۲٨ی خەزەڵوەری ۱۳۲۵ ههتاوی
دێرینەناسێکی جوو بە ناوی ئەيوب ڕبنۆ و دارودەستەكەی لە بارودۆخی ئاڵۆزی كوردستان و لە سەردەمی كاربەدەستانی دەوڵەت بە مەبەستی پشكنين و هەڵکۆڵینی شوێنەوارە مێژووییەکانی زێویە، لەم رۆژەدا گەيشتە گوندی زیویەی سەقز. ناوبراو لە ماوەيەكی كورتدا سنووقێکی گەورەی مەفرەقی دەستكەوت كە مەزەندەی ۱۲۰ كيلۆ زێڕ و جەواهێری تێدا بوو. شت و مەکی ناو ئەم سنووقە كە دواتر بە “گەنجينەی زێویە“ ناوبانگی دەركرد، ئاسەواری سەردەمی مادەكان و ماناييەكان بوو كە لە لايەن ئەيوب ڕبنۆ و دارودەستەكەی تاڵان كرا و هەندێکی گەیشتە مۆزەخانەی يادواشيم لە ئورشەليم.
تاڵانچييەكانی گەنجی زێویە لە ماوەی ۱۲ ساڵ خۆپێوەخەریک کردن، شوێنەوارەکانی دیکەی زێویە و گوندی قەپڵانتوویان هەڵکۆڵی، لەگەڵ وێران کردنی، هەرچی شتی بەهاداری تيا هەبوو برديان. ڕەحمەتی كاك ڕەشيدی كەيخوسرەوی كە خۆی خەڵکی زێویە بوو، وێرانكردن و بە تاڵان بردنی ئەو شوێنەوارە دێرین و مەزنانەی لەگەڵ ئاگرتێبەردانی کۆشکی تەختی جەمشید لە لایەن ئەسکەندەری موقدوونییەوە بەراورد کردووە. دکتۆر محەمەد عەلی سەجادی لە هۆنراوەیەکیدا بە ناوی زێویە وتوویە:
آه زيویە ای غارت شدە اورنگ ما داستان تلخ تو آهنگ فرهنگ ما
نووسەر: ئەنوەر مەعریفەت