شینی مامۆستا شێخ نافێعی مەزهەر بۆ مامۆستا حەمەڕەسووڵی شیرازی

ئەمڕۆ ۱۹ی خەرمانان، ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا حەمەڕەسووڵی شیرازییە. مامۆستایەک کە ڕەمزی میهرەبانی و پاکی و دڵسۆزی بوو و سەرەرای بلیمەت بوونی لە سەردەمی خۆیا، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەیا کەمتر ناسراوە.
مامۆستا شێخ نافێعی مەزهەر یەکێکیتر لە شاعیر و عالم و زاناکانی سەقز، دوای مردنی مامۆستا شیرازی لە شێعرێکا زۆر بەجوانی باسی لە ڕەهەندەکانی کەسایەتی ئەو گەورە پیاوە کردووە.
واکاوی ئەو شێعرەی بە دەنگی کاک خالید فەتاحی لەگەڵ چەن وێنەی مامۆستا شیرازی بۆ بەردەنگانی بەڕێز ئامادە کردووە کە هیوادارین بە دڵتان بێت.
دەقی شێعرکە؛
شین بۆ مەرگی مامۆسا حەمەڕەسووڵی شیرازی
از کتاب: گرد و کۆ
سڵام لە ڕۆحت سەدجار شیرازی
خوا بە لوتفی خۆی لێت ببێ ڕازی
ئەتۆ پسپۆڕ و خاوەن قەڵەم بووی
بۆ هەموو کەسێ شەریکی غەم بووی
وێنە و مانەندی ئەتۆ زۆر کەم بوو
تەواوی باشی لە تۆدا جەم بوو
ئەدیب و زانا و شاعیر و پیاوچاک
موسوڵمانێکی ڕۆشەنبیر و پاک
عەلاقەی زۆرت بە شارەکەت بوو
دڵخۆشیت تەواو بە کارەکەت بوو
داخی گرانم بۆ وا زوو مردی
بۆ بەجێتهێشتین بۆ دنیا و دەردی
با کۆڕی بگرین، بگرین زۆر بە کوڵ
وەک شینی بولبول لەسەر پەڕەی گوڵ
بڵێین مامۆسای میهرەبانم ڕۆ
پیاوی بێهەوا و خۆشبەیانم ڕۆ
خۆشەویستەکەی شاری سەقز ڕۆ
غەمخۆری گەلی ڕووت و عاجز ڕۆ
زانای زۆر بەرزی نیشتیمانم ڕۆ
ڕۆڵەی دڵسۆزی کوردستانم ڕۆ
ڕفێقی ڕاز و دڵنەواییم ڕۆ
وەی شیرازیم ڕۆ، وەی شیرازیم ڕۆ
ئێمە بۆ خواین و بۆ لای ئەو ئەچین
ئەگەر ڕاسڕەو بین یا ئەگەر کەچین
گڵکۆت جێ کەیف و شادمانی بێت
جێگای بەهەشتی جاویدانی بێت
وەک هەژار ئەڵێ بۆ مەرگی هێمن
ڕۆیشتی و غەمت بەجێهێشت بۆ من
پیرم شپرزەم بەسمە گفتوگۆ
منیش بەتەمام زوو بێم بۆ لای تۆ!
۱۹۸۹/۰۸/۲۳