ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی سەقزی؛ شێخ نافێع مەزهەر

ئەمڕۆ چواری بەفرانبار، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی ناسراوی سەقزی، شێخ نافێع مەزهەر ناسراو بە شپرزەیە کە بڕوای زۆر کەس یەکێک بەەو لە کۆڵەکەکان و دڵسۆزانی ئەدەب وهونەری کوردی.
شێخ نافێع مەزهەر لە پێشەکی کتێبی «گرد و کۆ» بەمجۆرە خۆی ئەناسێنێت: “سەرتان نەئێشێنم؛ من ناوم نافێعە، شۆرەتم مەزهەرە. نازناوم لە شێعری کوردییا شپرزەیە. کوڕی حاجی شێخ مەحموود، کوڕی حاجی شێخ ئیبراهیم لە بنەماڵەی شێخەکانی کەسنەزانی سەرشیوی سەقزم…”.
بەپێی باوی سەردەم، لە حوجرە و لای مەلاکانی ئەوکات چووەتە بەر خوێندن و بۆ ئەم مەبەستە گەلێ گوند و شاری کوردستان لە سەقزەوە بگرە تا سلێمانی و کەرکووک گەڕاوە و پێوەندیی و دەمەتەقەی شاعێرانەی لە گەڵ پیرەمێرد، فایەق زێوەر، قانع، موفتی پێنجوێنی، شێخ لەتیف و و هەژاری موکریانی و هتد. بووە.
ئەم شاعیرە لە ماوەی تەمەنی شاعیرییدا چەند بەرهەمی تۆمار کردووە کە بریتین لە: «باغ داغات» بە فارسی، دیوانی «گرد و کۆ» بە کوردی کە لە سوید چاپکراوە، هەروەها «ئازیزانی هاوچەرخ» و تەرجومەی «وحشت سقز»ی حاجی مستەفا تەیموورزادە بە کوردی، کە ئەم دووانە چاپ نەکراو ماونەتەوە.
شێخ نافێع مەزهەر، شاعیر و ئەدیبی سەقزی، لە چواری بەفرانباری ١٣٧٧ و لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
