لەگەڵ سروە؛ کوردستان

✍️ مارف ئاغایی

توند هەڵدێ، وەک ئاسکێک کە راوچی شوێنی هەڵگرتبێ. توندتر، دەڵێی دەیەوێ بفڕێ و بەر لە فڕین دەور هەڵدەگرێ. دڵۆپێک ئارەقە بەسەر گنجەکانی نێو چاوانیدا دەخزێ. دڵۆپەکە ماندووە و لە نێو هەر گنجەی وچانێک دەدا. هێندەی نەماوە بتکێتە خوار. سووکە ئاوڕێک دەداتەوە. دەوەندەیەک لێی نزیک دەبێتەوە… نزیکتر…

هەتاو پشتی گەرم کردووە. ئێستا ئیتر سێبەری خەنیمەکەی وەپێشی کەوتووە. شەرم لە خۆی دەکا. لە شەرمان کەم دەمێنێ ببێتە دڵۆپێک ئاو. دڵۆپە ئارەقەکەی نێو چاوانی دەتکێتە خوار.

بەناچاری چاوی دەسێبەرەکە بڕیوە. ئەو سێبەرە لە بەر چاوی دەڵێی جندۆکەیە و سەما دەکا. خۆ دەکوتێ هەتا بیگاتێ. بە هەموو هێزی‌یەوە هەڵدێ. وەک باڵندە باڵ لێدەدا بەڵکوو بتوانێ بفڕێ. ئای چەند خۆش دەبوو توانیبای…

دڵخۆشی خۆی دەداتەوە:
“با باڵیشم نەبێ، رەنگە پیاو بتوانێ بە لاقەکانیشی بفڕێ. ئا، دەتوانێ، دەبێ هێندە توند هەڵێم لاقێکم نەگانەوە سەر زەوی ئەوی دیکەیان هەڵگرم. دەبێ لە حەوای لاق لێدەم”.

هەر وا چاوی لە سێبەرەکە بڕیوە کە دەوەندەکە بە دوای خۆیدا دەکێشێ. وەدوا کەوتووە. تووڕەیە. چاوەکانی ئاوریان لێ دەبارێ و چیڕە چیڕی ددانەکانی دێ. دەڵێی لە داخان ئێسک و پەراسووی “غیرەت”ی تێک دەقرمێنێ. سەر هەڵدێنێ، نیگاکانی بەرەو خەتتی کۆتایی دەڕۆن و … لە خەتتەکەش تێدەپەڕن. ئای بریا هەنگاوەکانی وەکوو تیشکی چاوەکانی تیژ رۆیشتبان.

رایەڵی نیگا کۆ دەکاتەوە و تا پێش دەمی خۆی دێنێتەوە. هەر دووسەد میترێکی ماوە. ئەگەر هەر وا بچێتە پێش دۆڕاوە. لە خەیاڵیا زەوی زار لەبەر یەک دەباتەوە و هەڵیدەلووشێ. هەست بە نامۆیی‌یەکی سەیر دەکا. تەنیا لە وڵاتێکی نامۆ. ناهومێدی سەری پێدادەخا لە نەکاو چاوی بە نووسراوەکەی سەر کراسە وەرزشی‌یەکەی دەکەوێ؛ پارێزگەی کوردستان.

ورەیەکی تازە پەیدا دەکا. دەڵێی منداڵێکی لە دایک هەڵبڕاوە و لە پڕ تووشی دایکی دەبێتەوە. وەخۆ دێتەوە. پەنجەکانی بۆ لای لەپی دەستی خوار دەکاتەوە. گەرووی ناهومێدی دەکوشێ… دەکوشێ… دەیخنکێنێ.

کاتی ماڵاوایی دێتەوە بیر: دایکی چاوەکانی بە چەند دڵۆپ فرمێسکی دڕدۆنگی شوشت و باوەشی بۆ کردەوە. خۆی هاویشتە نێو باوەشی. دایکی پێی وت: “رۆڵە گیان، هیوادارم کە هاتیشیەوە بە سەر بڵیندی باوەشت بۆ ئاوەڵا کەم”.

دەنگی بڵیندگۆکە وەک نەشتەر لە هەموو ئازاری بەدەنی رۆچوو، وەخۆی هێناوە:
“چی وای نەماوە بۆ هێڵی کۆتایی، تاوێکی دیکە… ئیتر ئارەقی لەشی بە دڵۆپ نەدەژمێردرا. کراسەکەی تەڕ ببو. تەڕایی کراسەکەی ناوی کوردستانی بەسەر قەلبی‌یەوە نووساندبوو. دڵی زۆر بە توندی لێی دەدا. گوێی بۆ شل کرد. دەنگی دڵی وەک جاران نەبوو. دەنگێک نەبوو، دەتکوت ملیۆنەها دڵە. راچەنی، کاتێک زانی دڵی هەموو کوردستان لەنێو دڵیدا لێدەدا.

وردە وردە هەنگاوەکانی بەهێز بوون. ئیتر هەنگاوی دوو کەس، سێ کەس، دەیان کەس نەبوو… هەنگاوی هەموو کوردستان بوو بەرەو پێشیان دەبرد.

لە خەتتی کۆتایی نزیک دەبۆوە. مەودای لەگەڵ دەوەندەی پێش خۆی کەم کردبۆوە و هانکە هانکی هەناسەکەی گوێ لێدەبوو. توندتر هەڵدەهات. ئەوەندە توند کە ئیتر هەستی دەکرد وردە وردە لە زەوی جوێ دەبێتەوە و بە لاقەکانی دەفڕێ. لە حەوای لاق لێدەدا. دەگەڵ خەنیمەکەی لە یەک خەتتدا بوون و دەگەڵ خەتتی کۆتایی تەنیا دوو هەنگاویان مەودا بوو. دایکی وەبیر هاتەوە و باوەشە ئاڵاوەکەی. باوەشی ئاوەڵای هەموو نیشتمان. دوو هەنگاوەکەش هاوێژران… کێ بەرکێ کۆتایی. هات. دەوەندە کوردەکە لە خۆچوو. ئاگای لە خۆی بڕا. بڵیندگۆکە کەوتە هاوار:….

*سەرچاوە: گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی سروە، ساڵی شەشەم، رەزبەری ۱۳۶۹، ژمارەی ۵۱، لاپەڕەی ۴۷ و ۴۸.

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا