ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا گۆران

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ۱۹۶۲ی زایینی «مامۆستا گۆران»، شاعیر و ڕۆژنامەوانی کورد کۆچی دوایی کرد. عەبدوڵڵا بەگ کوڕی سڵێمان بەگ لە ساڵی ۱۹۰۴ی زایینی لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە.
باوک و باپیری گۆران، لە شیعر و ئەدەبدا بەهرەیان بووە، بە تایبەت باپیری لە زمانی فارسیدا شارەزایی چاکی بووە و بە کاتبی فارسی ناسراوە.
گۆران خۆی بۆ مامۆستا ڕەفیق حلمی گێڕاوەتەوە و وتوویە: لەبیرمه، کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە هەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیرام، بۆ پۆلێک وەرگیرام، ئەوەی بەڕێوبەرەکەمان بەڕەحمەت بێت تاهیر ئەفەندیی مەلا ئەمینی جەففار پێی ئەوت پۆلی ئیحتیات. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانەی فەرمییشدا پچڕ پچڕ بووه. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی هەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیزەوە تەواوکردووه. گۆران بۆ یەکەمجار لە ۱۹۲۵دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە دامەزراوە.
لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە. یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری گۆران سروشت و وەسفی جوانی سروشتە، وەک دەڵی:
پاییز! پاییز!
بووکی پرچ زهرد
من مات تۆ زیز
ههر دوو هاودهرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هەناسهم، تۆ بای ساردت
من خهم، تۆ ههوری گریانت
دوایی نایە: دادم، دادت
ههرگیز، ههرگیز
پاییز! پاییز!
یەکێکی تر لە شیعرە جوانەکانی مامۆستا گۆران «هیوا مەگری»یە کە وەک دەڵێن بۆ هیوای کوڕی نووسیوە کە لە تەمەنی کۆرپەلەییدا مردوە. دواجار تێکستی شیعرەکە لە لایەن هونەرمەندانی گۆرانیبێژە کراوە بە ئاواز.
هیوا مەگری
هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵ دە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم، کۆرپەڵەم، میوانی دونیای تازە خوڵقاوم
ئەدا گریەت، بە زەبری چز، لە ڕۆحی پڕگلاراوم
چیە ئەو گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو، خورپێن؟
چیە ئەو قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لە سەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چیە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ
وەکوو ئەو بەرخە بچکۆڵەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو
لە بەر چی نەشئەی یاری، هەڵت ناداتە سەر پاشوو؟
ئەڵەی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە، فەڕشی هێلانەی
چ ئێشێکە، کوڕم؟ بۆ چی لە سەر ئەو هەڵکڕووزانەی؟
چیە توخوا؟ چ سڕێکە وەها مەحکوومی گریانی؟
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت، زەهرت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت، بە دەم باوە بپێژایە
لە ناو کڵپەو و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتا یەکسەر بسووتایە
بەهاری عومری جوانیت، هەم گوڵ و هەم بەر، بەڵێ ڕۆڵەم
ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختی ئیدراکیش لە تۆشی رەش بکردایە
نە وەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش، حەقت بوو
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی، بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵێ ڕێشت
حەقت بوو ئەو هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا
زمانی بەست و تەقریری شکاتت بێ، لە دەست دونیا
حەقت بوو بێ وچان بگری، بە سەر تاوانی باوکیما
بەحر پڕ کەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما
بەڵام ڕۆڵەم، کە تۆ هێشتا لە فەجری زیندگانیتای
لە بەر دەرگای تەلسمی بەخت مەجهوول و نیهانیتای
بە چی مەعلووم بە شوێن هی منا ئەڕژێ، چەمی عومرت؟
سەراسەر پێ کەنین و خوڕڕەمی نابێ، خەمی عومرت؟
بەڵێ بەرخم، ئەگەر چی هەر وەکوو یەک ژینی گش لایە
لە بەینی بێشکە و قەبرا، بڕینی عەینی ڕێگایە
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەر زەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین
وەلێ کۆچی ژیان، کۆچێکی پڕ سێحر و پڕ ئەفسوونە
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە، یەکێ لێڵ و یەکێ ڕوونە
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە
هەیە هی واش کە فەڕشی ژێری پێی، ئاوریشمی گوڵزارە
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاری ئەکا دونیا
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە، ئەڕژێ بە سەر سەریا
کوڕم، هەر وەک لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگری
شتێکیش بەختیاری، پێ کەنین، گرتوویە چوار دەوری
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری، لە ئەستێاوە
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
مامۆستا گۆران لە ١٩٥٢دا دەچێ بۆ سلێمانی و دەبێ بە بەرپرسی رۆژنامەی ژین. لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئازادی.
لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.
سەرچاوەکان:
مامۆستا گۆران. ماڵپەڕی ئاوێنەکورد
ئاگاداریەکانی تایبەتی محەمەدی مەلا کەریم