لەگەڵ سروە؛

گیرۆدەیی کوردەکان لە شەری یەکەمی جیهانی‌دا

لە شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا، بەهۆی شەڕی نێوان رووسەکان و تورکەکان و دەست درێژی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ سەر کوردستان، زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی لە کوردەکان کەوت. زۆر ئاوەدانی وێران بوون و هەزاران کەس کوژران و هەزارانیش بە هۆی قات و قڕی‌یەوە لە ناو چوون.

لە لایەکەوە رووسەکان تاوانباریان دەکردن کە لایەنگری لە تورکە عوسمانی‌یەکان دەکەن. بەو بیانووەوە پەلاماریان بۆ دەبردن و دەیانکوشتن. لە لایەکی تریشەوە تورکەکان لە لایەنگری رووسەکانیان دەدانە قەڵەم و دەیان کوشتن و تاڵانیان دەکردن.

ساڵی ۱۳۳۳ی کۆچی (۱۹۱۴ی زاینی)، رووسەکان کەریم خان کوڕی یۆنس خان حاکمی بانەیان گرت و بردیان بۆ ئیرەوان پێتەختی ئێستای ئەرمەنستان و رایان گرت تا لەوێ مرد، تورکەکانیش لە بانە حەمەخان برای کەریم خانی ناوبراویان تاوانبار کرد و کوتیان لایەنگری رووسەکانە. بەو بۆنەوە تیرە بارانیان کرد و ماڵەکەیشیان بە تاڵان برد. ئەو تاوانەیشیان دایە پاڵ سیف‌الدین خان حاکمی سەقز و حەمە حوسێن خان سەرداری بۆکان و هەردووکیان لە مەراغە کوشت. لە ناوچەی سابڵاغ واتە مەهابادیش، پیری تەریقەت شێخ بابا سەعیدی غەوس ئابادیان گرت و لە دێی کەرێزە شەهیدیان کرد.

دەوڵەتی ئەوسای ئێران، دەست درێژی تورکەکانی بۆ سنووری ئێران زۆر بەلاوە ناخۆش بوو بە توندی تووڕەیی خۆی بەو بۆنەو بە بۆنەی کوشتنی کەسایەتی‌یەکانی کوردستان پیشان دا. بەڵگەیش لەم بارەوە نووسینی دوو نامە لە لایەن وەزارەتی دەرەوە بۆ سەفیری ئێران لە ئەستەمبۆڵ و سەفارەتی تورکیا لە تاران. ئەمەیش وەرگێڕاوی دەقی ئەو دوو نامەیە:

ژمارەی (۱۶۸)
تەلگڕافی وەزارەتی دەرەوە بۆ سەفیری ئێران لە ئەستەمبۆڵ: ۲۷ صفر ۱۳۳۳ سەرەڕای تەلگەڕافی بەڕێزت بۆ هێمنی گیان و ماڵی سەرداری موکری و متمانەی سەفیر بە سەرۆک وەزیران لەم بارەوە کار پێ سپێردراوانی عوسمانی سەرداری موکری و بەم کردەوەی ئەوانە لەگەڵ کوشتنی دوو پیاوی دەوڵەت لە پێش ئەمەدا، چۆن متمانە بەو قسانەی ئەوان ئەکرێ کەراتان گەیاندووە؟ مەگەر بڵێین کردەوەی کار پێ سپێردراوەکانیان بە پێچەوانەی ڕێنوێنی ئەستەمبۆڵ بووە. ئەگەر وا بێ دەوڵەتی ئێران چاوەروانە کە بەزووترین کات بڕیاری پێویست بدرێ بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم کارە و سزای ئەو کەسەی هەستاوە بەم کارە پەیمان شکێنە لە شوێنی رووداوەکەدا، هەر وەها خوێن بایی ئەم خوێنە ناهەقە بدرێ بە بنەماڵەی بەڕێزی سەردار. تا کار بەدەستانی دەوڵەتی ئێران، بۆ پاراستنی هێمنایەتی، بڕوا بە قسەی عوسمانی‌یەکان بکەن و دڵنیا بن کە ئاکامی زۆر خراپی ئەم کارە ناڕەوایە بە تەواوی لە ناوبچێ و کار بە دەستانی دەوڵەت تووشی ئەو گیر و گرفتانە نەبن کە هەمیشە خۆیان لێ پاراستووە.
(محمدعلی علاءالسلطنه)

ژومارە (۳۶۶)
نامەی وەزارەتی کاروباری دەرەوە بۆ سەفارەتی عوسمانی (۵ی ربیع‌الاول ۱۳۳۳)

هەرچەند چاوەڕوان نەبووین، بەڵام هەواڵمان زانی حەمەحوسین خانی سەرداری موکری حاکمی سابڵاغ، لە بنکەی (متصرف= ئوستاندا) کەرکووکەوە گیراوە. ناوبراو هاواری بۆ دەوڵەتی پایەبەرزمان ناردبوو، لەگەڵ سەر سوڕمانی زۆری خۆمان، لەم بارەوە لە بەڕێزانمان راسپارد و بە تەما بووین لێی گەڕێین و سووکایەتی لەگەڵ نەکرێ، هەروەها بڕیارم دا بەهۆی سەفارەتی ئێرانەوە، دەرباری عوسمانی لە مەسەلەکە ئاگادار بکەم.

بەڕێز سەرەک وەزیران، لە کاتی چاو پێ کەوتن لەگەڵتانا، داوای کۆتایی هاتنی ئەم چەشنە کارە نالەبارە و پاراستنی گیان و رزگاری سەرداریان لێ کردن. ئەمە لە کانێکا بوو کە لە سەفارەتی ئێرانەوە، لە ئاکامی وتووێژ لەگەڵ دەرباردا، رایان گەیاند کە کاربەدەستانی دەوڵەتی پایەبەرزی عوسمانی دڵنیایی تەواو بۆ پاراستنی گیان و ماڵی سەردار ئەدەن و بەڕێزیشت لە رووی تەلگرافێکی گەییشتوو لە دەربارەوە بۆ سەرەک وەزیران لەمەڕ نەبردنی سەرداری موکری بۆ وڵاتی عوسمانی و کردەوەی باش لە گەڵ ئەودا، کار بەدەستانی دەوڵەتی پایەبەرزی ئێمەتان دڵنیا کرد.

بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەو هەموو متمانەی درابوو و کوڕە شانزە ساڵەکەیان تیرەباران کردووە. ئەم هەواڵە ئەوەندە دڵی کار بەدەستانی ئەم دەوڵەتەی ئێشاندووە کە باسی ناکرێ. کردەوەی هێزی دەوڵەتی ئێوە قەت لەگەڵ پێوەندی دوو دەوڵەتی هاودین رێک ناکەوێ. سەیر ئەوەیە بەشوێن رووداوی تاڵی کوشتنی حەمەخان، حاکمی بانە، هەواڵی دڵتەزێنی کردەوەی هێزی دەوڵەتی خاوەن شکۆی ئێوەمان پێ گەییشت کە سەرداری موکری و میرزا (نعمت‌الله) کار پێ سپێردراوی گومریک و چەند کەس لە دەست و پێوەندانی ئەوان، هەر وەکوو بە قسە، بەڕێزتان ئاگەدار کراون (مظفرالسلطنه) حاکمی سەقزیشیان کوشتووە. رژانی خوێنی ناوبراو خەلکی ناوچەی تووڕە کردووە، زۆر پێی ناراحەتن. کار بە دەستانی دەوڵەتی پایەبەرزی ئێران لە رووی مافی سەرەکی خۆیانەوە، دژی ئەم کردەوانەی هێزەکانی دەوڵەتی خاوەن شکۆتان زۆر بە توندی ناڕازی بوون دەرئەبڕن و بە پەلە داواکاری تۆڵەی خوێنە ڕژاوەکان و بەرکری بە دووپات بوونەوەیان لەم دەرفەتەدا ریزمان…
(محمدعلی علاءالسلطنه)

سەرچاوەکان:
۱- جوغرافیا و تارێخی بانەی کوردستان لاپەڕەی ۸-۱۷۳ چاپی دووهەم ۱۳۶۳ی هەتاوی.
۲- “کتاب سبز” لاپەڕەی ۸۵ و ۱۶۵ چاپی یەکەم تاران ۱۳۶۳ی هەتاوی.

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ژمارەی۷۰، ساڵی هەشتەم، بانەمەڕی ۱۳۷۱، لاپەڕەی ۱۳ـ۱۱.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا