لە گەڵ سروە
چیرۆکی ئەسپ

✍️حەمە سەعید حەبیب
هێشتا گزنگی خۆری بەربەیان، دەستی لە گەردنی سپی، چیای پیرەمەگروون، نەکردبوو، واراهات بوو هەموو بەیانییەک زوو شنەبای ئەو دەشت و کێوە، لە رووی بدان، ئەگەر لە کونی دەرزیشەوە بێ، تاکوو کەمێ ئەهوانی بکاتەوە.
هەر کە لە خەو رابوو چووە بەر ئەو دەلاقە بچووکە و سەیری دەرەوەی کرد. هەناسەیەکی قوڵی پڕ حەسەرەتی هەڵکێشا. شنەبای بەرەبەیانی بەهار، دای بەروویدا و تۆزێ برینە سەختەکەی دڵی سترێژ کرد، لەبەر خۆیەوە گوتی! ۆەتاکوو ئەم دەلاقەشم هەبێ، ئەم چیا و کێوەی لێوە لبینم هەرگیز خۆم بە زیندانی نازانم…
حیلەی ئەسپێک لە دوورەوە دای بە گوێیدا، سەری لە کونی دەلاقەکە نزیک کردەوە تاکوو باشتر دەرەوە ببینێ، بەڵام، ئەسپەکەی نەدیت، دووبارە ئەسپەکە حیلاندییەوە بیرەوەرییەکانی ئەوی بزواندن و ماڵی باوانی وەباد هێنایەوە و دڵی کەمێ تازە کردەوە، چۆن لە ماڵی باوایدا ئەسپەکەی باوای ئەدزی و غارغارێنی پێدەکرد و ئەوجا دەگەڕایەوە، باپیرەی تووڕە دەبوو، قسەی ناشیرین و دژ جنێوی پێ دەگوت: ئەمیش لە دوور، دەیدایە قاقای پێکەنین و بۆی دەردەچوو.
ئەو بیرەوەرییە دڵی خستە خورپە و هەناسەیەکی پڕ حەسرەتی هەڵکێشا و حەزی دەکرد وەک جاران سیگارێک هەبێ بیکێشێ تا تۆزێ دەردی کەسەری دامرکێنی و سوکنایی بە دڵی بدات. لەبەر خۆیەوە گوتی:
_ زۆر دەترسم لەم چیا و کێوەم جیا بکەنەوە، خۆ من بێ ئەم چیا و دار بەڕووانە چرکەیەک هەڵناکەم… بەڵام قەی ناکا خۆ ئەگەر جیاشم بکەنەوە بۆ ماوەیەکی کورتە ئیتر دەمکوژن… خۆ بەس نیە لە پێناوی ئەم خاکەدا دەمرم… تەواو سەری لە دەلاقەکە بردە پێشەوە، هێدی هێدی چاوی بەو ئادگارە دڵ رفێنەدا دەگیرا، کە چیای پیرە مەگروون و دەشتی. «قاڵئاوای» دی ئیدی چاوی بەرایی نەدەدا بێتەوە دواوە، تێر نەدەبوو لە تەماشا کردنی ئەو دیمەنە ناسک و جوانەی ئەو ناوچەیە کە لە دەلاقەکەوە دیار بوو…
جارێکیتر لەبەر خۆیەوە گوتی:
_ لەوە دەچێ ئەمە دواجارم بێ ئەم دیمەنە جوانە ببینم… دەبا ئیتر تێر سەیرتان بکەم بۆنتان هەڵمژم ئەی چیا و …
دەنگی کردنەوەی درگاکە جیهانی تێکدا و دەس بەجێ هاتەوە دواوە… دەرگا کرایەوە و گاردە رەشە زەبەلاحەکە وەژوور کەوت و پارچە کاغەزێکی پێ بوو خوێندیەوە و گوتی:
_ئاراس کێیە؟ با بێتە دەرەوە. ئەویش خێرا چووە پێشەوە و وتی:
_ منم و لەگەڵیا وەدەرکەوت.
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی شەشەم، ژمارە ۵۵، ڕێبەندانی ۱۳۶۹، لاپەڕەی ۴۳.