لەگەڵ سروە؛ شین‌گێڕێ بۆ هێمن

 

گۆڤاری سروە یەکێکە لە یادگاریەکانی شاعیری عیشق و ئازادی، مامۆستا هێمن. بەڵام بەداخەوە دوای دەرچوونی تەنیا چوار ژمارە لەو گۆڤارە مامۆستا هێمن کۆچی دوایی کرد. هاوڕێیانی مامۆستا و باقی بەڕێوەبەرانی سروە، ئەگەرچی بڕیاریان دا کە گۆڤارەکە لەژێر چاودێری مامۆستا هەژار، مامۆستا عەباس حەقیقی، مامۆستا سەیدتاهیری هاشمی و مامۆستا محەممەدی رەبیعی دەردەچی، بەڵام دوای کۆچی مامۆستا هێمن، ویژەنامەیەکیان بەناو «شین‌گێڕێ» دەرکرد.

لەویا زۆر یەک لە شاعیرانی و نووسەرانی کوردستان بە پێشکەشکردنی شیعر و وتار ناوی مامۆستا هێمن‌یان بەرز ڕاگرن. لە یەکێک لە شیعرەکانا، مامۆستا کەریم دافعی ناسراو بە “ک.د.ئازاد” بەم شێوە باسی کۆچی مامۆستا هێمن ئەکات؛

نیشانەی شینە بارانی بەهاری
کە وەک چاوم لە دوی یاران دەباری
تماشای کوردەواری وەک بەهەشتە
تەماشای لالەزاری پڕ نیگاری
بەڕاستی هەستی شاعیر رادەکێشێ
کەل ە دەشت و شەتاو و ئابشاری
ئەگەرچی هێمنن کوێستان و کێوی
بەڵام دوژمن گەزن دوپشک و ماری
لە دەوری نەوگوڵی ئاواتی گەلمان
گەلێ هێمن گەڕاون وەک هوزاری
ستێرەی کورد لە ئاسمانی جیهانا
ونە وەک قەت نەبووبێتن مەداری
بەهاران سەوزە پۆشە کێوو سارا
کەچی رەش پۆشە کورد دێهات و شاری
دەپرسم: چی بووە ئێژن کە رۆیی
لە مەیدانی شیعردا شاسواری
بەهاری کوردەواری و شار و گوندی
لە دووی “هێمن” دەکەن گابۆڕ و زاری
لەناو بێشکەی دڵی کورددایە “هێمن”
لە ئەوجی‌یە ئەوین دەگرێ ستاری
لەکاتێکا کە کورد (هێمن) بوو نووری
چرای هێوا نەبوو بۆ بەختی تاری
لەسەر کێکی تەمەن مۆمێکی دیکە
ئیتر هەڵناکرێ بۆ شاسواری
ئەوەی ویستی کە ئادارمان نەمێنێ
شوکر بۆخوا نەماوە ئاسەواری
هەزار پەیمان وەفادار بم بە ڕێگەی
وەکو کوردێ کە ناشکینی قەراری
دەڵێ “ئازاد”: ئەگەرچی رۆیی هێمن
بەڵام هەر زیندووە شێعر و وتاری

 

*سەرچاوە؛ گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دووهەم، بەهاری ۱۳۶۵، ویژەنامەی پاش ژمارە ۵، لاپەڕەی ۲۲.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا