لەگەڵ سروە؛
هەدەف

هێشتا بەفر لێی نەکردبۆوە و سەرمای بێ دەرەتانی سەر لە بەیانی وەلەرزی خستبووین.
دەرگای قوتابخانە ئاواڵە بوو و حەوشەکەی بە نوا بەفرێکی سپی رازابۆوە. بەهوو هووی دەستان لە پلیکانان وەسەر کەوتین و خۆمان گەیاندە دەرکی ساڵۆن کەچی بە پێچەوانەی رۆژان داخرابوو و قوتابییەکان هەر یەکە لە سووچێک لەژێر پەنا و پەسیواندا هەڵکوڕمابوون. خودا خودامان بوو زوو زەنگ لێ بدرێ و بچینە ژوور. لە نەکاو دەنگی جەنابی مودیر لە بڵیندگۆ بەرز بۆوە:
_ قوتابییه خۆشەویستەکان سەف بگرن و رێز بن.
هەر بابا بوو بۆڵەیەکی لێدەهات و دەیگوت:
_ بۆ خۆت جێت گەرمە و ئاگاشت لە ئێمە نییە!
ئەوجار جەنابی مودیر بۆ خۆی هاتە دەر چاوێکی پێدا خشاندین و گوتی:
_ ئازیزان لەم هەوا بەفراوییه جوانەی ئینڕۆکەدا تاقی کارییەمی زۆر هاسان بەڵام زۆر گرینگم بۆ دیاری کردوون.
دەبوو سەرنج بدەین و گوێ ڕابدێرین و لەگەڵ سەرماش بچارێین. پیاو هەزار جۆرە خەتەرەی دەکرد «داەۆ بەفر دەرخواردی کێ دەدەن؟ یا زۆرەوانیمان پێدەگرن، نا بابە حەتمەن سەربانمان پێ دەماڵن ». لەو خەیاڵانەدا بووین کە جەنابی مودیر لە پلیکانان داگەڕا و سەفی دابڕاوی ئێمەی تێکەڵ کردەوە و هەمووی کردیانە ریزێمی درێژ و راست.
مامۆستاکانیش هەموویان لەسەر پلیکانەوە چاویان لە تاقیماری جەنابی مودیر بڕیبوو. وەختێک سەفەکەمان بەکەیفی کاکی مودیر راست بوو، هێندێکی نێوان بۆ دیاری کردین و گوتی:
_ قوتابییە خۆشەویستەکان! مەرجی تاقی کارییەکەرئەوەیە کە دەبێ ئێوە هەتا ئەوسەری حەوشی قوتابخانە بڕۆن و بەجێ پێی کەوشەکانتان رچەیەکی راست بشکێنن. دووپاتی دەکەمەوە… بزانم کێ دەتوانێ بەجێ پێی کەوشەکانی خەتێکی راست هەتا ئەوسعری خەساری مەدرەسەکە بکێشێ.
پشوویەکمان هاتەوە بەر و گوتمان:
_ئەگەر هەر ئەوە بێ هیچ نیە و تەنانەت یەک لە قوتابیان گوتی:
_هەی ماڵتە دەزووترت وا گوتبایە دڵم سیس بوو!
هەموو وێگڕا سەرمان داخست و وەنێو بەفر کەوتین. تەواوی فکر و هۆشی خۆمان دابووە سەر هەنگاوەکانمان. هەی خوایە لاقمان خوار نەبێ، هەی پێغەمبەر لێمان خوار نەبێ. هی واش بوو خۆش خۆش ئاوڕی دەداوە تا بزانێ ڕچەکەی راستە یا خوار. هەرکەسە لە فمری خۆیدا بوو تا لە تاقی کارییە هەسانەدا سەرکەوێ.
چەن دەقیقەیەک پێنەچوو کە گەیشتینە ئەوسەری حەوشە وەختێک ئاوڕمان دایەوە دیتمان رێچکەی هەموومان خوارە. لەنێو تەواوی قوتابییەکاندا شێرکۆ توانیبووی بەجێ پێی کەوشەکانی خەتێکی راست دیاری بکا.
مودیر شێرکۆی بانگ کردە لای خۆی و گوتی:
_ بارەکەڵڵا شێرکۆ. ئەتۆ لە دەرس و دەورەکانیشدا هەروا ئازای. جا ئێستا بە هاواڵەکانت بڵێ کە تۆ چۆن لەم تاقی کارییەدا سەرکەوتی؟
شێرکۆ لە حاڵێکدا کە بزەی دەهاتێ رووی لە ئێمە کرد و گوتی:
_ هاورێیان! من وەک ئێوە لە فکری چەپ و چیڕ یا راست هاویشتنی هەنگاوەکانمدا نەبووم. بەڵکوو لەوسەری حەسارێ میلەیەکم کردبووە نیشانە جا چۆن ئەو هەدەفەم هەر لە نەزەردا بوو چاوم هەر لەوی بڕیبوو تا پێی گەیشتم. نە ئاوڕم داوە و نە هێندە چاوم لەبەر پێی خۆم کرد. ئینسان لە ژیانیشدا قەت بێ هەدەف سەرکەوتوو نابێ. ئێمە کە هەدەفمان، ئامانجمان دەرس خوێندنە و چاوەڕێی داهاتوویەکی روونین نابێ هیچ کەندوکۆسپێکی ژیان لەو رێگا پیرۆزەمان بگێڕێتەوە….
ئەوجار کاکی مودیر هاتە پێش. شێرکۆی ماچ کرد. بۆخۆی رووی لە ئێمە کرد و گوتی:
_ قوتابییە ئازیزەکان، مەنزووری من لەو تاقی کارییە تەمیا سەلماندنی ئەم راستییە بوو کە ئادەمیزاد لە ژیانیدا بێ بەرنامە و ئامانجێکی دیاری کراو تێ بکۆشێ ئاخری سەری لێ دەشێوێ و بە ئاوات ناگا. هیوادارم ئێوە خۆشەویستان بۆ ئەم خوێندن و زەحمەت کێشانەتان هەدەف و ئامانجێکتان هەبێ چون خوێندن هەدەف نییە، بەڵکوو کەرەسەی گەیشتن بە هەدەفە، ئێستاش دەرگای ساڵۆن ئاواڵەیەر هەروا بە سەف بچنە ژوور و خەریکی دەرسەکانتان بن.
سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی سێهەم، ژمارە ۱۹، رێبەندانی ۱۳۶۶، لاپەڕەکانی ۵۴ و ۵۵.