لەگەڵ سروە؛

دارە چنار و گوێز

✍️ عەباس عەبدوڵاهی

بەکێ بوو، یەکێ نەبوو. لەم دنیا پان و بەرینەدا، لە قەراخی دێ‌یەک، دارستانێک هەبوو، لەنێو ئەو دارستانەدا دار گوێزێک و دارە چنارێک پێکەوە بوون. دار گوێز کورتە باڵا، بەڵام بە سەمەر بوو.

داری چنار تەنیا کاری خۆ زل کردن بوو، کاری نەدەکرد، ئەوە نەبێ کە لە برسان نەمرێ. چنار درێژ و لە خۆ رازی دایمە تانە و تەشەری لە دارە گوێز دەدا کە بۆچی ئەوەندە تێئەکۆشێ و بەرهەم بە خەڵک دەدا. چنار تاریفی لە خۆی دەکرد کە ئەوە من باڵام بەرزە و چوار دەوری خۆم بەجوانی دەبینم و دەزانم لە دوورەوە چی هەیە و چی نیە! بەڵام تۆ هەر لە بیری درووس کردنی گوێزدای؟!

دارە گوێز لەم تانەوتەشەرانە زۆر دڵگیر دەبوو، بۆیە هێندێک لاواز ببوو، نەیدەتوانی وەک جاران گوێز بە کوڕە باخەوان بدا و دڵی خۆش بکا. داری چنار، دایمە لۆمە و سەرکۆنەی دارە گوێزی دەکرد کە ئەو هێز و توانای خۆتە بۆچی بەفیڕۆ دەدەی، وەکوو من بەژن و باڵای خۆت بەرز بکەوە!

ئەم قسانە وەک چەقۆی تیژ لە جەرگی پڕ لە سۆز و مێهرەبانی دار گوێز کاری دەکرد. لە ئاکامدا، پاش چەند ساڵ دارە گوێز پیر بوو، وەک جاران نەیدەتوانی بەرهەمی جوان پێک بێنێ. رۆژێ لە رۆژانی پاییز کە وڵات رەنگی زەردی لە خۆی گرتبوو و گەڵای دارەکانی دارستان هەموو وەریبوون، باخەوان و کوڕەکەی و دوو کەسی دی بە تەور و مشار بەرەو باخ هاتن. باخەوان چوو بۆ لای دارە گوێز و خەریک بوو دارە گوێز ببڕێتەوە بەڵام کوڕی باخەوان گوتی:

_ بابە ئەو دارە بە کەڵکە بۆ ئێمە بەرهەمی گوێزی هەیە، داری چنار بێ خێرە.

باخەوان ناوی خوای لێ هێنا و یەکەم تەوری لە ساقەتی چنار دا. داری چنار لە ئێشی تەور سەرمای پاییزی لە بیر چۆوە، زۆر تەقالای دا خۆی لە ئێش و ئازاری تەور و مشار بپارێزی، بەڵام نەیتوانی خۆی رزگار بکا. ئەو کاتە زانی خۆ بە زل زانین و لە خۆبایی بوون چ ئاکامێکی تاڵی هەیە.

باخەوان دارە چناری بە دار تاشێک فرۆشت، دار تاش بە مەکینە چناری لەت لەت کرد و دەرکە و پەنجەرەیەکی زۆر جوانی لێ دروست کرد. کابرایەک دەرکە و پەنجەرەکەی لە دارتاش کڕی و لە متبەق و سەر تەنوور دایمەرزاند و دوای ماوەیەک دووکەڵ رەشی کردەوە.

بەڵام دارە گوێز: دوای چەند ساڵ دارە گوێزیشیان بڕی و کابرای دار تاش کردی بە گەنجەی کتێب و لە بەر دووکانەکەی بۆ فرۆشتن داینا. هەر ئەو کابرایە دەرک و پەنجەرەی کڕیبوو گەنجەی کتێبخانەکەی لە دار تاش کڕی و بۆ ماڵی بردەوە. لەو کاتەی لە حەساری ساحێب ماڵ داری چنار “دەرکە و پەنجەرەی متبەق” بانگی گەنجەی کتێبی کرد، پێی گوت:

_ خۆش بە حاڵت کە لە شوێنی باشت دادەنێن و رفیقی کتێبی و بۆ خۆت خۆش رادەبوێری! بەڵام منی داماو دەبێ هەر لە بەر سەرما و دووکەڵ بم…تەواو.

*سەرچاوە؛ گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی شەشەم، ژمارەی ۵۴، بەفرانباری ۱۳۶۹، لاپەڕەی ۵۸.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا