دوعای دەریا

دوعای دەریا
نووسەر:خالید حسەینی[ ڕۆمان نووسی بە ناوبانگی ئەفغانی – ئەمریکی ]
وەرگێڕ:شەماڵ ئێسماعیل پوور
ئاماژە(شەماڵ ): لە جیهانی پڕ لە شەڕ و ئاژاوەدا منداڵان ڕەنگی ژیان و کایە و بەختەوەری ناناسنەوە . ئەوان بێ خەبەر لەو قوڕە پوختەی کە گەورە شەڕخوازەکان، بۆ مەبەستە چەپەڵەکانی خۆیان بۆیان گرتوونەتەوە ، تێیدەچەقێن و لە نێو دووکەڵ و بۆمبا و سووتان و کیمیا باران و بۆ کڕووزدا ، ئەدای گەورەکان دەردێنن و بۆ داهاتوویەکی نادیار و لێڵ بە پەلە هەنگاو دەنێن . یەکێک لەم هەزاران منداڵە ئالانە کە بە دەم حەزەکانی باوکە ژیان شێواوەکەیەوە ڕۆحی بە دەریا دەسپێرێ و لاشەی سڕ و بێ گیانەکەی لە کەناری دەریا بۆ چەند ڕۆژێک هەناوی نەخۆشی مرۆڤایەتی دەهەژێنێ .نووسەر و ڕۆماننووسی بە ناو بانگی ئەفغانی -ئەمریکی خالید حسەینی ئەم بە سەر هاتە دەکاتە هەوێنی چیرۆکێک و هەمان چیرۆکیش پێشکەش بە ڕۆحی ئالانی کورد دەکات و زۆر زوو بە چەندین زمانی زیندووی جیهان وەردەگێڕدرێ.ئەمەی لە بەر دەستاندایە وەرگێڕدراوی ئەو چیرۆکەیە .
(دوعای دەریا )
مەروانی ئازیزم،
لە هاوینە دوور و درێژەکانی منداڵیدا ، ئەو کاتەی کە لە تەمەنی ئێستای تۆدا بووم ، لە سەر بانی ماڵی باوەگەورەت لە دێ ، نزیک حومس لە گەڵ مامەکانت دۆشەگەکانمان ڕادەخست. بەیانیان بە دەنگی جووڵەی لقی دار زەیتوونەکان بە دەم شنەی بەیانەوە ، کاڕەی کاژیلەکانی دایە گەورە و تەق و تۆقی قابلەمەکانی ، لە گەل فێنکایی و یەکەم گزینگی خورمالوو ڕەنگی هەتاو کە لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاسۆگی دەدا ، هەڵدەستاین.ئەو کاتەی کە تۆمان بۆ ئەوێ برد تازە خڕەکە ببووی .من لەو سەفەرەدا بیرەوەرییەکی زۆر ڕوونی دایکتم لە بیرە ، کە لە مەزرا پڕ لە گوڵە کێوییەکاندا لەوەڕینی کەرتە گاڕانێکی نیشان دای .خۆزگە ئەوندە چکۆلە نەدەبووی . ئەگەر وابا ، ماڵەکانی گوندت لە بیر نەدەچوو .قورمی سەر دیوارە بەردینەکان و ئەو چۆمەشت لە بیر نەدەچوو کە من و مامەکانت لە خەونی منداڵیماندا هەزار بەنداوی چکۆلەمان بۆ دروست دەکرد.خۆزگە شاری حومست هەر ئەو جۆرە بێتەوە بیر کە من لە بیرمە مەروان! لە شوێنە قەرەباڵغەکانی قەدیمی شار ، مزگەوتێک بۆ موسوڵمانەکان ، کڵێسەیەک بۆ فەلەکانی هاوسیمان و بازاڕێکی گەورەی پڕ لە ملوانکەی ئاڵتوون و بەرهەمی تازە و جلوبەرگی بووک ،بۆ هەموان دروست کرابوو . خۆزگە تۆش ئەو شوێنە قەرەباڵغانەت لە بیر دەبوو کە پڕ دەبوون لە بۆنی خۆشی کیبەی سوورەوەکراو .یان ئەو پێڕەوەی گۆڕەپانی بورجی کاتژمێر کە من و دایکت ئێواران پیاسەمان لێدەکرد.بەڵام هەموو ئەو شتانە ئێستا وەکوو درۆ دێنە بەر چاو . تەنانەت بۆ منیش وەکوو دەنگۆیەکی لە بیر کراو وان لە ڕابردوویەکی دووردا.لە پێشدا خۆپیشاندانەکان هاتن و پاشان گەمارۆ.ئاسمان بە بۆمبا بە سەرماندا ڕشاوە ، قاتوقڕی و ناشتنەکان. ئەمە ئەو شتانەن کە تۆ دەیانناسی .تۆ دەزانی کە بۆمبایەک هێندە دەم بە زەوی دەکاتەوە کە بتوانی مەلەی تێدا بکەی .
تۆ فێر بووی کە دیتنی خوێنی ڕەش و مەیو هەواڵێکی خۆشتر لە قەڵپەزەی خوێنی گەشە. تۆ ئەوش دەزانی کە دایکان و خوشکان و هاوپۆلەکان دەکرێ لە بستە پێستی چکۆلەی سێ گۆشەی داگیرساودا بدۆزینەوە کە لە تاریکی دا لە نێو کەلەبەری باریک و سوورەوە بووی بێتۆن و ئاجوور دا دەدرەوشێنەوە .مەروان ئەمشەو دایکت لێرەیە و لە گەڵمانە . لە بەر تریفەی سارد و ڕووناکی کەنار . لە پەنا منداڵانی گڕوو گرتوو و ئەو ژنانەی کە بە زمانی جیا لە ئێمە خەریکی نارەنار و ڵاواندنەوە و نووزەنووزن ؛ ئەفغانییەکان ، سومالیاییەکان ، عێراقیەکان و ئێریتریاییەکان و سوورییەکان . هەموومان بێ تاقەتی هەڵاتنی خۆرین .هەموومان زراوتۆقیوی هاتنی کازیوەین . هەموومان وێڵین بە دوای ماڵەکانماندا.گوێم لێبوو کە دەیانگوت ئێمە گۆشتی گەردەمل و میوانی ناوەختین . ئێمە نەخوازراوین . دەبێ چارەڕەشییەکانمان بۆ جێیەکی تر بەرین . بەڵام من گوێم لە دەنگی دایکتە کە لە سەر ئاخێز و داخێزی دەریا بە گوێمدا دەچرپێنێ “ئای ئازیزەکەم : ئەگەر ئەوان هێندەی نیوەی تۆ شتیان دەدیت ،ئەگەر تەنیا دەیاندیت ، بە دڵنیاییەوە دڵۆڤانەتر قسەیان دەکرد “.لە شۆقی چوار بەشکراوی مانگدا دەڕوانمە نیوەی ڕوخسارت . مام پیاوەکەم ، برژۆڵەکانت دەڵێی بە قەڵەم کێشراون و دەرکەیان لە سەر خەوێکی پاک داخستووە . پێم گوتی ؛ “دەستم بگرە و هیچ شتێکی خراپ ڕوو نادا ! ” بەڵام ئەمانە تەنیا وشەن ، فێڵی باوکێک ! بڕوا کردنی تۆ بە بابە ، واخەریکەباوکت دەکوژێ .ئەمشەو تەنیا شتێک کە ئەتوانم بیری لێبکەمەوە ئەویە کە دەریا چەندە قوڵە و چەندە بەرین و خەمسارد و من بۆ پاراستنی تۆ لە دەست ئەو چ بێ دەسەڵاتم . تەنیا شتێک کە لە دەستم دێ ئەوەیە کە دوعا بکەم . دوعا بکەم کە خودا ئەو کاتەی کە لە کەنار نەدیوین و وەکوو تارماییەکی بچووک لە نێو شەپۆلەکانی ئاودا سەراوبن دەبین و قووت دەدرێین ، گەمیەکەمان ڕزگار بکات.چونکە تۆ ، بارێکی پڕ قیمەتی مەروان ، پڕ بایەختر لە هەمووی ئەو بارانەی کە دەریا تا ئێستا بە خۆیەوە دیوە . دوعادەکەم دەریا ئەوە بزانێ!