بە کورتی لە سەر شانۆی پڕۆمتە لە زنجیردا

بە گشتی بە پڕۆژە‌ کارکردن ئەو پلەوپایە گونجاوە ئەبێ لە کاری هونەری و هزریدا بیبێت، لای خۆمان هێشتا وەدەستی نەهێناوە. ئەم شێوازە ڕێکخستنە لە هونەردا ئەمانپارێزێت لە تەقەلای پرش‌وبڵاو و یارمەتیمان ئەدا ئاگادار بین چیمان تەواو کردووە و چی ماوە حەولی بۆ بدەین، هاوکاتیش کەم‌وکۆڕییەکانمان بناسین. بۆ نموونە لە شانۆگەرییدا، ئەو پرسیارە گرنگانەی  وەک چ چەشنە شانۆنامەیەک بنووسرێ، وەربگێڕدرێ یان لە سەر تەختەی شانۆ بەڕێوە بچێ، ئەبێ وڵامەکەیان سەرچاوە لەوە بگرێت کە ئەو هونەرمەندە ئەیهەوێ چی بە شانۆی کوردی زیاد بکات، یان بە هۆی کام خەسارناسیی وردبینانەوە ڕووی کردووەتە فڵان شانۆنامەی تایبەت. پەرویز ئەحمەدی ڕووی هێناوەتە تراژدیای یۆنانی و تا ئێستا دوو شانۆی بە خەزێنە(ڕێپێرتوار)ی گرووپی خۆیان و شانۆی کوردی زیاد کردووە. پێویست ناکات لێرەدا باس لە گرنگی وەرگێڕان و بەڕیوەبردنی شانۆی یۆنانی کۆن بکرێ، بە تایبەت بۆ شانۆیەکی تازەکار وەک شانۆی کوردی، چونکە تەنانەت لە وڵاتێکیش وەک ئینگلیستان، بەو مێژووە دوورودرێژەوە لە شانۆدا، بۆ نموونە سیانە(تریلۆژی)ی ئۆرێستیا لە نووسینی ئەسخیلیۆس لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سی جار وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. بەڵام لە فستیڤاڵی شانۆی کوردی بەشی وەرگێڕانی شانۆمان نییە!

بەڕیوەبردنی تراژدیای یۆنانی هەندێک پڕئەرکە و گێچەڵی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە هەڵسووڕاندنی دەستەی کۆڕبێژان یان زمانە شاعیرانەکەی. بە گشتی هەلسووڕاندنی دەستەی کۆڕبێژان دژوارە، بە تایبەت بۆ بەردەنگی هاوچەرخ کە لەگەڵ تاقە کەسایەتی ڕاهاتووە؛ بەلام قازانجێکی سەرەکی بە پڕۆژە کارکردن لێهاتووتر بوونە لە دوای هەر قۆناغێک. گرووپی هێما، بە بڕوای من، پڕۆمتەی باشتر لە ئۆدیپ شاریار بەڕێوەبرد. ڕەنگە بۆ شانۆی  ئۆدیپ، کارکردن لە پلاتۆ تا ڕادەیەک ئەو گرووپەی خستبێتە تەنگەبەریی، بەڵام ڕاوێژ و شێوەدەربڕینی دەورگێڕەکان، بە تایبەت کۆڕبێژەکان، زۆر باشتر ببوو. هاوکات سەمای کۆڕبێژەکان و هەروەها دەمامکەنانیان بەجوانی لەگەڵ کەسایەتییە ئوستوورەییەکەیان ئەگونجا (ئۆکیانیدەکان کچانی ئۆکیانووسن  و لە ئاودا ئەژین؛ هەندێک لە سەماکانیان وەک مەلەکردن لە ئاودا بوو). ڕاوێژ و سەمای باش،هەروەها  جارجار یەکەیەکە وتنی دیالۆگەکان بەبێ ئاواز و مووسیقا، دەرفەتی ئەوەی بە بەردەنگی شانۆکە ئەدا لە دیالۆگەکان، کە کوردییەکەی بۆ زۆربەی بەردەنگەکان سەخت بوو، باشتر تێبگەن. هەروەها، مووسیقا زۆر بەجێ و پوخت بە کار هاتبوو و لەو کاتەی پرۆمتە دوایین بەسەرهاتەکانی ئییۆی ئەگێڕاوە، وزە و ورووژانێکی ئەوتۆی بە شانۆکە بەخشیبوو، بەڵام تێگەییشتن لە بەسەرهاتەکەی دژوار کردبوو. درامای یۆنان، و بەتایبەت تراژدیاکەی، بەستراوەتەوە بە دیالۆگ، تەنانەت کاتێ شتێکی گرینگش وەک کوشتن یان خۆکوشتن ڕووئەدات، ئێمەی بەردەنگ تەنها گوێبیستی گێڕانەوەکەی ئەبین نەک بینەری کردەوەکە. کەوابوو، هەرچی تێبکۆشین بۆ ئاسان‌‌کاری بۆ بەردەنگ بۆ تێگەییشتن لە دیالۆگەکان کەمە، بەو مەرجەی شانۆکە لەو شتەی هەیە دوور نەکەوێتەوە.

ئێستا چەن تێبینی وردیلانە:

  • دا‌هێنەرییەکی گونجاو کە لەم شانۆگەرییەدا کرابوو زیادکردنی یەک دەورگێڕ بوو بۆ ئەو مۆزەی وا ئازاری ئییۆی ئەدا. هەم ئازارەکەی بە جوانی دراماتیزە ئەکرد ، هەم بە کردەوە نیشانی ئەدا ئییۆ باس لە چی ئەکات. بەڵام لانی کەم بۆ من ڕوون نیە بۆ کوتووپڕ دیالۆگی ئۆکیانیدەکان بۆ پێداگری لەوەی کە پرۆمتە باسی ئەو کەسەی بکات کە ڕزگاری ئەکات سپێردرا بەو مۆزە.
  • دیمەن‌ڕێکخەری(میزان سێن) شانۆکە مینیماڵ و شیاوی ئەم شانۆیە بوو، بەڵام من پێم وایە ئەبوا تەختەبەردی کێوەکە و زنجیرکردن بەو تەختەبەردەوە ڕۆلی زیاتری هەبوایە لەچاو هەورەترێشقەکەی زیۆس-دا. هەرچەندە هەموومان ئەزانین خەرج‌وباریش ئەبێ ڕەچاو بکرێ.
  • ئەو دەستپێکە دراماتیکەی (dramatic prelude) کە بە ئاسنگەری هیفایستۆس و سەمای پرۆمتە و یەک لە ئۆکیانیدەکان سازکرا بوو بە جوانی بەردەنگەکانی گوێستەوە بۆ دنیای شانۆکە. جا ئەگەر شێوازی سەماکە، هەر وەک شانۆکە کە بەرهەمێکی کلاسیکە، بە سەمای کلاسیک نزیکتر بووبایە تا سەمای مۆدێرن، سەماکە و شانۆکە یەکتریان باشتر ئەگرتەوە.

لە کۆتاییدا، بۆ باسی وەرگێڕانی شانۆکە بە کوردی، بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت بەباشی شیکردنەوەی تواناکانی ئەو وەگێڕانە بکات، ئەبێت ئەو دەقە بەرهەم‌هاتووە چاپ بکرێت و دەقەکە لە بەردەست بێت، بەڵام هەر بە چاوکردن لە شانۆکەش دیار بوو جارجار لە زمانە بەرز و شاعرانەکەی ئەسخیلیۆس نزیک بووەتەوە. لاشم وایە بۆ هەموو نێوەکان بێژانە یۆنانییەکە هەلبژێردرێ باشتر بێت، نەک بێژانی ناوەکان لەو زمانەی لێی وەردەگێڕین. بۆ نموونە لێرەدا نێوی شانۆنامەنووسەکە لە زمانی فەڕەنسی ئەبێت بە “ئێشیل”، بەڵام لە ڕاگەیاندن و پۆستێڕەکان بە “ئاشیل” نووسراوە، کە ناوی پاڵەوانەکەی یۆنانە لە شەڕی ترووادا. هەروەها هیوادارم هەرچی زووتر شانۆی سەقز لە وەرگێڕان لە فارسییەوە تێپەڕێت و کوردی‌زانان و کەسانی دیکە کە شارەزای زمانە بیانییەکانن دەست بدەنە دەستی یەک و ئیتر چاولەدەسی تاران نەبین.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا