غەدرێکی مێژوویی لە #حەمەتاڵی_بانە

نووسین: هەوراز مەریوان (عەلی مەحموودی)

 

هەناری گوڵی هەناری
هەناری دانە دانە
سەرەڕێکەت لێ دەگرم
وەک حەمەتاڵی بانە

مێژوو پڕە لە چەواشەکاری و غەدر لە مرۆڤە ئازا و بوێرەکان.

حەمەتاڵی بانە لەدایکبووی ۱۲۶۹ یە و کوڕی فەقێ حەمە میرزا. حەمەتاڵ هەر لە مناڵییەوە کاتێک لە شەڕەگەڕەکەکان کە لەو سەردەمەدا باو بوون، بەشداری ئەکرد ، لە هەر دەستەیەکدا بوایەت، ئەو دەستەیە سەرکەوتوو ئەبوو.

هەر لە سەردەمی لاویدا فێری سوارکاری و مەلەوانی بوو و بەهۆی نەترسییەوە هەر کات زوڵمێکی دەبینی پێی قەبووڵ نەدەکرا و نێوچاوانی گرژ و تاڵ دەکرد نازناوی تاڵ لە لایەن هاوڕێکانیەوە بڕا بە باڵای. حەمەتاڵ لە دێی ساوانی بانە بەهۆی چالاکی و بوێرییەوە لە لایەن ڕۆستەم خانەوە چەکدار دەکرێت و دەبێتە پاسەوانێکی چالاک و هەڵسووڕاو.

لە کاتی لێقەومانی بنەماڵەی شێخ مەحموود، هەستی کوردایەتی و دڵسۆزی، حەمەتاڵ هان دەدات و دەڕواتە باشماخی مەریوان بەپیری بنەماڵەی شێخ مەحموودی نەمر و دەیانباتە دێی ساوانی بانە و لەوێ بۆ ماوەیەک ڕێزیان لێ دەگرێت.

بەهۆی پەنادانی بنەماڵەی شێخ مەحموود لەلایەن حەیبەڵاخانی تیلەکۆ و ڕۆستەم خانی ساوان، ڕەزاشا کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئینگلیسییەکان دەبێت دەکەوێتە بیری تۆڵەسەندنەوە لەو دوو کەسایەتییە لە کوردستان.

لەو کاتانەدا شەریف قەساوی خەڵکی کاشان کە حاکمی دەستنیشان کراو دەبێ لە کوردستان لەلایەن دەوڵەتی شای ئێران ، بێ ئەوەی دادگایی بکرێن  بە بیانووی بێ بنەما، حوکمی ئیعدامی حەیبەڵا ئاغای تیلەکۆ و ڕۆستەم خانی ساوان (ئاغای حەمەتاڵ) دەر دەکات.

حەمەتاڵ بڕیار دەدات تۆڵەی ئەو کارە بکاتەوە. بۆیە هێرش دەکاتە سەر مەعمووری ماڵیاتی دەوڵەت لە دێی شوێی بانە و لووت و گوێچکەی دەبڕێ و دەینێرێتەوە بۆ بانە و لە چەند شوێن هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی دەوڵەتی شا.

بە ڕاپورت و پیلان دەیگرن و دەیگوازنەوە بۆ زیندانی قەسری تاران و ماوەی هەشت ساڵ لە زیندانی قەسر دەبێ و لە هەلێکدا لە زیندان هەڵدێ و بەهۆی ئەوەی دیسان نەیگرنەوە ڕوو دەکاتە خوراسان و بۆ ماوەیەک بە نەناسراوی لەوێ لە باخەکاندا کار دەکات و دواتر دەڕوات بۆ ئەفغانستان و لەوێوە دەڕواتە عەمان و لە ڕێگای خوزستان و کرماشانەوە دەگەڕێتەوە و دەڕواتە سلێمانی و ماوەیەک لە خزمەت شێخ مەحموود دەبێت و دوایی لەگەڵ کەسێکیتر بەناوی سەی عەتا کە ئەویش گوایە لە ڕۆژهەڵات چەند کەسێکی مەعمووری دەوڵەتی ئێرانی کوشتووە یەک دەگرن و هێزێک پێک دێنن و لەگەڵ هێزەکانی شا بەشەڕ دێن.

دەوڵەتی ئێران داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە ئەوانە گوایە لە ڕژیم یاخی بوون و دەبێت تەحوێڵی ئێران بدرێنەوە. بەڵام ئێراق لە وڵامدا دەڵێت کە ئەوانە شوێنێکی تایبەتیان نییە و کارێک لەدەستیان نایەت بۆ لەداو خستنیان. بۆیە دەوڵەتی شای ئێران پەنا بۆ پیلانگێڕی دەبات و ناکۆکی دەخاتە نێوان سەی عەتا و دەیکاتە داردەستێک بۆ لەناوبردنی حەمەتاڵ. سەی عەتا ئەو پیلانە جێبەجێ ئەکات و حەمەتاڵ دەکوژێت.

بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان، دەوڵەتی ڕەزا شا کەسێک بەناو عەباس دەکاتە فەرماندەی هەنگی مەرزی بانە و مەیدان دەداتە عەباس کە هەرچی دەتوانێ لەو سنوورانە دزی و تاڵان و کوشتوبڕ بکات و دەسە چەورەکەیان بساونە سەر حەمەتاڵ. هەرکەسێکیش سکاڵای دژی عەباس تۆمار دەکرد سکاڵاکەی دەهاتەوە بەردەست و سکاڵاکەری دەکوشت. حەمەڕەشی خانی بانە بۆ تۆڵە سەندنەوەی حەمەتاڵ، لەناو پادگانی بانە فیشەکێ دەنێ بە سەر عەباسەوە و دەیکوژێ و پادگانی بانەش دەگرێ و دواتر بانە و سەقز و بڕێک لە ناوچەی مەریوان ئازاد دەکات.

بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان، قه له م  فروشیکی ئەوکاتە ئەو هۆنراوە دەنووسێت و حەمەتاڵی قارەمان وەک چەتە و ڕێگر پێناسە دەکات کە جگە لە بوختیان شتێکیتر نییە. بۆیە بەپێویستم زانی لەسەر ئەوە، ڕوونکردنەوەیەک بنووسم.

دەبێ لەجیاتی ئەو هۆنراوە بڵێین:

هەناری گوڵی هەناری
هەناری دانە دانە
دژ بە زاڵم ڕاوەستن
وەک حەمەتاڵی بانە

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا