خەڵاتیی قەڵەمی هەژار و چەند سەرنجێک

فەرهاد ئەمین‌پوور| نووسەر و ڕۆژنامەوان

١. “خەڵاتیی قەڵەمی هەژار” کە حەوتووی رابردوو یەکەمین خولی خۆی لە شاری سنە بەڕیوە برد، سەرەڕای هەموو ئەو شپرزەیی و کەم‌و‌کووڕییانەی بە سیمای بەڕێوەبردن و دەستنیشانکردنی خەڵاتەکانییەوە دیار بوو، دەتوانێ زەرفییەتێکی نوێ و گەورە بێت بۆ گەشەدان بە زمان و چاندی کوردی. بۆیە ناکرێ کۆی هەوڵ و هیواکە بەو لاوازییانەوە گرێ بدرێ کە لە خۆلی یەکەم‌دا بەدیکرا و قەڵەمی شکست و کۆتایی بەسەر هەموو هەوڵەکەدا بهێنرێت. پاراستنی ئەم زەرفییەتە ئەرکی هەموومانە و ئەبێ هیوادار بین خولەکانی داهاتوو بە ناوەرۆکی باشتر و چاکتر پڕ بکرێتەوە، ئەڵبەت ئەگەر بەڕێوەبەران رەخنەکان بە ئاوەڵاییەوە وەربگرن و خۆیان لە ئێستانداردە جیهانییەکانی ئەم چەشنە خەڵاتانە نزیک بکەنەوە.

٢. منیش لەسەر ئەو بڕوام کە خەڵاتی قەڵەمی هەژار دەبێ لە یەکەم هەنگاودا فۆرمی کارەکەی بگۆڕی و تەواو پێچەوانەی بکاتەوە، واتە خۆی بە دوای بەرهەمدا بگەڕێت نەک داوا لە نووسەران و توێژەران بکات بەرهەمی بۆ بنێرن. بۆیە وەک هەموو خەڵاتە دیار و بەناوبانگەکانی دونیا ئەمە ئەرکی خۆیانە بەردەوام ئاگایان لە دوایین بەرهەمە بڵاوکراوەکان بێ و لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا هەڵیانبسەنگێنن و سالانە باشترینەکان لە چەند تەوەری دیاریکراودا (نەک لە دەیان تەوەردا کە زۆربەیان داتاشراون) دەستنیشان بکەن و بە خەڵکی رایبگەیەنن، لە دواییشدا کۆڕێکی رێک‌وپێک بگرن و خەڵاتەکان دابەش بکەن. نووسەران و توێژەرانی براوەش مافی خۆیانە خەڵاتەکە وەربگرن یان رەتی بکەنەوە، هەروا کە تا ئێستە چەندین کەسایەتی و نووسەری گەورەی جیهانی بە شایانی وەرگرتنی خەڵاتیی نۆبێل ناسراون بەڵام لەبەر هۆکاری جیاواز خەڵاتەکەیان وەرنەگرتووە. وەک دەزانین لە خۆلی یەکەمی خەڵاتیی قەڵەمی هەژاردا دەیان نووسەری بە توانا بەرهەمیان نەنارد، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەران پەنایان بردە بەر دەزگای چاپ و پەخشەکان کە بۆ پاراستنی رواڵەتی کارەکە، بە لێشاو بەرهەمە چاپ کراوەکانی خۆیانیان بۆ بنێرن تا ئامارەکە بەرز بێتەوە. ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیە کە نابێ جارێکی تر دووپات بکرێتەوە.

٣. بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە شیاوی یان تەنانەت مافی ئەوەیان نییە ژانرێکی ئەدەبی بە پشت بەستن بە هەندێک پاساوی گشتی و بە رواڵەت فەلسەفی پشت گوێ بخەن و بڵێن دەوری ئەم ژانرە یان ئەم تەوەرە کۆتایی هاتووە. ئەوان دەتوانن ژانر و تەوەرەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن و کەسیش مافی ئەوەی نییە بۆ لەبەرچاونەگرتنی ژانر یان تەوەرێکی تایبەت لە ریزی داواکارییەکەیاندا رەخنەیان لێبگرێ، بەڵام کە رایانگەیاند ئیتر ناتوانن بەم چەشنە پاساوانە بەرهەمەکان بخەنە پەراێزەوە، چون لە روانگەی زۆر کەسەوە سەردەمی زۆر تەوەر و ژانری جۆراوجۆر کۆتایی هاتووە. هەروەها بەڕێوەبەران ناتوانن لە دەرەوەی تەوەری دیاریکراوی بەرهەمەکانەوە هەندێک ئێستانداردی نوێ و سەیر دابتاشن و بەرهەمێکی پێ رەتبکەنەوە. بۆ نموونە من بەرهەمم بۆ بەشی وەرگێڕان ناردووە بەڵام گوایە وتراوە ئەم بەرهەمە “سودمند”!!  نییە. بەڕاستی بۆم پرسیارە کێ ماف و سەڵاحییەتی دەستنیشانکردنی سودمند بوون یان نەبوونی بەرهەمێکی بە داوەران یان بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە بەخشیوە؟

٤. ئێستە ئەنجامەکانی خولی یەکەمی خەڵاتی هەژار ئەم باسەی ورووژاندووە کە ئایا سەردەمی شیعر کۆتایی هاتووە یان نا؟ ئەمە دەتوانێ ببێ بە هەوێنی وتووێژێکی بەرهەمدار بۆ فەزای رۆشنبیریی کوردستان. با شاعیران بەرگری لە خۆیان بکەن و نەیارانی ژانری شیعریش بیروبۆچوونی خۆیان بۆ رای گشتی بڵاو بکەنەوە. پێموایە باسێکی پێویستە و دەتوانێ بەشێک لەو خەمۆکی و بێدەنگییە بڕەوێنێتەوە کە لەم ساڵانەدا باڵی کێشاوە بەسەر فەزای فەرهەنگیی کوردستاندا.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا