێنی؟
زانیم ئەگەر پشووم نەهێنمەوە بڕێکیش قەرزدار لە ئاو دێمەدەر.
شەو خات زڵێخا هاتە ماڵێ و پاش بڕێ قسە و باس رووی لە من کرد و گوتی:
_ میرزا سمایل بۆ خۆت دەزانی ئەو مناڵانەی ئەحمەدی کوڕم لە مێژە هەر دە ماڵێدان. ئەگەر ھەر دەچنە دەرێ زەحمەت کێشە کوبرا و مناڵەکانیشی دەگەڵ خۆتان بەرن.
_ بەڵام خات زڵێخا، ئێمە هیچ وەسیلەیەکمان نییە، کوبرای فەقیر بە سێ مناڵەوە بۆ کوێ بەرین؟
بە هەر زمانێک بوو بەڵێنی لێ وەرگرتم. پاش ئەوەی رۆیشت رووم لە خێزانم کرد و گوتم:
_ ئەوەتا… من لە رۆژێکی وا دەترسام… ئەوە لە ئێستاوە کلکمان بۆ ساز بوو…
رۆژی سێزدەبەدەر هات، ئێستا تاو لە پشت کێوەکان نەهاتبوونە دەرێ خات زڵێخا تەق تەق لە درگای دا و کوبرا و مناڵەکانی هێنا. چاوم لە مناڵەکان کرد پێنج بوون. گوتم خات زڵێخا! ئەو دوانەیتر مناڵی کێن؟…
خات زڵێخا پێکەنی و گوتی:
_ ئەو تیر لێدراوانەش مناڵی نەسرینی کچمن، کورە میرزا سمایل! ئەوانیتریش گڕوویان گرتبوو کە دێن… نازانم درۆی کرد یا راست، بەڵام من زۆرم ترس رێکەوت. بە پەلە خۆمان ساز کرد و وەڕێ کەوتین. نۆ مناڵمان دەگەڵ بوو!
ماشینێکی پشت ئاوەڵا هات و شلی کردەوە. چوومە پێشی و قسەم دەگەڵ کرد، هەتا بە سێسەد تمەن رازیم کرد کلکی وشترێ گەیشتە ئەردی.
پاش ئەوەی نیزیکی کەوتەر بووینەوە خێزانم رووی لە من کرد و گوتی:
_ هەر ئێرە باشترە، جێیەکی چۆڵە و ترسی مناڵ ون بوونیشمان نیە.
شۆفیرەکە گوتی:
_ ئەگەر پێت خۆش بێ لای ئێواری دێمەوە لە دووتان.
گوتم:
_ نا بابەکەم! ماشێنێک هەر پەیدا دەبێت…
مناڵەکان دەتگوت لەشکری چەنگیزخانین بە وڵاتی وەربوون. بیرم لەو سێیەد تمەنە دەکردەوە کە دام بە کرێ ماشین. سەری خۆم خوێندەوە بە هەموو شتێکەوە تا ئەو دەم هەزار و چوارسەت تمەنێکم چوبوو. دەکرا ماشینێک خیزی پێ بکڕم و دەمتوانی حەوشەکەی ماڵێی پێ پڕ بکەمەوە، یا داینێم بۆ سەبت کردنەوەی مناڵەکان، یان بۆم دابایەن بە کەوش، هەموو کارێکی پێ دەکرا…
مناڵەکانم ناردنە دەستەچیلە و سووتەمەنی وەخڕ کردنەوە کە ئاگری پێ ساز بکەین. ئاگرم ساز کرد و کتری پڕ لە ئاوم لە سەر دانا… چێشتیان هێنا کە گەرمی بکەینەوە. ژنێک کە کراسێکی سنەیی جوانی دەبەردابوو لەگەڵ پیاوێکی لەو لای راهاتن. کە نزیک بوونەوە لەبەریان هەستام. سڵاویان کرد و لەسەر ئەردی دانیشتن.
پیاوەکە گوتی؛
_ قوربان من بابی فەرهادم کە لە خزمەتتاندا دەرس دەخوێنێ، زۆری تاریفی جەنابتان دەکرد، دەرفەتم نەبوو دەنا دەبوو پێشتر بێمە خزمەتتان، ئیدی ئەوە خودا کارێکی وای کردووە کە لە رۆژێکی وا خۆشدا دەگەڵ یەکتر ئاشنا بین.
پاش ئەوەی کە پێک ئاشنا بووین پیاوەکە گوتی:
_ قوربان فەرهاد دەگەڵ دەرسان چۆنە؟
_ وەڵاهی زۆر باشە… هەر زۆر زۆر باشە زۆری لێ رازیم…
بە بیستنی ئەو وڵامەی من لە خۆشیان گەشکە بوون. پیاوەکە چاوێکی لە مناڵەکان کرد و گوتی:
_ ببەخشە قوربان! ئەوانە مناڵی خۆتن؟!!…
_ نەوەڵا ئەوە ئی سێ بنەماڵەن کە هێناومن…
پاشان کە زانیان ئێمە هیچ وەسیلەیەکمان نییە پیاوەکە گوتی کە ئەوان سێ ماشێنن و جێیان زۆرە و ئێوارە دەگەڵ خۆیان دەمانبەنەوە. ماڵ ئاوایییان کرد و رۆیشتن…
ماوەیەک تێپەڕ بوو و فەرهاد هات و گوتی:
_ بابم دەڵێ ساز بن وەڕێکەوین چونکە ئیمڕۆ ماشێن زۆرە و ناگەینەوە…
کاتێک ساز بووین ئەولا سەبری و ئەولا سەبری، ببوو بە دڵۆپێک ئاو و بە ئەردیدا چووبووە خوارێ. کوبرا کە دایکی بوو بە قەدرایە منی پێوە نارەحەت نەبوو. باب و مام و کوڕە مامی فەرهادیش هەریەکەی بە لایەکدا وەدووی سەبری کەوتن. نزیکەی سەعاتێک گەڕاین بەڵام نەمانتوانی سەبری ببینینەوە. هەر وا دەگەڕام کە چاوم بە دارێکی گەورە کەوت. دارێکی گوێز بوو کە نێو زگی هەڵکۆڵدرابوو. چاوم لێکرد دیتم سەبری لەوێدایە. منی کە دیت زۆر مناڵانە پێکەنی و بە زاراوەی مناڵان گوتی:
_ چۆنت دیتمەوە؟…
لە حەیفان وەختە بوو شێت بم. دەستم هەڵێنایەوە و بە هەموو هێزمەوە زللەیەکم لەبنان گوێی دا. گوێم کێشا و گوتم:
_ بگری چاوت دەر دێنم ها…
جێی قامکم لە سەر گۆنای جوان دیار بوو. لە کاری خۆم پەژیوان بوومەوە. بڕێکم گۆنای داماڵی و دەستم گرت و رۆیشتین. کچی بەستە زمانیش لە ترسان هەر نەگوتی ئاخ و نە گوتی ئۆخ. کاتێک گەیشتینەوە تەنیشت ماشێنەکان کوبرایش دوو سێ زللەی لێدا و جێ قامکی منی لەسەر گۆنای ون کرد. سواری ماشێنان بووین. مناڵەکانیشم هەموو لە پشتەوەی یەکێک لە ماشێنەکان کە پشت ئاوەڵا بوو سوار کرد و بە کوڕە مامی فەرهادیم ئەسپارد کە هەر دەنگیان هات بیانکوتێ.
لە رێیەدا جار و بار دایکی فەرهاد چاوی لە کێوەکانی دەور و بەر ئاوی سەدی دەکرد و دەیگوت:
_ ماشاڵڵا چەندە خۆشە.
بەڵام من هۆشم هەر لەو سێسەد تمەنە بوو کە بۆم گەڕاوەتەوە و بیرم لێدەکردەوە کە چی پێ بکڕم.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دەهەم، خاکەلێوە و بانەمەڕی ۱۳۷۳، ژمارەکانی ۹۴ـ۹۳، لاپەڕەکانی ۵۵ـ۵۲.
*نووسراوەکە کورت کراوەتەوە.