بۆ ژیلای کوردستان

لەساڵی ۱۳۴۳ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەکی زانا و ئاگا و ڕۆشنبیردا گوڵێک گیانی لە هەتاو و ڕۆحی لە شنە با و دڵی لە خاکی هیوا وەر گرت و چاوە شووشەییەکانی بۆ داهاتووێکی ڕووناک بەدنیا هەڵێنا و پێی نایە نێو لانکەی باوەڕێکی قووڵەوە و بوو بە ژیلای کوردستان. ئەو ژیلایەی خۆی کرد بەشێعر و چوە نێو پیت و وشە و هەستی شێرکۆی هەرگیز نەمرەوە.

ژیانی ژیلا کورت و پڕ کاکڵە بو، ئەو نەک تەنیا لەبواری شێعرەوە، بەڵکوو لەزۆر بواری تریشدا هەوڵ و تێکۆشانی دەکرد؛ وەک وەرگێڕان، کار لە ڕادیۆ سنە و دەیان بابەتی‌تر. ئەو یەکێک لەوخاتوونە هەست ناسکانە بوو کە شێعری نوێی بۆ یەکم جار نووسی.

ژیلا لە شێعرەکانی‌دا زیاتر لە خەم و ئازار و کێشەکانی ژنان دەدوا. حەزی دەکرد ئافرەتانە خولقێنەری هەستیی بێت. هەرچەن لەسەرەتاوە بەزمانی فارسی دەستی بە نووسین کرد بەڵام بە کار کردنی لە ڕادیۆ سنە هاتەوە سەر ڕێشەی خۆی وخەڵفی هیوای دەرکرد و “گەشەی ئەوین”ی زمانەکەی خۆی بوو بە “قەڵای ڕاز”ی خەونەکانی.

ژیلای هەست ناسک مەرگیشی شێعراوی بوو، بۆ دیتنی پاشای وشەکان شێرکۆی نەمر لە ۶ڕەزبەری ۱۳۷۵ ڕێگەی تارانی گرتەبەر، بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا و خەونی دیتنی بۆ هەتاهەتایە لەسەر دڵدا قەتیس ما. باخەڕەزی ژیانی ژیلا و ژینای کچی گەڵاڕێزانی دەس پێ کرد، گیانی پاکی چوە ئامێزی نیشتمانەوە.

ژیلا بوو بە ڕچەشکێنێ بۆ هەزاران ئافرەت، شێعرەکانی کردە بەر کچ و دایکی دواڕۆژی گەل. ژیلا، سەقزی دیسان بەشێعرەکانی باڵ پێ دا.

ڕۆحی شاد وڕێگەی ڕوون.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا