لە گەڵ سروە؛
حوکمی ناڕەوا

وەرگێڕ: عەبدوڵڵآ زێڕین
رۆژێک لە رۆژان پیاوێکی پیروئیختیار، چوو بۆ لای حەکیم و گوتی:
“زۆر ناساز و کەم تاقەتم، پیاوی چا بە عیلاجم بکە”!
حەکیم موعاینەی کرد و گوتی:
_ دوێنێ شەو چت خواردووە؟
گوتی: هیچ.
گوتی: ئەدی ئەم بەیانییە؟
گوتی: هیچ.
حەکیم بۆی دەرکەوت کابرا جگە لە پیری و بێ تاقەتی هەژار و برسیشە و لەوانەیە هەر ئێستا بەلادا بێ. زۆری زگ پێی سووتا. بۆ ئەوەی غەمباری نەکا گوتی:
_مامە گیان! ئەم نەخۆشیەی تۆ دەوا و دەرمان و پارێزی پێ ناوێ. بۆ ئەوەی چاک بیەوە هەر کارێکت پێ خۆش بوو بیکە، ئیشتیات لە هەرچی بوو بیخۆ، بە کەیفی خۆت رایبوێرە.
کابرا گوتی:
فەرمایشتەکەت راستە بەڵام من ئیشتیام لە هەرچی بێ ناتوانم بە کەیفی خۆم لێی راکێشم، چونکە شک نابەم. حەکیم کزەی لە جەرگ هات. چونکە پێی خۆش نەبوو بەم ئاخیری عومرە خەم و خەفەتی زۆرتر بکا، گوتی:
_ مەبەستی من ئەمەیە کە بیر لەم جۆرە شتانە نەکەیەوە و هەر چۆنێک بۆت دەکرێ دڵی خۆت خۆش بکەی و لە قەدەر حاڵ، ئامانج و ئاواتەکانت وەدی بێنی.
کابرا گوتی:
خودا خێرت بنووسێ، یا ڕەبی راوەستاو بی، چونکە منت ئاسوودە کرد. ئەڵبەتە خۆم دەزانم قەت ئاواتم وەدی نایەن.
حەکیم گوتی:
بەڵێ مامە گیان وایە، ئیشاڵڵا خوا شفات دەدا. ئێستایش کوێت پێ خۆشە بچۆ هیوادارم بە مراد بگەی.
کابرا گوتی:
دەمەوێ بچمە سەیران.
حەکیم گوتی: بڕۆ ئەسپاردەی خودا بی.
پیرە رۆیشت، قسەکانی حەکیم زۆری کار لێکرد. بەرەو دارستانی دەم رووبار کەوتە رێ. بە ئەسپایی دەرۆیشت و سەیری دیمەنی چوانی بەهاری دەکرد. هێندێک پێچوو تەماشای کرد ئەوە دەروێشێکی زل و چوار شانە خەریکە دەست و چاوی دەشوا. چاوی بە پشت ملی پان و لووسی دەروێش کەوت. لە دڵی خۆیدا گوتی:
وەڵڵا بابە ئەم پشت ملە بابەتی ئیشە، تەح… چەند لەبارە! لەو دەمەدا قسەکانی حەکیمی وەبیر هاتنەوە کە دەیگوت: “چت پێ خۆشە بیکە”.
هەنگێ قۆڵی هەڵماڵی و بە ماتە مات چووە پێش و بە هەموو هێزی خۆی ئیشێکی لە پشتە ملی دەروێش راکێشا، پاشان دایە قاقای پێکەنین. دەروێش بە زەحمەت خۆی پێ راگیرا، تۆزێکی مابوو دەچۆمەکە بکەوێ راست بۆوە. ویستی بیرازی بکا بەڵام تەماشای کرد زۆر پیرە، ئەگەر لووتی بگرێ لەوانەیە گیانی دەرچێ، لەبەر ئەمە توند دەستی مامە پیرەی گرت و گوڕاندی:
“بەدبەختی ماڵ وێران! لە گیانی خۆت بێزاری ئاوا دەکەی؟ هیچ پێت عەیب نییە پێدەکەنی؟ چما شێت بووی”!؟
پیرە گوتی:
وەڵڵاهی خۆیشم نازانم بۆچی وام کرد، لە خۆڕا ئیشتیام هەستا، بەڵام پێکەنینەکە ئی ئەوەیە نازانم شەقەکە ئی ملی تۆ بوو یا ئی دەستی من؟!
ئەمەی گوت و دیسان دەستی کرد بە پێکەنین. دەروێش ئەوەندەی تر رقی هەستا و گوتی:
ئێستا حاڵیت دەکەم! ئەوجا توند دەستی گرت و رایکێشا بۆ لای قازی. دەروێش رووداوەکەی لە نووکەوە بۆ قازی گێڕاوە و گوتی:
جا قوربان ئەمە شکایەتی من، ئەمەش کابرای بێ شەرم، ئەگەر دەفەرمووی با تۆڵەی لێ بکەمەوە، ئەگەر نا بفەرموون چ بکەین؟ جەنابی قازی من بۆیە لێم نەدا گوتم دەستی لێ دەم گیانی دەر دەچێ.
قازی چاوێکی لە کابرای پیر کرد، زانی بە کاری تۆڵە نایە ناعیلاج ر،وی لە دەروێش کرد و گوتی:
برا گیان، ئەم پیاوە زۆر پیرە، بۆ ئەوە نابێ تۆڵەی لێ بکەیەوە. شتێکی لێ بێ بە سەرتدا ساغ دەبێتەوە، ئەگەر هێزی لەبەردا بوایە هەقی خۆی بوو، بەرای من وا باشترە لێی خۆش بی. پێشینیان گوتوویانە:
“ئەو لەزەتەی لە بەخشیندا هەیە، لە تۆڵە ئەستاندندا نییە”.
دەروێش گوتی: بەخشینی چی؟ جەنابی قازی ئەم حوکمە حەق نییە، سۆزی خەڵک ئەمە ببیسن ئیتر کەس بە کەس نابێ. چاوی سپی، ملی ماسی! وەڵڵا هەرگیز نایبەخشم!
قازی گوتی:
هەر ئەوەیە گوتم، ئەم کابرایە نەخۆش و پیر و پەک کەوتەیە، ها ئێستا ها تاوێکی تر بەلادا بێ، باشتر ئەمەیە واز بێنی.
دەروێش گوتی: من دڵم بەم کارە رازی نییە. قازی رووی لە پیرە کرد و گوتی: چەندت پوڵ پێیە؟
پیرە گوتی: هیچ.
قازی گوتی: بەیانی چت خواردووە؟
پیرە گوتی: هیچ.
قازی رووی کردە دەروێش: ئەم کابرایە برسیشە شەپڵاغەیەکی لێ داوی خۆ هیچت لێ کەم نەبۆتەوە، لێی گەڕێ وازی لێ بێنە. ئەی تۆ چەندت پووڵ پێیە؟ دەروێش گوتی: شەش دینار.
قازی گوتی:
زۆر چاکە، نیوەی ئەم پوڵەشی بدەیە، لێی گەڕێ با بڕوا پارووە نانێک بخوات، خودا خێرت دەنووسێ.
دەروێش زۆر بە ناقایلی گوتی:
چاک پێوە بوین!
لێشم بدەن و پووڵیشیان بدەمێ؟ ئەمە زۆڵمە، ناحەقییه، کوا خودا هەڵدەگرێ؟
قازی و دەروێش هەر وا خەریکی قسە بوون، پیرەش فکری لەوە دەکردەوە کە هەر شەپڵاغەی بایی سێ دینارە، لە پڕ چاوی لە پشت ملی جەنابی قازی کەوت، زۆر لە پشت ملی دەروێش پان و لووستر بوو، لە خۆشی یان بزەی بە لێودا هات. قازی و دەروێش نۆرەی قسەی یەکتریان نەدەدا و ئاگایان لە هەموو شتێک بڕابوو، مامە پیرە پارێزی بۆ قازی برد بە هەموو دەمای خۆی لە پشت ملی قازی راکێشا و دایە قاقای پێکەنین و گوتی:
تۆیش بێنە سێ دینارم بدەیە، ئەوجا بێ حیساب دەبین. دیسان دایە قاقای پێکەنین.
قازی زۆر تووڕە بوو بەڵام دەروێش زۆری پێ خۆش بوو، دەستی رۆهێشتە گیرفانی و هەموو پووڵەکەی دەرهێنا و گوتی:
فەرموو بە قوربانت بم، ئەمە سێ دیناری خۆم و ئەمەش سێ دیناری قازی، قەیدی نییە من دەیدەم، پاشان قاقا پێکەنی. قازی بە تووڕەیی گوتی:
ئەمە چ قسەیەکە، چۆن تۆ پووڵ دەدەی لە من بدەن؟
دەروێش گوتی:
ئەرێ وەڵڵا شەپڵاغە ئەگەر باشە بۆ هەموان باشە، ئەگەر خەراپیشە بۆ هەموان خەراپە. حەیف پووڵی دیکەم پێ نییە، دەنا ئەم شەپڵاغەی دوایی هەزار دیناری پتر دێنا، چونکە جەزای حوکمی ناڕەوا بوو، ماڵم حەقە زۆر بەجێ بوو!
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی دووهەم، ژمارە۸، زستان ۱۳۶۵، لاپەڕەکانی ۱۸ و ۱۹.