لەگەڵ سروە؛ رێوی تەمبەڵ

✍️ محەمەد حوسێن پاسیار

زەمانی قەدیم لە جەنگەڵێکی سەوز و پڕ لە دار دا رێوی‌یەکی تەمبەڵ بە تەنێ دەژیا. مام رێوی خەوخەوی بوو، رۆژ هەتا ئێوارێ دەنووست! ئاگای لە دەور و بەری خۆی نەبوو! جاری وا بوو برسیش دەبوو لە کونەکەی نەدەهاتە دەر!

ئێوارەیەکی کە برسێتی هێرشی بۆ هێنا لە کون هاتە دەر، لە نێو جەنگەڵ‌دا دەستی کرد بە مڵ و مۆ کردن. لەپڕ گوێی لە دەنگی پێیەک بوو. سەری هەڵێنا دیتی راوچی‌یەک هێندەی نەماوە بیگاتێ، لە ترسان و لە تەمبەڵیان نەیتوانی را بکا. فکری کردەوە و گوتی وا باشە خۆم بمرێنم. خێرا راکشا خۆی مراند! راوچی گەیشتە سەری نووکە شەپێکی تێ کوتا و گوتی: “حەیف تۆپیوە دەنا هەر ئێستا کەوڵم دەکرد. دوایە چەقۆیەکی تیژی دەرهێنا و بۆ یادگار هەردووک گوێی بڕی و بەجێی هێشت”.

مام رێوی ئێشی زۆر پێ گەیشت بەڵام جووڵەی نەکرد! لە دڵی خۆیدا گوتی: “هەر نەمرم، گوێشم نەبێ قەیدێ ناکا. راوچی هەوەڵێ هێندە دوور نەکەوتبۆوە راوچی‌یەکی دیکەی گەیشتە سەر! مام رێوی دیسان خۆی مراند و چاوی هەڵنەهێنان! کابرای راوچی دەستێکی بە پشتی دا هێنا و گوتی: “حەیف ئەو ڕێوی‌یە تۆپیوە گوێی بڕاوە”. ئەویش چەقۆی دەرێنا و کلکی خشت بڕی. مام رێوی لە تاو ئێس و ئازار وەخت بوو بزیقێنێ بەڵام هەرچۆنێک بوو خۆی راگرت و جووڵەی نەکرد. کابرا کلکی هەڵگرت و رۆیشت.

رێوی گوتی: “کلک و گوێم بڕاوە بەڵام چانیە زیندووم”. لەبەر تەمەڵی لەجێی خۆی هەڵنەستا و هەر وا لەوێ تخێڵ بو و کابرای کلک بڕ زۆر دوور نەکەوتبۆوە کە دوو راوچی دیکە پەیدا بوون. هاتنەە سەر مام ڕێوی. یەکیان گوتی: “حەیف ئەو ڕێوی‌یە تۆپیوە کلک و گوێی بڕاوە، دەما هەر ئێستا لێمان دەکردنەوە”. ئەوی دیکەیان گوتی: “جا کلک و گوێی بڕاوە، خۆ پێستەکەی ماوە، وەرە کەوڵی کەین”.

مام رێوی تەمبەڵ هەر کە گوێی لەو قسانە بوو زانی ئیدی کاری تەواوە راست بۆوە و هەڵات، بەڵام هێندە دوور نەکەوتبۆوە کە کەوتە بەر گوللەی راوچی‌یەکان و لە تۆز و خۆڵ گەوزا.

بەڵێ، مام رێوی تەمبەڵ گۆێیان بڕی هیچی نەکرد، کلکیان بڕی هیچی نەکرد! ئاخریش کوشتیان! ئەرێ ئەگەر مام رێوی تەمبەڵ نەبا ئاوای بە سەر دەهات؟

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی شەشەم، ژمارەی ۴۵، خاکەلێوەی ۱۳۶۹.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا