نەورۆز
بە نێوی پاک و پیرۆزی حەزرەتی عەشق. هاووڵاتیان و هەستیارانی خۆشەویست جوانترین ڕێز و سڵاوی ئێمەتان پێشکەش. ساڵی نوێ و نەورۆزتان پیرۆز بێت. هیوادارین ساڵی داهاتوو ساڵی بەدیهاتنی ئاواتەکانتان بێت.
بە بۆنەی نەورۆزی پیرۆزەوە ئێمەیش لە دیوانە جوانەکەی مامۆستا ئەمین گەردیگلانی پارچە هەڵبەستێکمان بە دەنگە بەسۆزەکەی کاک خالید فەتاحی ئامادە کردووە پێشکەشی بارەگای دڵە جوانەکەی ئێوەی ئەکەین. هیوادارین جێی ڕەزامەندی ئێوەی خۆشەویست بێت.
هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆز.
دەقی شیعرەکە:
نەورۆز
ئاشقێكم ساڵەھایە چاوەڕێی نەورۆزەكەم
بێ ترووسكەی خۆری ڕووت تاریكە ڕێی نەورۆزەكەم
وەرزی ڕۆحم بێ بەھارە و بەستەڵەك دەوری تەنیم
بێنە بۆم تاڵێ قژی خۆرت بەجێی نەورۆزەكەم
ساڵەھایە چاوەڕێی پڕشنگی ڕوونی ڕووتە دڵ
كەی دەبێ ڕۆژێ لەگەڵ ڕۆژێ ھەڵێی نەورۆزەكەم؟!
ئەشق و هیوای، ژین و بریای، بۆ مرۆڤ و گیا و زەوی
بۆیە وەک ڕۆح و دڵم خۆشم دەوێی نەورۆزەکەم!
خاک و ئاو و زیندەوەر بەو هاتنەت دەژیێنەوە
ژین و هیوا دێنی ئەو کاتەی کە دێی نەورۆزەکەم!
وشكەساڵی، ئەم وڵاتەی كردە دڕكستانی خەم
سەد چزووی چاڵووك و پێكوڵ چەقییە پێی نەورۆزەكەم
هیندە چنگی نایە قوڕگی خاک و کانی و باخ و گوڵ
تۆ لە ترسی گازی خەردەل ناڕووی نەورۆزەکەم
پێتە مزگێنی بەهار و یەکدڵی و هەستانەوە
تۆ گوڵی هیوای هەوار و شار و دێی نەورۆزەکەم!
ئەم وڵاتە ژوانی پاکی تۆ و گەزیزە و نێرگزە
دەک نەژیم گەر ڕێ بدەم پێپەست کرێی نەورۆزەکەم
لەم هەواری ئەشقە بۆ هەر لایە دەفڕێ چاو و دڵ
بسکی زەردی تۆ شنەی دێت و لەوێی نەورۆزەکەم!
چاوەڕێم ڕۆژێ شەماڵی عەشق ە هیوا هەڵ بکا
تۆ بە شاباڵی شنەی ئاڵاوە بێی نەورۆزەکەم
بسکی زەردی تۆ لەهەر لایەک بڕسکێ شێعری من
شانەیێکە و دێ، قژت دابێنە پێی نەورۆزەکەم!
دیومە من وەرزێ لە ئاوێنەی بزەی ئەم خاکەدا
بەرد بە سندەی گڵ دەڵێ: سەر بەختی ڕێی نەورۆز ئەکەم
تا شنەی دارئاوسی هەڵکرد، بە باخا تێپەڕی
شاڵی متفەڕکی لە سەر نا باوەلێی نەورۆزەکەم
ڕوو لە هەر یاڵ و بەڕۆژ و دوند و لاپاڵێ دەکەی
چەتری پەلکی زەردی خۆی هەڵداوە لێی نەورۆزەکەم
شادی وەک سروەی بەهاری دێ و جا ئەو کاتە تۆیش
تاجی ئازادی لە سەر سەر دادەنێی نەورۆزەکەم