ڕوونکردنەوەی چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەمەدی سەبارەت بە هەواڵەکانی ئەم دواییە

چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەمەدی دوای بڵاوبوونەوەی وێنگەلێک لە سەدان کتێبی فڕێدراو و کاردانەوەی ئەو وێنەگەلە لە سۆشیاڵ میدیا، ڕوونکردنەوەیەکی لەبەردەست واکاوی دانا و پێوەندیدانی ئەو ڕەفتارەی بە چاپەمەنی محەمەدی بە ناڕەوا، نادادپەرەوەرانە و بەپێچەوانەی ڕاستیەکان لەهەژمار دانا.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە؛
لەم ڕۆژانەدا وێنەگەلێک لە سۆشیال میدیادا بڵاودەبێتەوە و هەندێک کتێب نیشان دەدات، وەک ئەوەی ئەم کتێبانە بێ کەڵک بن و فڕی درابێتن؛ دیمەنێکی تاڵ و پڕ لە ئازار کە بە پێچەوانەی پیرۆزی کتێبەکانە. بەداخەوه هەندێک کەس هەوڵیان داوه ئەم کاره به ناوی چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەمەدییەوە تۆمار بکەن. بەپێویستی دەزانین ڕاستیەکان بۆ خەڵکی کولتووردۆستی کوردستان ڕوون بکەینەوە:
۱. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەم وێنانەدا نییە. ئەوەی لە وێنەکاندا دەبینرێت لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە کە هیچ پەیوەندیێکیان بە ئێمەوە نییە. پەیوەندی دانی ئەم ڕەفتارە بە چاپەمەنی محەمەدی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و پێچەوانەی ڕاستییەکانە.
۲. ئەم کردەوە قیزەونە بۆ ناشرین کردنی ناوی ئێمەیە، بەداخەوە ڕوونە کە هەندێک کەس هەوڵ دەدەن لەم هەلومەرجە بۆ قازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن و بە دروستکردنی شەپۆلێک لە تۆمەتە ناڕەواکان، هەوڵی دەیان ساڵەی خێزانێک بکەنە ئامانج کە هەموو ژیانی خۆیان بۆ کتێب تەرخان کردووە. ئێمە بە دڵ و گیان ئەم ڕەفتارە وێرانکەر و نادادپەروەرانە و بەدخوازانەیە ئیدانە دەکەین.
۳. چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەمەدی تەنیا ناوێک نییە؛ سێ بەرەی بنەماڵەی محەمەدی ژیان و گەنجی و سەرمایە و دڵی خۆیان بۆ زیندوو ڕاگرتنی کولتوور و کتێب و زمانی کوردی تەرخان کردووە. ساڵانێکە لە بێدەنگی و بێ هیچ چەشنە پشتیوانێک و لە نێوان سەدان سەختیدا بەردەوام بووین، تەنها هۆکاری مانەوەمان خۆشەویستیمان بۆ کتێبە. ئێمە چەندین جار شایەتحاڵی سەدان بەربەست و گوشار بووین کە کاری کولتووری ئێمەی تووشی کێشە کردووە؛ لەم ڕێگادا هیچ چەشنە پشتیوانیەێکمان لە هیچ لایەنێکەوە وەر نەگرتووە و هەروەها شایەتحاڵی ڕەفتارگەلێک بووین کە نە شایستەی ئێمە بووە و نە لە کەرامەتی کولتووری خەڵکی ئەم خاکەدایە.
۴. کتێب کاڵا نییە؛ بابەتێکی پیرۆزە. ئەو دیمەنەی کە تێیدا بێ حورمەتی بە کتێب دەکرێت لە هەموو کەس زیاتر ئێمە تووشی ئازار دەکات، هەر بۆیە ئەم ڕەفتارە دژە کولتوورییە بە ڕوونی و بە توندی ئیدانە دەکەین.
کتێب بۆ ئێمە مۆنۆمێنتی ساڵانی ئازار و ڕەنجی نووسەران و وەرگێڕان و مرۆڤە کولتوورسازەکان و خزمەتگوزارانی ئەم خاکەیە و بێ ڕێزی کردن بە کتێب بە کارێکی دژە کولتووری دەزانین.
لە کۆتاییدا دووبارە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەممەدییەوە نییە. هەروەک چۆن دەیان ساڵە، بەردەوام خۆمان بە خزمەتکاری گەل و پارێزەری کتێب و هاوڕێی کولتوور و زمانی کوردی زانیوە. هیوادارین کە ئەم وێرانکاری و خراپەکارییە هەرگیز نەتوانێت سێبەر بخاتە سەر تەمەنێک لە هەوڵ و تێکۆشانە کولتووریەکانی ئێمە.
بە سپاسەوە چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەممەدی




