لەگەڵ سروە؛
بەبۆنەی جێژنی کرێکار

✍️مەلا غەفوور دەبباغی
وەرن یاران وەکۆبن ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ئایارە
گەلێ گەورە و بەڕێزە جێژنی مێژویی کرێکارە
بەچینی کاریگەر بێژن کە ئیمڕۆ نەچنەوە سەرکار
کرێکاری جیهان لەم جێژنەدا سەرپاکی بەشدارە
بکەن یادی شەهیدانی شیکاگۆ و شوێنەکانیتر
لەسەر مافی رەوا لێتان کرا ئەو زوڵم و کوشتارە
برایانە هەموو جەم بن لەسەر جادە بەدەنگی بەرز
تف و لەعنەت بنێرن بۆ ئەوەی خوێنرێژ و غەددارە
بلەرزێنن بە نرکەی سینە پشتی دێوی چەوسێنەر
بروخێنن قەڵات و کۆشکی هەرچی هار و زۆردارە
قومار و ئارەق و ئاسوودەیی خوێن مژ لەچی پێکدێ؟
هەمووی شیرەی لەش و گیانی کرێکاران و جوتیارە
لەسایەی زەحمەت و چەوسانەوەی ئێوە هەتا کەنگێ
وەسەر یەک نێ خودای شەڕ، شوومی بەدفەڕ سەروەت و پارە
لەشان و قۆڵی ماندووتە زگی ئەو فیلە وا تێرە
لە دەست و مستی تۆ گیرفان پڕە زلحۆلی بێکارە
شەڕی زۆردار و بێ زۆر بەم زوانە دوایی پێ نایە
هەتا مەزڵووم جەفا کێشە، هەتا زاڵم لە سەر کارە
محاڵە ئاشتی نێوانی ئەم دووچینە جیاوازە
یەکێ پشت و پەنای خەڵکە، ئەویتر زێڕ و دۆلارە
پیرۆز بێ جێژنی یازدەی بانەمەڕ بیرەوەری مافە
بەسەر گشت ناحەقا زاڵ بوونی حەق لەم جێژنەدا دیارە
لەسەر ئەو باوەڕەم ئاکامی ژینی گەل موساواتە
بەڵام کوا دێتە دی بۆ حافزی داماو و بێچارە؟
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ژمارەی۲۷، ساڵی چوارەم، رەزبەری ۱۳۶۷، لاپەڕەی ۱۸.