دۆخی تراژیکی شانۆی کۆمێدی لە سەقز

✍️فەرهاد خۆشیار|ماستەری ئەدەبیاتی ئینگلیزیی
چەند ساڵێکە ڕادەی سەرشانۆچوونی کۆمێدی لە چاو ساڵانی پێشوو و هەروەها لە چاو ژانرەکانی تر زیادی کردووە و پێویست دەکا پێداچوونەوەیەک بۆ ئەم شانۆیانە بکرێ، بۆ ئەوەی باش و خراپی خۆمان باشتر بناسین و لە داهاتوودا لەم ئەزموونە چەندساڵەیە کەڵک وەربگرین. باسەکە گرینگتریش ئەبێتەوە کاتێ وە بیری خۆمانینی بێنینەوە کە (بە بۆنەی چەند هۆکارێکەوە کە لێرە دەرفەتی شیکردنەوەیان نییە) ژمارەی بینەرانی کۆمێدییەکان لە چاو شانۆکانی تر زیاترە و ئەمە خۆی ئەرکی کۆمێدێ قورستر ئەکات لە ناساندن و پەرەپێدانی شانۆ لە کۆمەڵگادا. هۆی نووسینی ئەم چەند دێڕە ئەوەیە، بەش بە حاڵی خۆم، پێم وایە بە شێوازێکی سەقەت بۆ کۆمێدی ئەڕوانین و ئەمەش بووەتە هۆی خواروخێچی و ناتەواوبوونی ئەزموونی کۆمێدیایی ئێمە لە هەمبەر مێژووی کۆمێدی و تواناکانی ئەم هونەرە کۆنە.
بۆچی کۆمێدیی ئێمە سەقەتە، یان بۆ هەر نان و ماست ئەخۆین؟
یەکەم هۆکاری ئەم دیاردەیە تایبەت بە سەقز و کوردستان نییە و لە وڵاتانی تریش، چونکە لە سەرەتاوە ئەرەستووی خوالێخۆشنەبوو وای دانا کە تراژێدی هونەرێکی پلەبەرزترە لە کۆمێدی، هێشتاکەش دوای چەندین سەدە ئەم بیرۆکەیە هەر ماوەتەوە و بووەتە هۆی بەکەمزانینی کۆمێدیی. ئەمەش وای کردووە هەندێ جار کەسانێ دەست بدەنە شانۆگەریی کۆمیک کە لێهاتوو نین و کارنەزانیی و نەشارەزایی بە شانۆکەیانەوە دیارە. هاوکات لە نێوان زیاتر لە دە جۆر کۆمێدی و تەکنیکی کۆمیک، ئێمە تەنیا ڕوومان کردووەتە گاڵتەجاڕی و تیتاڵی و پەنا ئەبەین بۆ داهێنەریی و هونەری بەداهەی یەکێک لە کۆمێدییەنەکان و تەواوی سەقەتی و کارنەزانیمان لە پشت ئەو کاراکتەرەوە دەشارینەوە. ڕەنگە ئەم قسەخۆشییە هۆڵی شانۆکە جارجار پڕ بکات لە پێکەنین، بەلام ئەمە خوێندنەوەیەکی یەکجار بەرتەنگ و ڕوانگەیەکی ئێجگار بەرتەسکە بۆ کۆمێدی. کۆمێدی سفرە و خوانێکی یەکجار گەورەیە بە دەیان چێشت و چێژی تایبەتەوە، بۆچی ئێمە ئەبێ هەر نان و ماستەکەی بخۆین؟ لە هەمان کاتدا، دیارە کۆمێدی هەر پێکەنین نییە و زۆر شتی تریشە، بەڵام چی تر؟
کۆمێدی و کۆمەڵگا، یان ئایا هەموو شتێک بۆ پێکەنین ئەبێ؟
کۆمێدی لە هیچ سەردەمێک و لە هیچ زەمەنێکدا تەنیا بۆ گاڵتە و پێکەنین و قسەی خۆش نەبووە. ئەریستۆفانیس، کە کۆنترین کۆمێدینووسە لە یۆنانی کۆن، لە شانۆی هەورەکان (٤٢٣ پ.ز) ڕەخنەی زۆر توندی لە سوکراتی فەیلەسووف گرتووە. هەروەها لە شانۆی شۆڕەسوارەکان (٤٢٤ پ.ز)دا هێندەی گاڵتە بە پۆپۆلیزمی کلیئۆن (سیاسەتوانی ئاتێنی) کرد کە بیانوویان لێ گرت و بردیان بۆ دادگا. ئەریستۆفانیس لە ڕێگەی کۆمێدییەوە تەنانەت لەگەڵ یوریپیدیس، گەورە تراژێدینووسی یۆنان، بە شەڕ هات و لە شانۆی قربۆقەکان (٤٠٥ پ.ز) ڕەخنەی لێگرتووە کە لە شێوازی پڕشکۆی ئێسکیلۆس لای داوە. ئەمە جۆرێکە لە دیالۆگ لە نێوان ژانرە جیاوازەکانی شانۆ. ئەم نەریتی “بەجدیگرتنە”ی کۆمێدی دواتریش لە ڕۆمی کلاسیک، شێکسپیەر، کۆمێدی فەڕانسی و دواتریش لە شانۆ و سینەمای کۆمێدیی هاوچەرخدا هەر بەردەوام بووە.
خاڵی دووهەم بەکارهێنانی کلیشەکانە لە کۆمێدیدا، وەک هەندێ کلیشە سەبارەت بە ژن و پیاو. ڕاستە مێژووی کۆمێدی پڕە لە کەڵکوەرگرتن لەم کلیشانە بۆ سازکردنی دیمەنێکی کۆمیک، بەڵام مێژووی ئەم هونەرە هەڵوەشاندنەوەی کلیشەشی زۆر تێدایە. بۆ نموونە، ژنانی کۆمێدیی لایسیستراتە (٤١١ پ.ز) دەست ئەدەنە مانگرتن لە نزیکیی سێکسی لەگەڵ پیاوەکانیان، تا کاتێ کۆتایی بە شەڕی پێلۆپۆنیسۆس لە نێوان ئەسینا و سپارتادا نەهێنن. بێجگە لە باسی پێوەندیی سێکس و سیاسەت لەم کۆمێدییەدا، جیاوازیی نێوان ژنانی ئەم شانۆنامە، کە چالاکانە دەست ئەدەنە سیاسەتکردن، لەگەڵ کەسایەتیی کلیشەیی ژنانی زۆربەی کۆمێدییەکانی تری یۆنان، کە ناچالاک و هیچلەدەستنەهاتوون، زۆر بەرچاوە. هەروەها لە شێکسپیەردا، بە پێچەوانەی تراژێدییەکانی ئەو نووسەرە، ژنانی کۆمێدییەکان زۆر قسەزان و سەربەخۆن. لە سەردەمی نوێشدا، نموونەیێکی زۆر باشی هەڵوەشاندنەوەی ئەو کلیشانە، شانۆی کەیفکۆکیی (١٩٧٩) نووسینی کاریل چێڕچیلە. لەم کۆمێدییەدا پیاوێکی سپیپێست دەوری کۆیلەیەکی ڕەشپێست ئەگێڕێت؛ هەروەها پیاوێک دەوری کەیبانووی ماڵێکی پێیە؛ دیسانەوە ژنێک دەوری کوڕێکی منداڵ ئەگێڕێت. ئەو ناکۆکییە ئەبێتە هۆی پێکەنینی بینەرەکان، بەڵام هاوکات وەبیریان دەهێنێتەوە ئەو ڕۆڵە ڕەگەزییانە کۆمەڵگا دایئەسەپێنێت و ئەو پلەبەندیی ئیستعمارییە ئەتوانێ چەندە پڕوپووچ و بێجێ بێت. بەڵام بە داخەوە بەکارهێنانی کلیشە لای ئێمە بەس ئەبێتە هۆی قایمترکردن و بەهێزترکردنی ئەو کلیشەیە. ژنانی بەئیرەیی و پیاوانی هەوەسباز و زۆر کلیشەی تریش لە مێژووی کۆمێدیدا زۆرن، بەڵام ئێمە بیر لە تێکشکاندنی کلیشە ناکەینەوە. لێرەشدا هەر خەریکی نان و ماستەکەین. ئیتر باسی ژمارەی لەڕادەبەدەری شۆخیی سێکسی با بمێنێت، کە ئەگەرچی بینەرەکان شاگەشکەی پێئەکەن، بەڵام هۆکارەکەی سانسۆڕی بێبنەما و چاندی بەستووی خۆمانە کە ناهێڵێت بینەر ئەوەندە هەست بە پێگەییشتوویی بکات کە ئەو چەشنە شۆخییەی ئەوەندە پێ پێکەنیناوی یان خۆش نەبێت. بەڵام یەک کلیشە هەیە وا دیارە تایبەت بە کۆمێدی کوردییە یان من لە شانۆی نەتەوەکانی دیکەدا نەمدیوە: پیاوی کوردی فارسینەزان! (وەک بێژی ژن ئیتر هەر زۆر عەیبە فارسی نەزانێ) زۆر سەیرە شانۆیەک دابنێی کە لە داڕشتە و کەسایەتیی و زمانی هونەریی هیچی نەبێت و تەنیا ئەوە نەبێت حیسابت بۆ ئەوە کردبێت یەکێک لە کەسایەتییەکان بندەستبوونی زمانی دایکیی خۆی بکاتە گاڵتەجاڕی بەکەمزانینی شوناسی زمانی خۆی لە هەمبەر زمانی سەردەست. (شانۆی میراتی). ئەمەش لاساییکردنەوەی ناشییانەی ئەو بەرهەمانەیە “ناوەند” سازیان ئەکا بۆ “پەراوێز” (وەک زنجیرەی شبهای بررە). جۆرێکی تر لەو کەسایەتییە کلیشەییانە دەورگێڕی کەمهەڵداو یان کورتەباڵایە کە بووەتە کەوچکی ناو هەموو کاسەی کۆمێدییەک. بەداخەوە، کورتەباڵایی ئەو کەسایەتییە هیچ کاریگەریی و شوێنپێیەکی لە داڕشتەی چیرۆکەکەدا نییە و هیچ یارمەتییەکی دراماتیکی شانۆکە نادات. دیارە ئەو کەسایەتییە تەنیا بۆ پەرەپێدان بەو قسەخۆشییەی پێشتر باسمان کرد و بەس بۆ گاڵتە بە بستەباڵابوونی بەو شانۆیە زیاد کراوە. ئەمەش لە بنەڕەتدا کردەوەیەکی هونەریی نییە و، ئەگەر تەنانەت بڕواشمان بەوە نەبێت هونەر ئەرکی ئەخلاقیی هەیە بۆ باشترکردنی کۆمەڵگا، لانیکەم ئەتوانین بێژین ئەم کردەوە دوورە لە ئەخلاق. بە وتەیەکی تر، بە شۆخیکردن بە بندەستبوونی زمانی خۆمان و گاڵتەکردن بە ڕواڵەت و قەڵافەتی بنیایەمەکان تووشی کردەوەیەکی قێزەون ئەبین کە ئەتوانین ناوی بنێین پۆڕنۆگرافی سووکایەتیی، واتە چێژبردن لە سووکایەتیکردن بە کەسێک.
هونەری کوردی هەموو کات و ساتێک لە خزمەتی گەلەکەی خۆیدا بووە و هونەرمەندانی کورد ئامانجی “کوردایەتی”یان ڕەچاو کردووە. بەڵام وەک خەسارێک، جارجار هەندێک بە ناو هونەرمەند هیچ کە نەیانتوانیوە بەرهەمێکی باش بخولقێنن، هەوڵی ئەوەشیان داوە بە ناوی کورد و کوردستانەوە بەرهەمەکەیان بەرز بکەنەوە و بڕەوی پێبدەن. وەک نموونە، زۆر گۆرانیبێژی نەپوختمان بووە بۆ ئەوەی خەڵک گوێ لە بەستەکەیان بگرن، گۆرانییان بۆ خۆشەویستیی نیشتمان یان دایک خوێندووە، کە ئەمە خزمەت نییە. لە شانۆدا ئەم خەسارە تا ئێستا زیاتر لە تراژێدیدا خۆی نیشان داوە. شانۆکاری زۆرمان دیوە لە سەر کارەساتەکانی مێژووی کورد وەک ئەنفال و هەڵەبجە کاریان کردووە، بەڵام ئاستی کارەکە ئەوە نەبووە بتوانێ دەرەقەتی کارێکی وا هەستیار بێت. بینەرەکان زیاتر بە هۆی ئەو سۆزەی بۆ ئەو ڕووداوە هەیانە بەرەو ئەو شانۆیە ڕائەکێشرێن، نەک بە هۆی ڕاکێشەریی دراماتیکێک کە ئەبێ بەرهەمی زەحمەت، داڕشتن و خولقێنەریی نووسەر و دەرهێنەر بێت. ماوەیەک لەمەوپێش کۆمێدییەک لە سەقز چووە سەر شانۆ کە بانگەشەی بۆ ژینگەپارێزی ئەکرد (دارستانێ بۆ خۆشەوسیی)، بەلام ئاستی شانۆکە لە ئاستی گرنگیی و پیرۆزیی ئەو ئامانجەدا نەبوو. ئیتر با باسی ئەوە نەکەین لە شانۆیەکی بە ناو ژینگەپارێزانەدا، شۆخی ئەکرا بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئاژەڵ لە لایەن مرۆڤەوە (کەسایەتیی کەر ئەیوت: “ساحێبەکەم هەم سوارم ئەبوو، هەم سوارم ئەبوو”). کە وابوو ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئێمە بەتەواوی لە ژینگەپارێزییەکەمان تێگەییشتووین کە ئێستا ئەمانەوێ شانۆی بۆ ساز بکەین؟
چارە چییە، یان چۆن لە خوانی بەرینی کۆمێدی بێبەش نەبین؟
باشترین ڕێگاچارە خۆپاراستنە لە کاریگەریی کۆمێدی پلەسێی کەناڵی تەلەفزیۆنی سنە (گرووپی خەمڕەوێن و …) و شانۆ سەقەتەکانی تاران و فیلمە بە ناو کۆمێدییەکانی ئێستای ئێران، هاوکاتیش پێوەندیی ڕاستەوخۆ گرتن لەگەڵ باشترین کۆمێدییەکانی پێشوو و هەنووکەی جیهان بەبێ نێوانجێتیی زمانی فارسی. گرنگیی ئەم بێنێوانجیبوونە لەوەدایە یارمەتیمان ئەدا بەپێی ئارەزوو و پێداویستییەکانی شانۆی خۆمان گوڵبژێری شانۆنامەکان و تەکنیکە کۆمێدیاییەکان بکەین، نەک چآوەڕوانی دەستی تاران بین بزانین چیمان بۆ ئەکەن بە فارسی ئێمەش تاناکۆراکەی بکەینە کوردی و بیبەینە سەر شانۆ. هەڵبەت ئەم کێشەیە لە بوارەکانی دیکەی هزر و هونەری کوردیشدا هەر هەیە و تایبەت بە شانۆ نییە. (باسی ئەوەش بمێنێ “تاران” تواناترین شانۆکارەکانمان زەوت ئەکات بۆ خۆی.) بۆ نموونە، ماوەیەک لەمەو پێش کۆمێدیی موومیایی لە سەقز چووە سەر شانۆ. ئەسڵی ئەم شانۆنامەیە هی داریۆ فۆ، نووسەری بەناوبانگی ئیتالیاییە، کە ڕەنگە لە سەردەمی مۆدێڕندا نزیکترین کەس بێت لە ئەریستۆفانیس. بەڵام دیسان “تاران” کارەکەمانی تێکدا. ناوی سەرەکیی ئەم شانۆنامەیە ئەمەیە: ڕەنگکاری ماڵ بیرەوەرییان نییە (یان نەقاشی خانوو بیرەوەرییان نییە). کابرای فارس لە ئینگلیزییەوە (نەک ئیتالیایی) کردوویەتی بە فارسی و بۆ خۆی ناوی ناوە مردان بیوە(!!؟؟). عەلی هاشمی، ئەو دەرهێنەرەی ئەم وەرگێڕانەی لە ساڵی ١٣٩٦ بردووەتە سەر شانۆ، لە ماڵپەڕی تیواڵ و هنر آنلاین وتوویەتی وەرگێڕانەکە ناتەواوە و چەند لاپەڕەی کەمە. لە ئیتالیاییەوە بۆ ئینگلیزی و لەوێشەوە بۆ فارسی (کە خۆمان باش ئەزانین دۆخی وەرگێڕان لە تاران چۆنە) و دواتریش کراوەتە کوردی و بووەتە موومیایی. بە کوردی و بە کورتی هەر بنکڕەکەی ماوەتەوە بۆ ئێمە (لەگەڵ هەموو ڕێزم بۆ هەموو بنکڕخۆرەکان). ئەوەش شایەنی باسە لەم شانۆیەدا ڕەنگکاڕەکان کاریان داپۆشانی ڕابردووە، بە ڕەنگ و بە فڵچە کەسایەتییەکان ئەگۆڕن و ئەیانشارنەوە؛ بۆیە بیرەوەرییان نییە یان ڕابردوو بۆیان گرنگ نییە، بەپێچەوانەی کەیبانووی ماڵەکە کە پەنجەرەش ناکاتەوە نەکا ڕابردوو لە ماڵ بچێتە دەر. بۆیە ناوی سەرەکیی شانۆنامەکە زۆر گرنگە و نەئەبوایە بگۆڕدرایە. بریا موومیایی “با نگاهی بە نمایشنامەی مردان بیوە” ساز نەکرایە. ئەم کۆمێدییەی داریۆ فۆ لە جۆری کۆمێدی “شڵپوکوت”-ە (slapstick) و لێهاتوویی و پڕۆڤەی پێرفۆرماتیکی ئەوتۆی دەرهێنەر و هەموو دەورگێڕەکانی پێویستە. بەلام لە شانۆی موومیاییدا دیسان قورسایی کارەکە و ئەرکی پێکەنینی بینەر کەوتە سەر شانی قسەخۆشیی و بەداهەی دەورگێڕ. هۆکارێکی دیکەی ئەم پەنابردنەی ئێمە بۆ قسەخۆشیی و گاڵتە ئەوەیە کە ڕاهێنان و پڕۆڤەی کەمتری پێویستە. هاوکات نەریتێکی ئەدەبی (چ زارەکی، چ نووسراو) دەوڵەمەندیشمان هەیە لە قسەی خۆش و نوکتە، بەڵام ئەم شێوە بەکارهێنانە ڕاکردن و خۆشاردنەوەیە لە تەکنیکەکانی تری کۆمێدی کە زەحمەتی زیاتری پێویستە. کۆمێدیی چارڵی چاپلین چەندە دیالۆگی تێدایە؟ هەم داریۆ فۆ هەم چاپڵین بە باشی کۆمێدیا دێلارتە (commedia dell’arte)ی ئیتالیایان ناسیوە.
لە کۆتاییدا، یان با وەک کۆمێدییەکانی سەقز دوو کاتژمێری تەواو قسە نەکەم
ئەم باسانە هەمووی زۆر ئاشکرا و بەڵگەنەویستە، بەڵام یان نایانزانین یان خۆمانی پێوە ماندوو ناکەین. هەریەک لەم دووانە بێت، زۆر پێویستە کۆمێدیی ئێمە زۆر خۆی پێ هونەرێکی جیددی بێت و پێداچوونەوەیەکی باش بۆ خۆی بکات. هاوکات کەڵکی باش لە مێژووی ئەم هونەرە لە شانۆ و سینەما وەربگرێت بەبێ نێوانجێتیی زمانێکی تر. ئەم کەڵکوەرگرتنە لە بواری دەورگێڕیی و دەرهێنەریشدا پێویستە بۆ ئەوەی کەرەستەی کۆمیکمان لە قسەخۆشیی تێپەڕێت. ئەم کەموکورتییانە لابەین، ئیتر پێویست ناکات هەر نان و ماستی کۆمێدی بخۆین و دەستمان بە کەبابەکەش ئەگات.