پەخشان
پیروزبێ رۆژی زمانی زکماکی

✍️حەسەن ئەمینی سەقز
گوندەکەمان کەس نەکێڵ و بەردەرەق بوو
چەپەک و سەڵت هەڵکەوتبوو
مدیرەکەمان پیاوێکی ئازەری زمان بوو، زۆرم خۆش ئەویست. قوتابخانەکەمان ئەیروانیە سەر کانی و ئەسێری بەر حەوزی ئاوایی کە ئاوێکی زۆری تێدا بەربەست کرابوو
لەوێوە هەرچاوێکم لەو سۆنەکانی سەر ئاوەکە بوو چەند دانەیان هی ئێمە بوو…
مدیر بەردەوام دەنگی ئەدام و ئەیوت: چاو لە کوێ ئەکەی؟ هۆشت بە لای دەرسەکەتەوە بێ، کەم چاو لەو ئۆردەکانە بکە. کە ئەیوت ئۆردەک زۆر پێم ناخۆش بوو، پێم ئەوت: ئاغای مدیر بۆ بە سۆنەکانی دایکم ئەڵێی ئۆردەک لانی کەم وەک مامۆژنم بڵێ: مراوی..
مدیر عاجز ئەبوو و ئەیوت: تۆ خەریکی دەرسی، ئەها لە کتێبەکدا نووسراوە ئۆردەک، سۆنە هی دایکتە هی زمانی ماڵەوەیە. ئەمە زمانی رەسمی وڵاتە… ئیتر لە سەردڵما ئەبوو بەگرێ..
ئەچوومەوە بۆماڵەوە دایکمم هەڵئەپێچا و ئەموت: دایە بۆ زمانی تۆ رەسمی نیە؟ بۆ لە ناو کتێب دا نیە؟ بۆچی هەر تۆ ئەڵێی سۆنە؟ ئاغای مدیر ئەیوت: سۆنەکانی دایکت رەسمی نیە ناوچەیییە! ئەی تۆ؟ زمانی تۆ بۆ رەسمی نیە؟
دایکم قەت تووڕە نائەبوو هەمووجارێ هەناسەیەکی هەڵ ئەکێشاو ئەیوت: ئاغای مدیر راست ئەکا! زمانی کتێب زمانی رەسمی وڵاتە! بە قوربان هەر ئێمە وانین ئاغای مدیرخۆیشی وەک ئێمەیە! ئەویش خۆی ئازەرییە و هاتوە لێرە دەرسی فارسی یان بڵێین ناوەرۆکی عەرەبی بە زمانی فارسی بە تۆی کورد ئەڵێتەوە! دایکی ئەویش بە سۆنە ئەڵێ(ئەرکک)، زمانی ئێمەو ئاغای مدیر هێشا نەبوەتە کتێب. من لە سینەمدا لە ئاخاوتن و هەڵس وکەوتما پاراستوومە و هەتا گەیانوومەتە تۆ، تۆیش دەرس بخوێنە بەڵکۆ تۆ بتوانی سۆنە کانی من بخەیتە دووتۆی کتێب…
ئیتر دەستێکی بە سەرما ئەهێناو ئەیوت: ئێستە هەڵسە هەتا تاریکی نەکردوە بڕۆ سۆنەکان لە ناو هەستێرە ئاوەکەی بەرمزگەوت بهێنەوە.


