لەگەڵ سروە؛

مەستوورە، شاعیری بێ دەرد…

کولسووم عوسمانپوور

بە روانینێکی سەرپێ‌یی دیوانی شێعری مەستوورەی ئەردەڵان، بۆمان دەردەکەوێ ئەم شاعیرە بەناوبانگە، چەندە بەسەر شێعردا زاڵ بووە و لە چ بەهرەیەکی گەورەی خودادادی بەرخوردار بووە، بەڵام نابێ ئەوەش فەرامۆش کەین کە مەستوورە ئافرەتە و ئەگەر ئافرەتان سەرچاوەی عاتیفە و هەست و خۆشەویستی دایکانەن، مەستوورە خانمیش کە خاوەنی هزروبیرێکی پڕ سۆز و خەیاڵ و هەستی شاعیرانە بووە، دەبوا زیاتر لە هەمووان ئەو خاڵانە لە شێعری‌دا دیار بوایە. بەڵام بەداخەوە مەستوورە خانم «یان شێعری مەستوورە خانم» لەو بابەتانە بۆش و بێ بەهرەن. من نامەوێ بڵێم رێگای مەستوورە خانم وەک ژنێکی شاعیر لە رێگەی شاعیرانی دیکە جیایە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ژیانی لەو سەردەمەدا، هەر خوێنەرێک چاوەروانی ئەوە دەکا شێعری مەستوورە خانم زۆرتر و زیاتر لەوەی کە هەیە سۆز و عاتیفە و هەستی تێدابوایە، بەڵام لە سەرانسەری دیوانە شێعرەکەیدا، هیچ نیشانەیەک لە میهر و مەحەبەتی دایکانە نابینرێ! دەرد و ئازاری ئافرەتانێ کە تەنانەت نێویان لەسەر شانیان گرانە لە شێعری مەستوورەدا بەرچاو ناکەوێ. دیمەنی پڕ لە ئێش و کوێرەوەری دایکانی هەژاری ئەم وڵاتە کە قەت وڵات لە وجوودیان خاڵی نەبووە، لە شێعری مەستوورە خانم‌دا نیە!

ماە‌شەرەف خانم لە سەردەمێکدا دەژیا کە لە هەر حەرەمسەرایەکدا، دەیان و سەدان ئافرەتی جوان و لەبەر دڵان وەک پوستێر و وێنەی جوان لە قابە زێڕینەکانی حکوومەتەکاندا ئەسیر بوون و بەم جۆرە بوو کە سەدان ژنی جەوان و جوان ئاواتی پێکەوەنان و پێکهێنانی خێزان و بنەماڵە و منداڵ و هاوژینی بە میهر و مەحەبەتیان لەگەڵ خۆ دەبردە گۆڕا. جێی داخ و کەسەرە کە ئەم شاعیره بە دەسەڵاتەمان هیچ ئاماژەیەکی بە زۆر و زوڵمێ کە ژنان لەو زەمانەدا دەکرا نەکردووە. دەڵێی شازادەیەکی بێ دەردە کە هەرگیز فرمێسکی منداڵانی هەتیو و بێوەژنانی نەدیوە یان شێعر وەک کەرەستەی دەربڕینی رازونیازی دڵدارانی زەوینی دەبینی کە دەستی رۆژگار دوچاری خەمی فیراق و هیجرانبان دەکا و ئەم عاشقە و ماشقەی دیوانی شێعری مەستوورە خانمە کەس نییە بێژگە لە خەسرەوخانی والی و ماە‌شەرەف خانم خۆی! ئەگەر بە دەگمەن هەست بە دەردێکیش دەکا دەردی فیراق و کەم لوتفی رۆژگارە. ئەڵبەتە مەستوورە واش نەبێ کە بە دەرد و ئازاری کۆمەڵ نەزانێ… نە تەنیا بێ خەبەر نەبووە، بەڵکوو لەو ئافرەتانەیە کە دەستی لە سیاسەتیشدا هەیە، ژنێک کە مێژوو دەنووسێ، چۆن لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی بێ خەبەرە؟ بەڵام مەستوورە وا دیارە دەربڕینی ئەم جۆر بابەتانە بە ئەرکی شێعر نازانێ و پستی شێعری لە ژێر باری دەردی خەڵکدا نەچەماوەتەوە.

مردنی لە کتوپڕی خوسرەوخان، دیمەنی شێعری مەستوورەی گۆڕی. لە راستیدا ئەم مەرگە، بەهرە و کەڵکی زۆر بوو بۆ راچڵەکانی مەستوورە… شێعری مەستوورەی خستە گێژەی خەم و ئازار… ئێستایش ئەو شێعرە شین‌گێڕی‌یانەی کە مەستوورە بۆ مەرگی خوسرەوخانی گوتووە زیاتر لە باقی شێعرەکانی هەستی خوێنەر دەبزوێنێ…

عیشق و عەلاقەی مەستتوورە خانم بە عیلم و زانست و ئەدەب و هەوڵ و تەقالای بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی هەتا هەتایی و نەمر… جێی رێز و ستایشە. بە پێی بڕوای هێندێ کەس شێعر دەتوانێ هەمان گرتنی وێنەی کاتە عاتیفیەکانی ژیانی تاکە کەسی مرۆڤیش بێت… بەڵام ئاخۆ لەسەر بەک سووژە و بابەت هۆنیوەوەی دەیان و سەدان شێعر زێدەڕەویی و فەرامۆش کردنی لایەنەکانی‌تر نیە؟!…

 

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی سێزدەهەم، خەزەڵوەری ۱۳۷۶، ژمارەی ۱۳۶، لاپەڕەی ۶۹.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا