لەگەڵ سروە؛

خاتوو خانزاد و ولاتی سۆران

✍️یۆسف مستەفا

مێژووی هەموو گەلێک کۆمەڵێک گەورەپیاوی لە سەرکردەی سوپا و داهێنەر و زانا و هونەر و هی تریان تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها چەندان ئافرەتی واشی تیا هەڵکەوتووە کە هەر یەکەیان جۆرەها خزمەتی نایابی پێشکەش بە گەلەکەی کردووە کە هەتا ئێستاش لەبیر نەچوونەتەوە و بەشانازی‌یەوە باس ئەکرێن و گەل شانازی‌یان پێوە دەکا و لە مێژوودا ناویان دەنووسرێ.

مێژووی گەلی کوردیش باسی یەکێک لەم ئافرەتە مەزنانە دەکا کە ناوی خاتوو (خانزاد) بووە. جا ئەبێ ئەم خاتوو خانزادە کێ بێ و چ بەهرەیەکی بە گەلەکەی بەخشیبێ؟

لە پارێزگای هەولێر لە نێوان شاری رەواندوز و شەقڵاوەدا شارێکی بچکۆڵانە هەیە پێی ئەوترێ “هەریر” کە ئەم شارەش پایتەختی میرنشینێک بووە لەو میرنشینانە کە لەناوچەی کوردەواری‌یا هاتوونەتە کایەوە و پێی وتراوە میرنشینی سۆران. بە بڕوای میژوونووسان نزیکەی “۴۰۰” ساڵ لەمەوبەر میرێک فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆرانی دەکرد کە بە ئازایەتی و زیرەکی و خۆشەویستنی زانست و دادپەروەری ناوبانگی دەرکردبوو ئەویش “سلێمان بەگ” بوو. ئەم سلێمان بەگە لە هەڵسووڕانی کاروباری میرنشینەکەدا متمانەیەکی زۆری بە “خاتوو خانزاد”ی خوشکی دەکرد چونکە خاتوو خانزاد زیرەک و چالاک و دڵگەرم دەبێ و شەوورۆژیش لەپێناوی بەرژەوەندی دانیشتوانی میرنشینەکەیدا تێدەکۆشا و شان بە شانی میرسلێمان بەگی برای هەوڵی دەدا بۆ هەراوکردنەوەی وڵاتی سۆران و دەسەڵاتیان لە میرەکانی دیکە دەستاند و دەیانهێنانە ژێر رکێفی خۆیان. هەتا رۆژێکیان سلێمان بەگ لەگەڵ “لەشکری” ناوێک کە سەرکردەی سوپاکەی دەبێ بۆ دیدەنی والی تورک دەچێتە بەغدا. “لەشکری”مناڵ بووە و باوکی کۆچی دوایی دەکا، میرسلێمان دەیگرێتە خۆی و بە هەتیوی بەخێوی دەکا کە گەورەش دەبێ دەیکا بە سوپاسالاری سوپاکەی خۆی. “لەشکری” مرخی لەوە خۆش کردبوو کەدوای سلێمان بەگ ببێ بە میر و بۆ خۆی میرنشینی سۆران بگرێتە دەست بۆیەش بە نهێنی لەگەڵ والی تورک کۆبوونەوەیەکی کرد و زمانی لە دژی سلێمان بەگ خستە کار و گەلێک بوختانی نارەواشی دایە پاڵی. تەنانەت وای لە والی کرد کە دڵی لە میرسلێمان کرمێ ببێ و مەترسی لێ بکا لەبەر ئەوە والی داوای لە نۆکەرەکەی خۆی کرد زەهر بکاتە قاپەکەی سلێمان بەگ، ئەویش دەست بەجێ فەرمایشتەکەی والی زۆرداری جێ‌بەجێ کرد. ئابەم جۆرە سلێمان بەگ بە ناهەق کوژرا و وڵاتی سۆران بەسەر خاتوو خانزاددا مایەوە.

“لەشکری”ی زۆڵ و بەدفەڕ بەو ئومێدە والی یارمەتی بدا و بیکا بە میری سۆران لە بەغدا مایەوە. بەڵام خاتوو خانزاد کە هەواڵی چۆنیەتی کوشتنی برای و ناپاکی “لەشکری” سپڵەی لە پیاوێکی سلێمان بەگەوە پێدەگا نووسراوێکی جوان و رازاوە بۆ “لەشکری” دەنێرێ و داوای گەڕانەوەی لێدەکا و بەڵێنی پێدەدا کە خاتوو “ئایشێ”ی خێزانی جوانەمەرگ سلێمان بەگی برای کە زۆر جوان و رەوشت بەرز دەبێ لێ مارە بکا و زووش بۆی بگوازێتەوە.

هەر وەها خاتوو خانزاد لە نووسراوەکە هەرێی ئەوەشی دەداتێ کە لەگەڵ گەییشتە “هەریر” بیکا بە میری سۆران و جڵەوی کاروباری بداتە دەست.

لەشکری ناپەسەند بەم هەموو بەڵێنە خۆشانە زوو دەسخەرۆ بوو و کۆچ و کۆچباری ئامادە کرد و بەو هیوایە کە ببێ بە میری سۆران و خاتوو “ئایشێ”ی نەرم و نۆڵیش بگرێتە باوەش گەڕایەوە بۆ هەریر و خۆی خستە داوی خاتوو خانزادی دلێرەوە. دیارە خەیاڵی خاو بوو چونکە کە گەییشتە هەریر خاتوو خانزاد گرتی و دایە دادگا و لە پاداشتی ئەو ناپاکی‌یەی که لە گەڵ سلێمان بەگی بێ گوناەدا کردبووی فەرمانی کوشتنی دا و فەرمانەکەش زوو جێ بەجێ کرا و “لەشکری” بە مرادی خۆی نەگەیشت.

لە پاشان خاتوو خانزاد خۆی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆرانی گرتەوە دەست و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کە ئەوساکە وڵاتی لەژێر رکێفدا بوو… پچڕی. خاتوو خانزاد ماوەیەکی فەرمانڕەوایب میرنشینی سۆران کرد و بەرامبەر بە دانیشتووانی دڵنەرم و پڕبەزەیی و لە رووی دوژمنیش ئازا و سەرسەخت بوو.

خاتوو خانزاد لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە فەرمانڕەوا بوو دەستی بووژاندنەوە و ئاوەدان کردنەوەی بۆ زۆر لا درێژ کردەوە. گەلێ رێگا و بان و پرد و قەڵای سەخت سەختی درووس کردووە کە ئێستاش شوێنەواری ئەو قەڵایانەی لە ناوچەکانی “باڵەک”و “بانەمان” و سەرووی “هەریر”ەوە دروستی کردبوون هەر ماوەتەوە.

قەڵای خانزاد لە نزیک گوندی میراوە، باکووری ھەولێر

 

قەڵای بنەی هەریر زۆر گەورە و بەنێوبانگ و سەخت بووە، دیوارەکانیشی لەجێی خۆیەتی و ئێستایش بە ناو قەڵای خاتوو خانزادی سۆران ناودەبرێن و خۆدەنوێنن و گەواهی دەدەن کە خاتوو خانزاد شێرەژنێکی بەناوبانگی کورد بووە. خاتوو خانزاد جگە لەمانەش بایەخی زۆری بە زانست داوە و خەڵکی لەم پێناوەدا هانداوە و زانایانی لە هەندەرانەوە هێناوە هەتا دانیشتووانی سۆران شتیان لێ فێر بن و لەمەش پتر هەمیشە باوەشی بۆ فەقیر و هەژار کردۆتەوە وەک دەڵێن لەدوای کوژرانی میرسلێمان بەگ خاتوو خانزادی شێرەژن و زانست پەروەر ناردوویە لە حەسەن ئاوای ئەردەڵان یەکە زانای بەناوبانگ مەلا حەیدەری باپیرە، گەورەی بنەماڵەی حەیدەری ماوەران و هەولێر و بەغدا و مەلا ئەبووبەکری باپیرەی گەورەی مەلا گچکەی کۆیە (مەلا ئەفەندی) و مەلا ئەبووبەکری هەولێری و ئەحمەد ئەفەندی ئەعیان کە هەردووکیان کانی فەزل و هونەر و زانستی کوردستانن هێناونیە خاکی سۆران و مەلا حەیدەری لە هەریر و مەلا ئەبووبەکری لە هەولێر دامەزراندن. لەو دوو گەورە زانا کوردانە علم پەرەی بەست و ئێستاش زانین لەو وڵاتەدا هەر بەردەوامە.

 

*سەرچاوە: گۆڤاری ئەدەبی_فەرهەنگی سروە، ساڵی هەشتەم، ژمارەی۷۵، رەزبەری ۱۳۷۱، لاپەڕەکانی ۱۵ و ۱۶٫

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا