ئاههنگی دەرچوونی دووەمین خولی خوێندکارانی زمان و ئەدەبی کوردی

بە بۆنەی دەرچوونی دووەمین خولی خوێندکارانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردییەوە ئاهەنگێک له زانکۆی کوردستان لە سنه بەڕێوەچوو. ئەم ئاهەنگە خنجیلانەیە لە ڕێککەوتی ۹ی ڕەزبەری ۱۳۹۹ی هەتاوی لە کەمپسی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستاندا و بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی سنووردار بەڕێوەچوو.
جێگای ئاماژەیە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی (۲۰۱۵ی زایینی) لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دامەزرا و یەکەم خولی دەرچووانی ئەو بەشە کە ژمارەیان ۳۷ خوێندکار بوو ساڵی پار بڕوانامەی کارناسییان (بەکالێریوس) وەرگرت و لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا سوێندی دەرچوونیان خوارد. ئەمساڵیش خولی دووەمی خوێندکارانی دەرچووی ئەو بەشە کە ژمارەیان ۳۳ کەسە بڕوانامەی کارناسییان پێبەخشرا.
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی هەموو ساڵێک لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی کونکووری سەرتاسەرییەوە پۆلێک خوێندکار وەردەگرێ و ئێستا ۱۶۵ خوێندکار لەو بەشەدا خەریکی خوێندنن. بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە خاوەنی ۴ مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردییە و سەرۆکی بەشەکەش بەرێز د. بەختیار سەجادی-یە کە پرۆفێسوری هاوکارە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیسیدا. د. سەجادی لە ڕەوتی دامەزرانی ئەو بەشەدا دەوری سەرەکی گێڕا و بەرنامەی خوێندن و جۆری وانەکانی ئەو بەشەی لە ساڵی ۱۳۸۱دا (۲۰۰۲) داڕشت.
سهرچاوه|ماڵی کتێبی کوردی