بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندنەوە
خالید عەبدوڵاهی
لە کاتێکا ساڵی نوێی خوێندن دەس پێ دەکاتەوە کە ڕەنج و ئازارەکانی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تەشەنا دەکا و نابەرابەری و نایەکسانی لە هەموو بوارەکاندا زیاتر زەق دەبنەوە. بێکاری، نابەرابەری ئابووری، تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ دام و دەزگا پەروەردەیی و فێرکاریەکان، بایەخ نەدان بە داهاتی کەم داهات و خانەنشینان و چینی ژێر دەستی کۆمەڵگا و هتد بە جوانی هەستی پێ دەکرێت. پۆلێن بەندی کردنی قوتابخانەکان و قوتابیان بە شێوازێکی نادیموکڕاتیک، مافی پەروەردەیی یەکسان بە کەمینە ئەتنیکی و ئایینیەکان و دەیان گرفتی دیکە کە حاشایان لێ ناکرێت. ئەم گرفتانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لە سەر پەروەردە دائەنێن و ئەو کەسانەی بڕوایان بە پەروەردەیەکی ئەکتیڤ هەیە کە سزاواری ناوی” پەروەردە” بێت هەست بە ئەم قەیرانە دەکەن.
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا پەروەردە دەتوانێ ئەم دۆخە نەشیاوە بخاتە ژێر پرسیار و هەوڵ بدات بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەک کە تاکەکان تیایدا کەمتر خۆ ویست بن و زیاتر هەوڵ بدات بۆ ئەوەی لە بواری تاکە کەسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕزگاری دەر بێت؟ ئایا دەتوانێ بە شێوازێکی بنەڕەتی لەم بوارەدا ڕۆڵ ببینێ؟ بە داخەوە ئاستی پەروەردە لەم وڵاتەی ئێمەدا لە لایەن بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی پەروەردەییەوە دابەزیوە و هەموو پلان و بەرنامەکانی ئەوان کورت کراوەتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە چۆناوچۆن لە کەمبوونی مامۆستا و کەمبوونی شوێنی خوێندن واتە قوتابخانە، قوتابیان دابمەزرێنن و بە زۆرە ملی نۆڕمی کلاسەکان بەرنە سەرێ ڕێژەی نزیک بە ۴۰ قوتابی لە پۆلێکدا جێگیر بکەن، ئیتر بۆ ئەوان گرینگ نییە کە ئایا پەروەردەیەک دێتە ئاراوە یان نا! دواتر بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی مامۆستا، ئەو پلان و گەڵاڵانەی بۆ پڕکردنەوەی کلاسەکان دای ئەڕێژن بە زۆری ڕووخێنەرن و بە تەرح و گەڵاڵەی نابەرپرسیارانەوە سەعات کاری قوتابخانەکان پڕ دەکەنەوە. بەشێکی کێشەکە ئالێرەوە دەست پێ دەکات کە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان زۆر ئاسایی ئەسڵی ۳۰ ی یاسای بنەڕەتییان ژێر پێ خستووە و زۆر وشیارانە پەروەردەیان بەرەو بە ئەهلی کردنی قوتابخانەکان و پۆلێن بەندی کردنی قوتابیان بردووە کە خەسارێکی زۆری بە پەروەردە گەیاندووە و ئەم شێوە هەڵسوکەوتە لەگەڵ قوتابیان زۆر نادەروەسانە و نازانستیانەیە. ئاکامی ئەم ناپسپۆڕی و نابەرپرسیارەتییە لە ئاست پەروەردە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا و بە جوانی دەری خستووە کە پەروەردە لەم وڵاتەدا بەم شێوازە نەک نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕ و گۆڕان دروست بکات بەڵکوو لەوانەیە بەرە لە دوای بەرە خەسار بە کۆمەڵکا بگەیەنێت. لێرەدایە کە ئەرکی مامۆستایانی دەروەست و ئەنجومەنی سینفی مامۆستایان قورستر دەبێت.
ئەبێ ڕەخنەگرانە بێنە مەیدان و شێلگیرانە خەبات بکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێکهاتەیەکی پەروەردەیی کاریگەر و ئەمڕۆییانە، لەوانەیە ئەرکێکی زۆر قورس بێت بەڵام مرۆڤ هەمیشە بە هیواوە ژیاوە و دەبێ هەورازەکان ببڕین و بانگەوازی ئەوە بکەین: وڵاتێک کە پێکهاتەی پەروەردەیی لێهاتوو و دیموکراتیکی نەبێ ناتوانێ کۆمەڵگایەکی شیاو بۆ بەرەی داهاتوو دەستەبەر بکات.
هێمن گوتەنی:
کەند و کۆسپ هەنگاوم پێ ناکا شل
بێتە سەر ڕێم هەزاران گابەردی زل
بە هێزی شان و باهۆ پێی دەدەم تل
دەڕۆم بەرەو ئاسۆ بەرەو ئاسۆی ڕوون
دەڕۆم دەڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون