لەگەڵ سروە؛
چلۆنایەتی ساز کردنی بەهانە بۆ کوشتاری خەڵکی مەهاباد لە لایان رووسەوە
✍️عومەر فارووقی
لە شەڕی یەکەمی جیهانیەدا، کوردستان، ناوچەیەکی یەکجار گرنگی نیزامی و رامیاری بووه و لەبەر ئەوە لە سنووری چەند وڵاتدا هەڵکەوتووە و هەمیشە جێگای سەرنجی تایبەتی زلهێزەکان بووه.
لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا، حکومەتی ناوەندی ئێران سیاسەتی بێلایەنی ڕاگەیاندبوو… کەچی لە گەڵ ئەمەدا، سەرتاسەری وڵاتی گەورەی ئێران لە باکوور تا باشوور و لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا و لە وشکی و دەریا و کەژ و چیا ببوە جەولانگای شەڕکەران و هێرشکەرانی بیگانە و زۆر کام لە مەڵبەند و ناوچەکان ببوو بە موڵگەی قۆشەنی هەندەران و کەسایەتیە سیاسییەکان و شالیار و پادشا و خان و ئاغا و گزیر و کوێخا هەرکام لە یادی خۆیاندا بوون و میللەت وەکوو رەوەی بێ شوان لەم وڵاتەدا بەڕەڵا بوون و نەیاندەزانی پەنا بۆ کام لە بەرن.
لەناو هێرشەکەراندا، سوپای عوسمانی، لەبەر ئەوی کە موسڵمان بوو لە دڵی خەڵکی ساویلکە و سۆفی و دەروێشدا جێگای تایبەتیان هەبوو. تەنانت قاو بڵاو بوو کە عەسکری عووسمانی شەهیدە و ئێستایش چەند ئەفسانە هەیە “کە بەڵێ عەسکرێکی عوسمانی لە کێلەشین شەهیدە و خوێنی جاری بووە. یان عەسکری عوسمانی شەهید ببوو، دەیانەویست شمشێرەکەی بەرن بەڵام کەس نەیدەتوانی شمشێر لە کەلاک جیا بکاتەوە…” هەر لەم بوارەدا قاوبڵاو بوو هەر کەس دژی عەسکری عووسمانی شەڕ بکا ئەوە تەلاقی نیە و لە دژی خودا و پێغەمبەر شەڕی کردووە…!؟ بەڵام بە پێچەوانەی ئەوە، هەر کەس لە گەڵ ڕووس و بریتانیا و… شەڕ بکا، ئەوە غەزای کردووە و هەرکەس بکووژێ وەیان خۆی بکووژرێ ئەوە لە بەهەشتدا جێگای خۆی خۆش کردووە.
هێزەکانی عوسمانی کە بە ناوی نیسڵام هاتبوون لەم هەلومەرجەدا لە بیروباوەڕی خەڵک، قازانجیان وەرگرت و لە نان و خوان و ئیمکاناتی خەڵک بەهرەوەر بوون و هەر کاتێکیش نالەباری بۆ کۆمەڵی کوردەواری پێش دەهات، بۆی ھەڵدەهاتن و ورەی بەرگری و پارێزگارییان نەبوو.
یەکێ لەو لایەنە شەڕکەرانەی کە خەڵک یەکجار رقیان لێیان بوو و دارودەستەی عووسمانیش زۆر پڕ و پاگەندەیان بۆ کردبوون قوشوونی رووس بوو. حکوومەتی رووسیە وەکوو جیرانی دەوڵەتی ئێران چەند کونسوولی و دفتەری نوێنەرایەتی بوو و بە وردی دەیانڕوانیە جم و جۆڵی خەڵک و هەروا لە دڵیشەوە یەکجار رقیان لوو لەو کەسانەی کە یارمەتی عوسمانی دەدەن و سەرئەنجام هەر ئەوانەیان کرد بە بەهانە بۆ ئەوەی هەڵمەتی شاری مەهاباد بدەن و بە پێی پیلانێکی داڕێژراو دەیان هەزار کەس خەڵکی بێ تاوانی مەهابادیان کوشت، بۆ وێنە سەرنج بدەینە ئەم نامە کە وەکوو دەست پێشخەری حکوومەتی رووس بووە.
– نامەی ئینچکۆف ساحێب بە نواب غیروز میرزا- حوکمڕانی ئازەربایجان.
بابەت: گلە و بناشتی کونسوولی رووس لە جم و جۆڵی رقاوی خەڵکی سابڵاخ و سەردەشت و یارمەتی عوسمانی بە دژی رووسییە.
ژمارەی بەڵگە: ۱۸۷… وەزارەتی خاریجەی ئێران مێژوو ۱۳ی مەی ۱۸۵۴.
چەند رۆژ بەر لەمەی، خاوەن شکۆ، حاجی میرزا محەممەد خان دەبیر مهامی هەندەران، حەزرەتی والای تێگەیاندبوو، کە لە سابڵاخ بە ئاشکرا جم و جۆڵی دوژمنانە سەبارەت بە رووس هەیە. بۆ وێنە عومەر بەگ، کە لە لایەن سەرداری کول کراوە لە موباشیری سەردەشت، خەریکە سورب و باروت کۆ دەکاتەوە دەبنێرێتە وڵاتی عوسمانی هەروا خەڵکی مرگری و درێمە! لە نزیکی شاری سەردەشت، پەیتا پەیتا خەریکن و تفەنگ و هەر چەشنە چەک و تەقەمەنی پەیدا دەکەن و دەینێرنە عوسمانی. بەداخەوە ئەمانە هەمووی بە دەستی کەسانی عەزیزخانی سەرداری کول ئەنجام دراوە.
قازی یۆسف، مەلای سەردەشتە و لەو ناوچەدا حورمەت و رێزی و فراوانی هەیە و ئێستاش لە ئاشکرا بە دژی رووسییە جیهادی راگەیاندووە و شەڕ و پەیکاری دژی رووسییەی بە تەکلیفی شەرعی موسڵمانان زانیوە.
پیرۆت ئاغای کوڕی هەمزە ئاغا موباشیری لاجانە و هەروەها قادر ئاغا کوڕی عەباس ئاغا، خەریکن چەک و تەقەمەنی کۆ دەکەنەوە و دەینێرنە وڵاتی عوسمانی ئەمانە ناوبران هەمووی لە ڕێگای سەردەشتەوە بەڕێ دەکرێن و خزمەتکاران و راوێژکارانی میری مەزن، سەرداری کول، عەزیزخان، بۆ ئەوێی دەنێرن.
من موخلیس و بچووکی ئێوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەی رابگەینم دوێنێ کەسێکم ناردبۆوە سابڵاخ و چەند راپۆرتی بۆ هێناوم و دەڵێ: لە سەردەشت دوو باب دووکان کراونەتەوە و شەو و رۆژ خەریکی دروست کردنی تفەنگ و تەقەمەنین بۆ عوسمانی.
غەیری قازى پەشقە لە سەردەشت، مەلا ئیبراهیم و مەلا عەبدوڵا لە خوتبە و قسەکانی خۆیاندا خەڵکی بەرەو شەر هان دەدەن و هەر وەها مەلا سەمەدەدین قازی سابڵاخ نەک هەر تەنها جیهادی ڕاگەیاندووە بەڵکوو داوای لە کئردان کردووە کە بۆ درێژەی خەلافەتی سوڵتان عەبدولحەمید دۆعا بکەن…
پچووکتان_ ئینچکۆف.
بە گەییشتنی ئەم نامە، فیرووز میرزای قاجار کەوتە هاتو چۆ و ناردنی کاربەدەستانی خۆی و بۆ بەرگری کردن لە قۆڵەی رووسەکان هەنگاوی نا،بەڵام رووسیە بەر لەوە گەڵاڵەی کوشتاری کئردی دانابوو ئیتر هەرچەند فیرووز میرزا خۆی نزیک کردەوە سوودی نەبوو… بۆ وینە بڕواننە ئەم نامەی ئینچکۆف:
نامەی کەفیل ژنێڕاڵی کونسوولگەری رووسییە
بە نەواب فیرووز میرزای قاجار
من لەم رۆژانەدا چەند هەواڵم لە سابڵاخ و سەردەشتەوە پێگەییشتووە و زۆری پێ شادمان بووم و دەزانم بۆ بەرگری ئاکاری خراپی ئەوانە دژی حکوومەتی رووس تەگبیری چاکتان کردووە و ئێستا کە ئیتر دانەوێڵە و سورب و بارووت لەرەو عوسمانی ناچێت. ۆەرچەند جەنابتان ئەوانەتان لە تەواوی قەدەغەن نەکردووە بەڵام هێشتا هەر باشە بڕێ تووشی کەند و کۆسپ بووە. بۆخۆتان باش دەزانن خاوەن شکۆ ناسرەدین شای قاجار لەگەڵ دەوڵەتی رووس پەیمانی برایەتی و دۆستایەتی هەیە. بەڵام من نامەوێت عەرزیان بکەم کە حاکمی سابڵاخ بێ سیاسەتە و لە ئیدارەی کار و باری هەرێمدا ناتەواوە… دیارە ئەم کەین و بەینانە نابێ لە چاوی حاکمی سابڵاخ داپۆشرابێ و بە یەقین ئاگاداری ئەمانەیە چونکا ڕێدارەکان و قەپانچی و نووسەرەکانی بازاری کە هەموویان مووچەخۆری حکوومەتن ئەمانە بەڕێ دەکەن… ئیتر ئەگەر من بمەوێ هەمووی عەرزی حەزرەتی والا بکەم ئەوە توول و تەفسیری یەکجار زۆرە بەڵام ئەوەش بزانە کە خواجە یۆسفی ئەرمەنی لە سابڵاخ ، کە رەعیەتی ئێرانە و کەرلەلای مەهدی تەورێزی و مەشهەدی مەحموود، بە فراوانی لەگەڵ عوسمانی ئاڵوێرایان هەیە.
ئێستایش داوا دەکەم لە حەزرەتی والا، فەرمان بدەن بە نۆکەران و کارگوزارانی خۆتان ئەمانە بانگ بکەن و ئیلتزامیان لێ بستێنن کە دانەوێڵە و شتیتر بۆ عوسمانی نەنێرن و منیش مەجبورم راپۆرتی ئەمانە بە عەرزی دەوڵەتی ێیمپراتووری رووسییە بگەیەنم و چاوەڕوانم کە لە تەگبیر و زانایی خۆتان ئەمانە چارەسەر بکەن و وڵامی نامەکم بۆ بنێرنەوە.
کەفیل جینراڵی رووسییە
خوێنەرانی بەڕێز؛
لە مێژووی کوردستانی ئێراندا کارەساتی کوشا و کوشتاری مەهاباد بەدەستی هێزەکانی رووسییە، بەکێ لە خوێناویترین و نالەبارترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە و ئەمڕۆ لە قیاس لەگەڵ کوشتاری سربەکان لە بۆسنی بەرانبەر دەکرێت. دیارە هۆی سەرەکی ئەو رق و قین و قڕوقاتییه، ئەوە بوو کە دانیشتوانی موکریان، ئۆگری سوپای موسوڵمانان بوون و چونکە ئەو کاتە دەوڵەتی عوسمانی بەناوی خەلیفەی ئیسلام حکوومەتی دەکرد و زۆربەی شێخ و مەلا و خانەقا و تەکیەکانی کوردستان بە هەموو چەشنێ یارمەتیان دەدان و تەنانەت وەکوو عەسکەر و غەزاکار دەچوونە ریزی سوپای عوسمانی. هەر بۆیە رووسەکان رقیان لێ هەڵگرتن و بە هێرش کردنە سەر شاری سابڵاخ و گرتنی ئەو شارە، زۆربەی دانیشتووانی بێ تاوانی ئەوێیان لە ژن و مناڵ و پیر و لاو، بە گوللە و خەنجەر و شمشێر لە خوێندا گەوزان و ئەمڕۆکە بەڵگەی باوەڕ پێکراو هەیە کە دەیسەلمێنێ بەراستی لە مەهاباد خوێن لاشەی بردووە و جگە لە کوشتار و قەتڵ عامیش هەموو شاریان تاڵان کرد و ماڵ و پوڵیان بردن…
*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی سێزدەهەم، ژمارەی ۱۳۶، خەزەڵوەری ۱۳۷۴، لاپەرەی ۲۸ تا ۳۰.