۲۶ی ڕێبەندانی ١٣٠٠ی هەتاوی

ڕووداوە مێژووییەکان| ئەنوەر مەعریفەت
٩٧ ساڵ لەمەو بەر لە ئێوارەی ئەم ڕۆژەدا هێزێکی چەکداری عەشایەری شکاک، هەرکی، زەرزا و دێبوکری بە فەرماندەیەتی شێخ عەبدوڵلای شەمزینی و شێخ موحسێن، برای شێخ سەیید تەها و ئەمیر ئەسعەد هاتنە ناو شاری سەقز و گرتیان.
سێ ڕۆژ پێش هاتنی عەشایەر و بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی شکاک بۆ سەقز، هێزەکانی حکوومەتی قاجاڕ بە فەرماندەیەتی ماژۆر نەسروڵلاخان، شارەکەیان چۆڵ کردبوو. سەرکردەکانی عەشایەری ناوبراو ئەحمەدبەگ، کوڕی حاجی سەرتیپی موکرییان وەک حاکمی سەقز دیاری کرد و تۆمارێکیان بە ناوی خەڵکی شارەوە نووسی و پێیان مۆرکردن. لەم تۆمارەدا نووسرابوو: «ئێمە خەڵکی شاری سەقز پێمل بە فەرمان و حوکمی سمایل ئاغای شکاکین و گفت ئەدەین خەیانەتی پێنەکەین».
دوازدە ڕۆژ دواتر شێخ عەبدوڵلا شەمزینی بەم تۆمارەوە و ٣٠٠ لیرەی تاڵانی خەڵکی سەقز بەرەو سابڵاغ گەڕایەوە.